46 كەس لە زیندانەكانی سلێمانی بێ‌ كەفالەت ئازاد كراون

:: PM:08:49:04/04/2020 ‌
بەپێی لیستێك كە لە دادگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ژمارەیەك راگیراو لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بەكافەلەت و بێ كەفالەت ئازاد كراون.

لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ئەو هاووڵاتییانەی راگیرابوون، بڕیاری ئازادكردنیان بە كەفالەت بۆ دەرچووە
لە كۆی ئەوانەی كە راگیراون و دواتر ئازاد كراون، 46 راگیراون بە مادەی جۆراوجۆر ئازادكراون و هیچ جۆرە كەفالەتێكیان نەداوە، گوتەبێژی دادگای سلێمانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكەن ئەوانە كەفالەت بدەن.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، عومەر ئەحمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستە، دادگاكانی لێكۆڵینەوەی سەر بە دادگای تێهەڵچووەوەی ناوچەی سلێمانی، لە سنوری دادگای سلێمانی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ئەو هاووڵاتییانەی راگیرابوون، بڕیاری ئازادكردنیان بە كەفالەت بۆ دەرچووە.

زیاتر گوتی، بەشی زۆری ئەو راگیراوانە بە دانانی كەفالەت و بارمتە ئازادكراون، بەڵام ژمارەیەك لەوانە كە 46 كەس دەبن ئازادكراون، بەڵام هیچ كەفالەتێكیان دانەناوە.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، بەشێك لە راگیراون بەهۆی ماددەكانی دەستگیركردنیان هیچ جۆرە ئازادێك بوونێك نایانگرێتەوە و ئێستەش راگیراون و ئازاد نەكراون تەنانەت بە دانانی كەفالەتیش.

پێشتر داواكاری گشتیی بۆ رێكخستنی كاروباری زیندانییەكان لیژنەیەكی پێكهێنابوو تا بە كەفالەت بۆ ماوەیەك ئازاد بكرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم