پێكوتەیەك ئەنجامی باشی لەسەر مشك دەبێت

:: PM:09:26:02/04/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەت و ناوەندەكانی توێژینەوە و پزیشك و زانایان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و پێكوتە بۆ ئەو پەتایە، كە تا ئێستە زیاتر لە 50 هەزار كەسی كوشتووە، زانایانی ئەمەریكا لە تاقیكردنەوە سەرەتاییەكانیان لەسەر مشك سەركەوتن بەدەست دێنن. 
هەوڵەكان بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا بەردەوامە
تیمێك لە زانایان لە كۆلێجی پزیشكی بیتسبێرگ لە ئەمەریكا، توانیان هەنگاوی سەرەتایی و سەركەوتوو بەرەو بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بنێن، ئەوەیش دوای ئەوەی دەستیان بە تاقیكردنەوەكانیان لەسەر جۆری تری ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، كە هەوكردنی توندی سییەكان و شێوانی ئەندامی هەناسەدان دروست دەكەن. 

ئەندریا گامبۆیۆ، مامۆستای یاریدەر لە كۆلێجەكە گوتی، ئەو ڤایرۆسانەی تاقیكردنەوەمان لەسەر كردوون، زۆر پێوەستن بە "سارس سی ئۆ ڤی2"، فێری ئەوەمان دەكەن كە جۆرێكی دیاریكراوی پرۆتین بەناوی "سپایك"، پێویستە بۆ بوونی پارێزی لەو ڤایرۆسانە، بۆیە دەزانین چۆن رووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە نوێیەی كۆرۆنا ببینەوە.

ئەو پێكوتە بەناوی "بیتكۆ فاك"، لەكاتی تاقیكردنەوەی لەسەر مشكی تاقیگە، توانی لە ماوەی دوو هەفتەدا بەرگری لەش و هەڵچوونی دژە تەنەكان لەدژی ئەو ڤایرۆسە دروست بكات، بەڵام توێژەران لەو كۆلێجە دووپاتیان كردەوە كە بەهۆی كورتی ماوەی توێژینەوەكە، ناتوانن دیاری بكەن تا چەند بەسەر كۆڤید19 كاریگەر دەبێت و ماوەی كاریگەرییەكەیشی چەند دەبێت، بەڵام توانراوە بۆ ماوەی ساڵێك بەلایەنی كەم بەرگری دروست بكات، بۆیە ئەوان هیوایان وایە لە ماوەی چەند مانگێكی تر لەسەر مرۆڤی تاقی بكەنەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل