سابیر ره‌شیدى چیرۆكنووس باسی ئه‌ده‌ب و ئه‌زموونى خۆپاراستن له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌كات

:: AM:11:59:06/04/2020 ‌

 

جیا لەوەی ساڵانێكە وەك نووسەر ناسراوە و ژمارەیەكی زۆر كتێبی هەیە، سابیر رەشید رۆژانە بە كاركردنیش سەرقاڵە و دووكانێكی لەناو بازاڕی هەولێر هەیە. رۆژانەی هاوڕێیان لە نووسەر و هونەرمەندان و كەسایەتییەكانی شار سەردانی دەكەن و ئەویش لە پەیجەكەی وێنەكان بڵاو دەكاتەوە. هاوڕێیانی بۆ خۆشی چەندان ناویان لە دوكانەكە ناوە، دوایین ناو "هزرخانە"یە.


لە دیمانەیەكی تایبەتی "وشە" سابیر رەشید نكۆڵی لەوە ناكات، بیری هزرخانەكەی دەكات، بەڵام ئەم ماوەیە كە بۆ خۆپاراستن لە ماڵەوە بووە، كەڵكی وەرگرتووە و چەند كارێكی ئەدەبی كردووە.

 


سابیر رەشید یەكێكە لەو رۆشنبیرانەی بەوە ناسراوە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە زۆر تێكەڵە ئێستە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ڕووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە چەند كاریگەری بەسەر تۆ هەبووە؟

لەم ماوەیەدا لەماڵەوە پرۆژەیەكی گەورەی ئەدەبی ئامادە كردووە ‌
بەڵێ راسته من هەر له منداڵییەوه وا بووم. هەمیشه حەزم له ناو خەڵك كردووە، ئێستەیش هەر وام بۆیە توانیومە نەك هەر لە هەولێر بەڵكو لە شارەكانی تری كوردستانیش ڕۆشنبیر ونووسەر و هونەرمەندان خۆشیان بوێم.

من لەگەڵ چینی بازرگان و كاسبكار و هەموو توێژەكانی تریش پێوەندیم هەیە، لەگەڵ دوكاندارەكانی جیرانم و وەرزشوانانیش هەر دۆست وتێكەڵ و تەبام و ئەوەیش سرووشت و پێكهاتەی منە و ناگۆڕێ. 

ئینجا وەرە بۆ منێك هەموو دەم لەناو خە ڵك بم دەبئ چ بارێكی دەروونی بۆ من دروست كرد بێت، بەڵام لەگەڵ هەندێش توانیم خۆم لە گرتووخانەی ماڵەوە ڕابێنم و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم زیاتر لە جاران ببمە برادەر و ئەوانیش دەرفەتی خوێندنەوە و زەمینەی لەباریان بۆ ڕەخساندووم بۆیە لەو ماوەی كەرەنتینەدا پڕۆژەیەكی گەورەی خۆم تەواو كرد كە بۆ ئەدەبی كوردی زۆر گرنگە هەروەها   پێداچوونەوەم بە دوو ڕۆمانی خۆم كرد و چەند نووسینی تری وەستاوی خۆم تەواو كرد بۆیە لە رووی دەروونییەوە ئاسوودە بووم ئەگەر چی بەردەوامیش بیری هاوڕێ و برادەرانم دەكەم.

تۆ هەر لەو شوێنەی كەسابەت دەكەی زۆربەی دیدارەكانیشت دەكەیت، خۆت ناوت لێناوە "هزرخانە"، لەو شوێنەدا زۆرترین برادەر و كەسایەتییەكانی شار سەردانت دەكەن، ئێستە چەند بیری دوكانەكەت دەكەیت؟.

بەڵێ ئەو دووكانه بۆ من بووەته شوێنی كاسبی و هەمیش وه ك ئۆفیسێكه و دۆست و برادەرانم تێدا دەبینم و لە هەموو شارەكانی كوردستان، هەموو توێژەكان سەردانم دەكەن. بە تایبەتی رۆژانی شەموو برادەرانی حاكم و پارێزەر و پیاوانی تری بواری دادوەریی و ئەفسەر و گەوره پیاوانی شار دێنه لام و رۆژانی تریش ئەدیب و نووسەرو هونەرمەندان بە هەموو جۆرەكانیانەوە سەردانم دەكەن. چا و قاوه و ئاو هەموو پێداویستی میواندارییم داناوە. ئێستە زۆر بیری دووكانەكەم دەكەم هەمیشە رۆژانی رابردوو هەراسانم دەكەن هەر دەڵێم خوایە گیان كەرەنتینه و پارێزیی كەی تەواو دەبێت و وەكو رۆژانی پێشتر بژیم.

پێشتر هاوڕێیەكی رۆژنامەنووس بابەتێكی لەسەر تۆ نووسیبوو دوكانەكەتی بە دوكانی بەشیر موشیری هەولێر ناوبردبوو، تۆیش دەڵێی هزرخانە كامیانت به ‌دڵە؟

راست دەكەی چەند ساڵێك لەمەوبەر محەمەد گۆرانی رۆژنامەنووس بۆ گۆڤاری سڤیل ریپۆرتاجێكی دەربارەی دووكانەكەم بڵاوكردەوە، چەند لاپەڕەیەك بوو، لەوێ ئەم دووكانەی منی ناوی نا بوو دووكانی بەشیر موشیر لە هەولێر.

چەند ساڵێك ئەو ناوە مایەوە و دوایی دكتۆر كەمال سەعدی هاوڕێم ناوی لە دووكانەكەم نا "قەلەندەرخانە" ئەمە لاسایی چاپخانەكەی ژینی پیرەمێرد بوو، كە جێی رۆشنبیر و نووسەرانی ئەو كاتی سلێمانی بوو.

برادەرێكی تر كە سەڵاح عومەری رۆماننووس بوو گوتی "كەشتی نووحی نەجمەدین مەلا" كە كاتی خۆی لە سلێمانی هەبوو، بۆیە ماوەیەكی تر ناوی دووكانەكەم بوو بە "كەشتی نووح".

دواجار چەند مانگێك لەمەوبەر برادەرێكی رۆشنبیرم، كە  لە قۆناغی سەرەتایی هاوڕێی من بوو، منی دۆزییەوە و زوو زوو سەردانی دەكردم و گوتی من ئەو ناوانەم پێ باش نییە،  كە لە دووكانەكەت نراون، چونكە تۆ خۆشت نووسەری بۆیە  تۆ پێت خۆش بێت یان نا، ناوی دەنێم "هزرخانە" ئەو هاوڕێیەم سالار فەریق سەرهەنگ بوو، برادەرانیش زۆربەیان بەو ناوە رازی بوون، تا ئێستە ماوەتەوە، منیش خۆشحاڵ بووم، چونكە ئەوانەی دێنە لای من زۆربەیان خاوەن هزرن.

 لە پەیجەكەت وێنەی ئەو كەسانە بڵاو دەكەیتەوە كە سەردانت دەكەن، دیارە دوایین  وێنەت لە 11ی ئاداری ئەمساڵ بووە، تا ئێستە ئەو وێنانەت كۆكردووەتەوە، دەزانی ژمارەیان چەندە؟

هەندێك  وێنەی پێشترم بە پۆستكارت چاپ كردوووە. ئەوانەی دواتریش زۆرن هێشتا لە ناو ستۆدیۆی ئایپادەكەم هەڵمگرتوون، بە تەمام ئەوانیش لە پۆستكارت چاپ بكەم. چەند برادەرێك پێشنیاریان كردووە لە شێوەی كتێب چاپیان بكەم، بەڵام جارێ ئەمە هەر بیرۆكەیە و نەمكردووتە كتێب رەنگە رۆژێك بیر لەم پرۆژەیەیش بكەمەوە. وێنەكانم نەژماردوون بەڵام ژمارەیان زۆرە.

وەك دەردەكەوێت ئێستە لە پەیجەكەت بایەخ بە وێنەی كۆن دەدەیت پێوەندییت لەگەڵ وێنەی كۆن چییە و ئەرشیفت چەندە؟

بەڵی زۆر بایەخ بە وێنەی كۆن دەدەم، چونكە بایەخی خۆی هەیە و حەزم لە ئەرشیفكردنە. نووسینەكانیشم هەموو ئەرشیفكردووە، پاراستوومن، هەروەها ئەرشیفێكی باشی وێنەی كۆنم هەیە و زۆم خۆشدەوێن بەلامەوە نرخیان هەیە. لای من ئەرشیف بەشێكە لە بوونمان وەك نووسەر مرۆڤێكی ئەم دنیایە.

لەگەڵ قەدەغەكردنی هاتوچۆ كاتت بۆ خوێندنەوە زیاتر نەبووە؟ یان بە پێی بەرنامەیەكی دیاریكراو دەخوێنیتەوە؟

ئێستە كاتم زیاترە بۆ خوێندنەوە، بەڵام وەك بەرنامە كاتەكانی خۆم دابەش كردووە بۆ خوێندنەوە و نووسین و كاری ماڵەوە و پشوو. ئێستە كاتم زیاترە بۆیە بۆ خوێندنەوە تەرخانی دەكەم و بە فیڕۆی نادەم.

لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەرگی كتێبێكی نوێت دانەوە بەناوی ئاوێنە 100 كورتیلە چیرۆك، بە كورتی باسی ئەو بەرهەمەمان بۆ بكە؟

ئەو كتێبەی باسی دەكەی نوێ نییە، بەڵام تازە هاورێی چیرۆكنووسم باهۆز مستەفا نووسینێكی لەسەر بڵاوكردووەتەوە، كتێبەكە بریتییە لە 100 كورتیلە چیرۆك، واتە چیرۆكی ئێجگار كورت، لەگەڵ نووسین و ئەو وەرگێڕانانەی  كە بە زمانی عەرەبی و توركی بۆ چیرۆكەكان كرا بوون. 

ئەم كتێبە لە ساڵی 2005  هاوڕێم دكتۆر شوان یابە، كە كتێبخانەی سۆرانی هەیە لە هەولێر چاپی كرد و دوایی دكتۆرعادل گەرمیانی لە زانكۆی كۆیە لە وانەی ئەدەبی كوردی وەك نموونەی چیرۆكی زۆر كورت لە ئەدەبی كوردی بە قوتابیانی بەشی كوردی دا و كردی بە وانەی پراكتیكی. ئەو كتێبە لە كتێبخانەكان نەمایەوە، بۆیە  دوایی بیرم كردەوە چاپێكی جوانتر بكەمەوە  لەگەڵ هەرچی نووسینە كە لەسەر چیرۆكەكان نووسراون، ئەوە بوو لە ساڵی 2016 لە ئێران چاپی دووەمم كرد.  ئەو كتێبە لە زۆربەی بەشی كوردی زانكۆكانی كوردستان دەخوێنرێت و تا ئێستە  20 باسی دەرچوون و دوو نامەی ماستەری لەبارەوە نووسراوە لەگەڵ چەندان وتار و بابەتی ئەدەبی تر. رەنگە پێویست بكات جارێكی تر بۆ قوتابیان چاپ بكرێتەوە.


 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل