پزیشكێكى عێراقى، توێژینەوەیەكی نوێ له‌سه‌ر كۆرۆنا ئاشكرا ده‌كات كه له دنیادا قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت و بڵاووبوهتهوه، گوایه ئەو وڵاتانەی تیایاندا كوتان دژی نەخۆشیی سیل جێبەجێ كراوە مردنیان بە كۆرۆنا كەمتره.
ڤاكسینی دژی سیل نەك تەنها بۆ نەخۆشی بەكتریایى بەڵكو بۆ دژی نەخۆشییە گوازراوەكانیش كار دەكات
ئەمڕۆ یه‌كشه‌م پێنجى نیسان، د. نایف هاشم لە تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، له توێژینه‌وه‌كانى پزیشكى سویسڕا و چین ئه‌وه یه‌كلا كراوه‌ته‌وه كه ئەو وڵاتانەی تیایاندا كوتان دژی نەخۆشی سیل جێبەجێ كراوە مردنیان بە كۆرۆنا كەمتره به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ئه‌گه‌ر كهمتهخهمیى بكات به دڵناییه‌وه ئه‌و کوتانەیشی له منداڵی‌دا لێ دابێت، هه‌ر تووش ده‌بێت بۆیه باشترین ڕێگا خۆپاراستن و كه‌رنتینه له ماڵه‌وه.
زیاتر گوتى، "به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بێته‌وه كه ڤاكسینی دژە سیل وه‌ك چاره‌سه‌ر به‌كار نایه‌ت وه‌ك به‌رگى به‌كاردێت كه له ڕابردوودا ده‌بێت لێت دابێت نه‌ك ئێسته، پێویسته هه‌ووان ئه‌وه بزانن كه ڤاكسینی دژی سیل نەك تەنها بۆ نەخۆشی بەكتریایى بەڵكو بۆ دژی نەخۆشییە گوازراوەكانیش كار دەكات."
ڕوونى كرده‌وه، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌خۆشیی سیل به یه‌كێك له په‌تـا به‌ربڵاوه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت له سه‌رانسه‌ری دنیا و نزیكه‌ی ملیارێك تووشبوو ئێسته بوونی هه‌یه كه هۆكاره بۆ مردن به ڕێژه‌ی به‌رز له ئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی ته‌ندروستی و هه‌وكردنی چڕی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بەکتریای سیل به‌هۆی خێرایی و زۆری له بڵاوبوونه‌وه‌ی به یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین به‌كتریاكان بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ داده‌ندرێت، چونكه ئه‌م به‌كتریایه لە سەرەتا وەک هەڵامەت خۆی دەردەخات و لە کاتی پژمین، قسەکردن، پێکەنین و هاوارکردن ئەم بەکتریایە بەرێژەیەکی زۆر بڵاو دەبێتەوە، یەک کۆکە یان پێنج خولەک قسەکردنی تووشبوو بە بەکتریای سیل رێژەی سێ هه‌زار بەکتریا بڵاو دەکاتەوە كه به ژمارەیەکی مەترسیدار هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه زۆربه‌ى نیشانه‌كانى هاوشێوه‌ى ڤایرۆسى كرۆنان به‌ڵام تاكو ئێسته به‌رده‌وامن له توێژینه‌وه له دنیادا و كه‌س ڤاكسینى نه‌دۆزیوه‌ته‌وه."
نەخۆشیی سیل جاران بەو نەخۆشییە ناسرا بوو كە لەكاتى مردنی نەخۆشەكە لە لایەن كەسوكارەكەیەوە هۆكارەكای مردنی كەسەكەیان دەشاردەوە، هه‌روه‌ها نەخۆشییەكە لە رێگەی هەناسە و كۆكە و بەڵغەم لە نەخۆشەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی تر، ئێستە چارەسەری تەواو و پێویست هەیە بۆ ئەوەی تووشبوانی ئەم نەخۆشییە چاك ببنەوە.