هۆكاری جیاوازی دەركەوتنی نیشانەكانی كۆرۆنا

:: PM:09:43:05/04/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك كێشەیەكی نوێی تەندروستی هێرشی كردە سەر تەواوی مرۆڤایەتی و تا دێت زانیاری زیاتر لەبارەی پەتاكە ئاشكرا دەبێت، ئێستە توێژەر و زانایان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، بۆ لێكۆڵینەوە لە رۆڵی جینەكانی مرۆڤ لە تووندی تووشبوون و دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون و جیاوازی لە كەسەكان بە پێی تەمەنیان.
پێوەندی بە جینەكانەوە هەیە كە نەتوانراوە دیاری بكرێن
لە ماوەی رابردوو دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری جیهان، قسەی زۆر هەبوو كە ئەو ڤایرۆسە كاریگەری بۆ سەر هەموو تەمەنێك وەك یەك نییە، بۆ نموونە مەترسی لەسەر منداڵ و گەنج و ئەوانەی تەندروستیان باشە، نییە و تەنیا ئەوانە بە توندی دەیگرن و مەترسیان لەسەرە بە تەمەنەكانن.

دواتر دەركەوت كە ئەو ڤایرۆسە تەنیا هێرش ناكاتە سەر كەسانی بە تەمەن و ئەوانەیشی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەڵكو هەموو تەمەنێك دەكاتە ئامانج، لەوانەیش گەنجان و كەسانی بچووك، ئەگەر بە رێژەیەكی كەمتریش بێت، گۆڤاری "ساینس"، لەو بارەوە دەڵێت، زانایان دەستیان كردووە بە گەڕان بەدوای ئەگەری بوونی رۆڵی جینەكان لە جیاوازی تووشبوون، كە هەندێك نیشانەكەیان بە توندی بەسەر دیار دەكەوێت و هەندێكیش بە سووكی.

وەك گۆڤارەكە ئاماژە دەكات، رەنگە ئەو بابەتە پێوەست بێت بە جینەكان، كە خانەی لەشی مرۆڤ بەرەو بنیاتنانی "ACE2"، ئاراستە دەكات، ئەوەیش ئەو مادەیەیە كە ڤایرۆسەكە پشتی پێ دەبەستێت لە داگیركردنی خانەكان.

توێژەران هەروەها گرنگی بەوە دەدەن كە ئاخۆ جینەكانی هەندێك كەس توانای هاندانی بەرگرییە خانەكانی لەشی دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، زیاتر لە كەسانی تر، هەروەها ئەگەر هەیە، توانای بەرگریكردنی هەندێك لە دژی ڤایرۆسەكە پێوەست بێت بە سیفاتە بۆماوەییەكانی پێوەندیار بە جۆری خوێن.

تا ئێستە ئەو جینانە دیاری نەكراون كە وا دەكەن هەندێك كەس زیاتر بكەونە ژێر كاریگەری ڤایرۆسەكە، رەنگە توێژەران بتوانن لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەوە دیاری بكەن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل