لە كوردستان توندوتیژییەكان كەمیان كردووە و كۆرۆنا خۆشەویستیی نێوان هاوسەرانی زیاد كردووە

:: PM:12:24:06/04/2020 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆ، پیاوان و ژنان لە كارەكانیان دابڕاون لە ماڵەوە كەرەنتین كراون. یەكێتیی پیاوانی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان كۆكن لەسەر كەمبوونەوەی توندوتیژی و ئامارەكانیان، دەڵێن توندوتیژییەكان كەمیان كردووە و كۆرۆنا خۆشەویستی نێوان ژنان و پیاوانی زیاد كردووە.

بەهۆی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەمەش هۆكار بوو لەوەی زۆرینەی پیاوان كارەكانیان جێبهێڵن و لە ماڵەوە ئاكەنجی بن، جگە لەوانەی ئێستە لە ئەركدان بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ. لە بەرانبەریشدا ژنانیش كە بوونێكی بەهێزیان هەبوو لە فەرمانگەكانی حكوومەت وەك فەرمانبەر، هەروەها كارمەند لە سێكتەری تایبەت لە بازاڕەكانی كوردستان، ئەوانیش هاوشانی پیاوان ناچار بە كەرەنتین كراون لە ماڵەكانیان، ئەو دۆخە بەلای هەردوو ناوەندی چاودێری توندوتیژی دژ بە ژنان و پیاوان لە كوردستان، ئاشتی گەڕاندووەتەوە نێوان ژن و مێردەكان و توندوتیژییەكانیش كەمیان كردووە.

كوردۆ عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەڵێ، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە، توندوتیژییەكانیش دژ بە ژنان زۆر كەمیان كردووە.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" بۆ ئاماری هەشت مانگی ساڵی 2019 كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە، لە كۆی گشتی توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان كە خۆیان لە (كوشتن، خۆكوشتن، سووتان، خۆسووتاندن، سكاڵا و سێكسی) دەبینێتەوە، حەوت هەزار و 354 توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.

کوردۆ عومەر؛ خۆشەویستی و ئاشتی گەڕاوەتەوە ماڵەکان


كوردۆ عومەر بۆ "وشە" گوتی "لای ئێمە ئامارەكان زۆر كەمی كردووە، ئەگەر ئامارەكان بەراورد بكەین بە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، ئەوا زۆر كەمی كردووە، بەڵام لەبەر ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە ئاسان نییە ئامارەكانی كۆ بكەینەوە و بۆ رای گشتی رای بگەیەنین".

زیاتر گوتی "بەگوێرەی ئەو پێوەندییانەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكان و نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان ئەنجامم داوە، هەموویان دەڵێن توندوتیژییەكان زۆر كەمی كردووە، هەر لە كوشتن بگرە تا دەگاتە سووتان و سكاڵا و سێكسی".

كوردە عومە پێی وایە هۆكاری كەمبوونەوەی ئامارەكان بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە، پێش كۆرۆنا، پیاو هەبووە هیچ كات نانی لە ماڵەوە نەخواردووە و لەگەڵ ژنەكەی لەسەر یەك سفرەی خوان نەبووە، كاتی نەبووە لەگەڵ منداڵەكانی دابنیشێت، جگە لەمەش پیاوی وەها هەبووە پەنای دەبردە بەر خیانەتی هاوسەری. گوتی "ئەو پیاوانە هێندەی لە دەرەوە خەریكی موجامەلەی ژنان بوون، لە ماڵەوە دیالۆگی لەگەڵ ژن و منداڵەكانی نەكردووە، بۆیە ئەوانە كاریگەری خۆیان هەیە، بە پێچەوانەوەش ئێستە كە لە ماڵەوەن دەرفەتی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانیان هەیە و خۆشەویستی و ئاشتی گەڕاوەتەوە ماڵەکان".

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ ئەگەر توندوتیژی دژ بە ژنان كەم كردبێت، ئەوا بە قسەی سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، بۆ پیاوانیش توندوتیژییەكان كەمی كردووە.

ئەگەرچی هەرێمی كوردستان زیاتر بە ناوچەیەكی پیاوسالار ناسراوە و پیاوان دەسەڵاتی رەهایان بەسەر خێزانەكان هەیە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی یەكێتیی پیاوانی كوردستان بێت، كەم نین ئەو پیاوانەی لەلایەن ژنەكانیانەوە توندوتیژییان بەرانبەر ئەنجام دەدرێت.

سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان دەڵێ، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، خۆشەویستی لەناو هاوسەرەكان و ماڵباتەكان زیادی كردووە و كەمترین پیاو لەم ماوەیەدا سكاڵایان تۆمار كردووە.

یەكێتیی پیاوانی كوردستان، رێكخراوێكی تایبەتمەندە بە تۆماركردنی ئاماری توندوتیژی دژ بە پیاوان و بەدەمەوە چوونی كێشەكانی پیاوان لەناو كۆمەڵگەدا، بەپێی ئاماری 2019ـی ئەو رێكخراوەش بێت، 545 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە پیاوان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.

ئەژی ئیبراهیم؛ سكاڵای پیاوانیش لەسەر ژنەكانیان زۆر كەمی كردووە، بە پێچەوانەوە ئێستە خۆشەویستی گەڕاوەتەوە ناو ماڵەكان


 ئەژی ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوە، سكاڵای پیاوانیش لەسەر ژنەكانیان زۆر كەمی كردووە، بە پێچەوانەوە ئێستە خۆشەویستی گەڕاوەتەوە ناو ماڵەكان.

ئەژی ئیبراهیم زیاتر روونی كردەوە، پێشتر زۆری سكاڵاكانی پیاوان و كێشەكانیان لەگەڵ هاوژینەكانیان بەهۆی سەرقاڵی و چوونە دەرەوەیان بوو، ئێستە پیاوان بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ لە ماڵەوەن، ئەمەش دەرفەتی دروست كردووە كە هاوژینەكان زیاتر گفتوگۆ لەگەڵ یەكتری گفتوگۆ بكەن، گوتی "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، خۆشەویستی زیادی كردووە و توندوتیژی كەمی كردووە".

سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئەوەیشی نەشاردەوە كە هێشتا پیاوانێك هەن لەسەر بەكارهێنانی توندوتیژی لە دژیان لەلایەن ژنەكانیانەوە، سكاڵا تۆمار دەكەن. گوتی "بەڵام سكاڵاكان كەمیان كردووە، دەتوانم بڵێم بەرێژەی 20% كەمی كردووە".



وشە - فه‌رمان سادق