ژاکاو کۆچی دوایی کرد

:: PM:08:59:05/04/2020 ‌

ناسر ئاغابرا شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراو بە "ژاکاو" دوای ساڵانێک بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی دڵ، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

ئەمڕۆ یەکشەم (پێنجی نیسان) لە شاری مەهاباد ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناسر ئاغابرا (ژاکاو) بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا و هەر ئەمڕۆ لەو شارە بەخاک سپێردرا و مردنەکەی دەنگانەوەیەکی زۆری لەناو خەڵکی بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد، چونکە بەشێک بوو لە خەم و ژیانیان و ئاوێتەی خەڵکەکەی بوو.

ژاکاو، شاعیرێکی بەبڕشت بووە و بەرهەمەکانی چەندان ڕوویان گرتبووە و لایەنی سەرەکیش تێیدا، نیشتمانی بووە و بێبەشیش نەبووە لە شیعری دڵداری و ڕووی زەقی شیعرەکانیشی ساتیر و تەنز بووە.

دوو دیوانی شیعری بە ناوەکانی "كه‌ژاوه‌ی دڵ" و "تریفه‌ی ئاوات" چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و بەرهەمێكی تری بە ناوی كۆلارە ئامادەی بڵاو بوونەوەیە. جگە لە شێعر لە بواری نووسینی تەنز، شانۆ و چیرۆك دەستێكی باڵای هەبووە.

دانیشتووی شاری مه‌هاباد بووه‌ و خێزاندار بووه‌، كچێك و كوڕێكی هه‌یه‌.

نموونەیەك لە شیعری ژاكاو
دڵ لە زیندانی سكەندەر وەڕەزه و چاری نییە
لە هەموو لا تەڵبی یاری ئەكا ، یاری نییە
نە بە ئاسۆیە ئومێد و نە بە نەورۆزە گوڵم
ئاسمانی دڵم ئەستێرەیەكی دیاری نییە
دەمی ناسازییەتی و سازی خەمی خۆی ئەژەنێ
یەكە ئوستادە ، وەلی داخی دڵم تاری نییە
چدەكەن مەنعی دڵم گەر لە دەمی مەی دەڕژێ
بیەوێ خۆشی لە سێدارە بدا ،داری نییە
نییە مرواری لە بەحرا كە دڵم وێڵی نەبێ
یەكە غەوواسی وەلی،ئەو چەمە چبواری نییە
وەرە ئەی بادی بەهاری بە گوڵەندامێ بڵێ
موژەكەی كاریترە، مەرحەمەكەی كاری نییە
بە نەمی بادە دەپشكوێ دڵە بێ ڕەونەقەكەم
خۆ شكور بادە هەیه،هاودەمی مەی‌خواری نییە
نییە یارێكی بەدڵ هەوری دڵی پێ بڕەوێ
سوڕی ئەم چەرخە دەڵێ دەوری وەفاداری نییە
ئەگە یار و ئەگە نایاری ، لەشت بێ وەی بێ
قەدەكەم كورتە برا، هێزی منەتباری نییە
شووڵی هەڕڕاجە كە دەیدا لەسەرم دەستی فەلەك
كەسەر و داخ ، كە ئەم گەوهەرە كڕیاری نییە
سەدەیەك ڕێ دەبڕێ ڕەخشی خەیاڵم بەدەمێ
كێیە پێی وایە كە ئەو میلەتە شاسواری نییە!


وشە - كوردۆ شابان