وەزیری تەندروستی كاتی كۆتاهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

:: PM:04:25:02/04/2020 ‌
هاوكاتی هۆشداری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە دوو هەفتەی كۆتایی ئەم مانگە، وەزیری تەندروستی دەڵێ، كۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو، كۆتایی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، جەعفەر عەلاوی وەزیری تەندروستی حكوومەتی عێراق، كاتی كۆتاهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە عێراق راگەیاند.

وەزیری تەندروستی لە میانی بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تەندروستی ناوچەی رۆهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رێكی خستبوو لە رێگەی فەرمانگەی تەلەفزیۆنی داخراو تایبەت بە گفتوگۆ كردن بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆڤید 19/، ئاماژەی بەوە دا كە كۆتایی مانگی ئایاری داهاتوو، كۆتایی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت.

وەزیزی تەندروستی: ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، کۆتایی مانگی ئایار مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی دێت


عەلاوی كۆتاهاتنی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەستەوە بە پابەندی هاووڵاتییان بە قەدەغەی هاتوچۆ و پابەندییان بە رێنوێنییە تەندروستییەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا لەسەر ئاستی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان وەك پێویست پابەند نین بە قەدەغەی هاتوچۆ، بەشێك لە خەڵك و پیاوە ئاینییەكان بانگەشەی چارەسەر دەكەن بە سەردانكردن بۆ مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانی شیعە.

قسەكانی وەزیری تەندروستی عێراق، هاوكاتە لەگەڵ هۆشداری رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە هۆشداری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم راگەیاند، بەتایبەت لە دوو هەفتەی كۆتایی ئەم مانگە.

جێی باسە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق بێت، لە سەرانسەری عێراق 734 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەم ژمارەیەدا 52 كەس گیانیان لە دەست داوە و 182 كەسیش چاك بوونەتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق