چین بە مۆبایل چاودێری تەندروستیی هاووڵاتییانی دەكات

:: PM:08:47:02/04/2020 ‌

چین یەكەم وڵات بوو كە ڤایرۆسی كۆرۆنای تیادا بڵاو بووەوە، هاوكات یەكەم وڵات بوو كە بە شێوەیەكی سەركەوتوانە كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەی كرد، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو كۆنترۆڵكردنە ئەو تەنكنۆلۆجیا پێشكەوتوەیە كە بەكاری دێنێت، ئێستە مۆبایلی چینییەكان بەرنامەیەك لەخۆ دەگرێت، تووشبوون یان نەبوونیان بە كۆرۆنا پێشان دەدات.
چین كەرتی كار بەرەو ئاساییبوونەوە دەبات
لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین رووی لە كزیی بڵاوبوونەوە كردووە، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری رابردووەوە، ژیانی هاووڵاتییانی چین و جموجۆڵەكانیان بە سێ رەنگەوە پێوەستە كە لەسەر مۆبایلەكانیان دیار دەكەوێت، ئەوانیش رەنگەكانی سەوز و زەرد و سوورە، ئەوانە بوونەتە پێشاندەری تەندروستی خاوەن مۆبایلەكە لە رووی تووشبوونی بە كۆرۆنا.

ئەو سیستمە لەلایەن حكوومەتی چینییەوە لەسەر مۆبایلەكان بەكاردێت بەناوی "داتا گەورەكان"، ئەوەیش لەپێناو فرەوانكردنی چاودێریكردنی بۆ ئەو نەخۆشییە لەناو كۆمەڵگەدا، رەنگی سەوز ئاماژەیە بۆ تەندروستییەكی باش، واتە بەكارهێنەری مۆبایلەكە نیشانەكانی كۆرۆنای نییە و دەتوانێت سواری میترۆ و چوونە هوتێل و شاری ووهان بێت. 

هەرچی رەنگی سوورە، واتە بەكارهێنەری مۆبایل نیشانەكانی كۆرۆنای لەسەر دەركەوتووە وەك تا، كەچی رەنگی زەرد، مانای ئەوەیە ئەو كەسە پێوەندی بە كەسێكی تووشبووەوە هەبووە و پێویستە ئەو كەسە لە كەرەنتینە یان لە ماڵەوە بێت، بۆیە ئەوانەی رەنگی سوور یان زەردیان لەسەر مۆبایلەكانیانە، نابێت لە دەرەوە پیاسە بكەن. 

شایەنی باسە ئەو بەرنامە و ئاسانكارییە، بەشێكە لە هەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی چین بۆ بووژاندنەوەی ئابووری چین و رێگرتن لە زیادبوونی قەبارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، بە مەبەستی دووبارە گەڕانەوەی كرێكاران و كارمەندان بۆ كارگە و نووسینگە و ماركێتەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل