ئایا ڕاستە سیخوڕە؟.. بۆچی سۆران عومەر جێی متمانە نییە؟

:: PM:05:04:02/04/2020 ‌
سۆران عومەر یەكێكە لە پەرلەمانتارانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، دوو خولی پەرلەمانە ئەندامی ئەو فراكسیۆنەیە، بەڵام بەهۆی كردەوەكانی و ئێستە لەناو فراكسیۆنەكە و حزبەكەیش متمانەیان پێ نەماوە.

سەرچاوەیەك لەناو كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، سۆران عومەر ماوەی چەند ساڵێكە بەتەواوی لە پێڕەوی كۆمەڵ لایداوە و لە بەشێك لە كۆبوونەوەكانی فراكسیۆنی كۆمەڵیش بەشداری ناكات.

یەكێك بووە لە قوتابییەكانی ئەنسارئیسلام
سەرچاوەكە دەڵێ‌، چەند ساڵێكە بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەی كە سۆران عومەر كار بۆ كەسێكی ناو حزبێكی دیاری كراو دەكات، لە بەشێك لە كۆبوونەوەكانیش بەشداری پێ ناكرێ‌. هەروەها دووپات دەكاتەوە كە بەهۆی ئەوەی بووەتە هۆكاری تێكداری پێوەندییەكانی كۆمەڵ لەگەڵ چەندان لایەنی سیاسیی ئێستە لەناو حزبیش ئەو گرنگییەی نەماوە.

سۆران عومەر كە پێشتر ئیسلامییەتی توندڕەوبووە و چەندان بەڵگە و وێنەی لەسەرە كە یەكێك بووە لە قوتابییەكانی ئەنسارئیسلام چەند بۆ لە بیركردنی مێژووی خۆی پەلاماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدات.

دوایین جار سۆران عومەر پەلاماری سەرۆك وەزیرانی كوردستانی دا و چەند زانیارییەكی لەبارەیەوە بڵاو كردەوە، بەڵام دوێنی نووسینگەی سەرۆ وەزیرانی كوردستان بە توندی وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەیان دایەوە و پێیان راگەیاند كە ئەگەر بەڵگەی بۆ هەرشتێك هەیە لەسەر حكوومەت و سەرۆك وەزیران پێویستە لەبەردەم دادگا بیسەلمێنێت و لەسەر درۆیەكانی لە یەكی نیسان درایە دادگا.

بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان دووپات دەكەنەوە كە سۆران عومەر سیخوڕی دەكات بۆ كەسێكی ناو حزبێكی دیار كراو. شوان كەریم پەرلەمانتاری كوردستان ئەوە ناشارێتەوە و دەڵێت " بە پەلاماردانی حكوومەت سۆران عومەر دەیەوێ‌ مێژووی خۆیمان لە بیر بباتەوە".

چەند ساڵێك لەمەوبەر بەتەواوی كردەوەكانی سۆران عومەر بوونە جێی گومان
چەند ساڵێك لەمەوبەر بەتەواوی كردەوەكانی سۆران عومەر بوونە جێی گومان. لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا مەلا كرێكار سەركردەی پێشووی ئەنسارئیسلام، ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی بە سیخوڕ و بەكرێگیراوی ئێران و لاهوور جەنگی تۆمەتبار دەكات.

مەلا كرێكار لە گرتە ڤیدیۆكە دەڵێ، سۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، هات جاسووسی كرد پێش ئەوەی بێ بۆ ماڵی ئێمە،  سیخوڕی لەسەر ئەبو موسعەبی زەرقاوی و ئەبو محەمەدی مەقدیسی كرد، ڕۆیشت بۆ ئوردن و چوو بۆ پرسەی ئەبو موسعەبی زەرقاوی و چوو بۆ ماڵی ئەبو محەمەدی مەقدیسی و گوتی محەمەدی كوڕتان من لە پێنجوێنەوە وەرم گرتووە و بردوومە بۆ بیارە.

هەروەها دەڵێ، وێنەیەكی لەگەڵ من هەبوو كە دیاری بە پێشمەرگەكان دەبەخشین لە گوڵپ، وێنەكەی بە ماڵی محەمەدی مقدیسی پێشان دا و گوتبووی كە ئەو زۆر نزیكە لە مەلا كرێكار، ئەوانەی كرد بۆ ئەوەی وردە وردە بچێتە ماڵەكانیان و سیخوڕییان بەسەرەوە بكات، ئەوە جاسووسی ئێران و پیاوی كەسێكی ناو حزبێكە.

لە بەشێكی تری قسەكانی كرێكار دەڵێ، دواتر هاتە ماڵی من و زۆر وێنەی گرت، ئەو شوێنەی ئەو وێنەكانی ماڵی منی لێ گرتبوو، هەواڵگری ئەمەریكی هاتن شەش سەعات لەو شوێنە مانەوە بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش كامێرایان بەرامبەر ماڵی من دانا و چاودێری ماڵەكەمیان دەكرد، پاشان بەناوی ڕۆژنامەنووسەوە 14 كەس هاتن یەكێك لەوانە هەر ئەوەبوو كە لەو ئۆتۆمبێلە وێنەی ماڵی منیان دەگرت و یەكێكی تریشیان بەرپرسی كۆماندۆ بوو لە بەعقووبە، بۆیە ئەوەیە سۆران عومەر سامری ناو كوردە و هیچ كات متمانەی پێ نەكەن. هیچ شتێكم بەرانبەری نییە و ئەویش هیچ شتێكی بەرانبەرم نییە، وەك كوڕی خۆیشم چووم بۆ داوای ژن بۆی.

هەرچەندە سۆران عومەر هەڵوێستەكانی تەنیا بەرانبەر حكوومەت و رووداوەكانی هەولێرە، بەڵام لەچوارچێوەی فەیسبووكەكەی خۆی تێپەڕناكات. هەندێك لەچاودێرانیش دەڵێن، بێدەنگی ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ بەرانبەر رووداوەكانی سلێمانی بەتەواوی گومانی دەخاتە سەر كە تائێستە قسەی لەدەم نەهاتووەتە دەرەوە.

دوایین رووداو هەڵكوتانە سەرماڵی ڕۆژنامەنووسێك بوو لە پێنجوێن كە گومان دەكرێ‌ دۆسییەكی هەواڵگری نێوان دەزگای زانیاری و ئێران بێ‌، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژنامەنووسەكە لەبواری مافی مرۆڤ كاردەكات، بەڵام سۆران عومەر هیچ هەڵوێستێكی نەبوو هاوشێوەی هەموو ئەو رووداوانەی تر كە لە سنووری سلێمانی روودەدات.

رەنگە ئەو كردەوانەی سۆران عومەر لە داهاتوو هۆكار بێ‌ تا كۆمەڵ بە ڕژدی هەڵوێستی لەبەرانبەر وەربگرێ‌ و دەری بكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم