ئەنجامی پشكنینی 250 هاووڵاتی گەڕاوە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

:: PM:03:28:05/04/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی ڕاپەڕین ڕای گەیاند، ئەنجامی پشكنینی 250 هاووڵاتیی سنوورەكە كە زۆرینەیان لە دەرەوەی هەرێم گەڕابوونەوە، نێگەتیڤ دەرچوون.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتەكان بۆ وەرگرتنی سامپڵی تایبەت بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەك سامپڵ لە هەندێك هاووڵاتی گومانلێكراو وەرگیراون.

لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین نموونەیان لێ‌ وەرگیرا 
ڕوون كراوەتەوە، ئەوانەی لەدوای 15ـی شوبات لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان گەڕابوونەوە، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین نموونەیان لێ‌ وەرگیرا، خۆشبەختانە هەر 250 سامپڵەكە ئەنجامەكەیان نێگەتیف دەرچوو.

باس لەوەش كراوە، ئەو كەسەی لە سەنگەسەر تووشی كۆرۆنا بووبوو، چاك بووەتەوە و تەندروستی جێگیرە، ئێستە دۆخی تەندروستی ناوچەكە باشە و پێویستە هاووڵاتییان زیاتر پاپەندی ڕێنوێنییەكان بن.

 ئێستە لە هەرێمی كوردستان 233 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە و 85 كەس چاك بوونەتەوە و سێ‌ كەس گیانیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد