مووسڵ.. داعش چەكدارە ڕاكردووەكانی لە سێدارە دەدات

:: AM:10:23:18/10/2016 ‌

دوای شكستە قورسەكەی دوێنێ دووشەم لە یەكەم رۆژی هەڵمەتی ڕزگاركردنەوەی نەینەوا تووشی ڕیكخراوی تیرۆریستی داعش بوو لەسەر دەستی پێشمەرگە و هێزەكانی تری عێراق، ئەمڕۆ سێشەم سەرانی داعش سەرجەم ئەو چەكدارانەی لە شەڕەكان ڕایان كردووە، گرتوونی و لە نێو شارەكەدا لە سێدارەیان دەدات.

سەرچاوەیەك لە مووسڵەوە بۆ "وشە" گوتی، ئەو چەكدارانە ژمارەیان نزیكەی 70 كەس دەبێ و لە شەڕەكانی دوێنێ بەتایبەت لە میحوەری خازر لە ترسی گورز و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە، توانای شەڕیان نەماوە و بەیەكجاری ورەیان ڕووخاوە، بۆیە بە پەلە ڕایان كردووە و خۆیان گەیاندووەتە ئەو ناوچانەی ژێر دەستی داعش كە شەڕی تێدا نییە.

هەروەها گوتی، دواتر لەلایەن دیوانی "حسبە" پۆلیسی ناوخۆیی داعش، سەرجەمی تیرۆریستە ڕاكردووەكان لە شەڕدا، گیراون و خراونەتە گرتووخانەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەمیش فەرمانی لەسێدارەدانیان دەرچووە و چەكداران لەناو مووسڵ خەریكن لە سێدارەیان دەدەن.

ئاماژەی دا تیرۆریستان لە مزگەوتەكان و دوور لە چاوی فڕۆكەكان، هەوڵ دەدەن ئەو چەكدارانە بكوژن و بیانكەن بە وانە بۆ هەموو چەكدارانی تر بۆ ئەوەی بوێری ئەوەیان نەبێ سەنگەرەكان چۆڵ بكەن و ڕا بكەن.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی جەنگی ڕزگاری مووسڵی ڕاگەیاند، دواتریش لە سەعات 5:30ی بەرەبەیان یەكەم پێشڕەوی لە میانەی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە میحوەری خازر دەستی پێ كرد و لە سێ قۆڵەوە بەرەو گوندەكانی دەوروبەری حەمدانییە و بەرتلە پێشڕەوییان كرد، تا ئێوارە توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و ڕووبەری 200 كیلۆمەتر دووجاش داعش دوور بخەنەوە، هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕ-مەخموور و میحوەری بەعشیقە و بەنداوی مووسڵ و ئاسكی مووسڵ جموجۆڵ هەبوون و تیرۆریستان گورزی كوشندەیان پێ كەوت.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری عێراق رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی كە ژمارەیان 60 هەزار چەكدار دەبوو، كەوتە دەست تیرۆریستان و دوای دوو ساڵ و چوار مانگ و حەوت ڕۆژ هێرش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و چەكدارانی حەشدی نیشتمانی دەستی پێ كرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د