"کوردستانێکی بەهێز" لە شەڕی کۆرۆنادا سه‌لمێندرا

:: PM:04:19:06/04/2020 ‌
هێشتا هەرێمی كوردستان لەناو تەنگژەی ئابووری و رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكات، ڤایرۆسی كۆرۆنا هێرشی كردە سەر وڵاتانی دراوسێی كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر زوو فریا كەوت و كۆمەڵێك رێوشوێنی گرتە بەر تا زۆرترین هاووڵاتیی كوردستان بپارێزێ‌.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە ئێستە لەگەڵ تیمی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا دەبینێ‌، چەندان جار دووپاتی كردەوە كە "تەندروستی هاووڵاتییان لە هەموو شتێك گرنگترە" لەسەر ئەو بنەمایەیش وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی دەستیان بە ئامادەكاری رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا كرد.

كوردستانیان نامۆ نین بە رووبەڕووبوونەوەی دۆخی سەخت
ئێستە لە كوردستان كە 277 كەس تووشبووی كۆرۆنان و لەو رێژە 87 كەس چاك بوونەتەوە و تەنیا سێ‌ كەس مردوون، دەرخەری ئەوەن كە حكوومەتی كوردستان زوو فریاكەوت و ئامارەكانیشی بەراورد بەناوچەكانی تری دەوروبەر و عێراق كەمترە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان رەوشی تەندروسیان جێگیرە. د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، لەناو تووشبووانی كۆرۆنا تەنیا یەكێكیان لەژێر چاودێری چڕە ئەوانەی تر رەوشی تەندروستیان جێگیرە.

رێكاری نوێ‌ بۆ مەرزەكان و پشكنینی فڕۆكەخانە و سنوورداركردنی گەشتەكان لە خاڵە سنوورییەكان و راگەیاندنی پشوو بریارەكانی حكوومەت بوون لەسەرەتای دەركەوتی كۆرۆنا.

د.محەمەد قادر گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەو گەر ئەو بڕیارانەی سەرەتای حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبوایە ئەوە بە دڵنیاییەوە ئێستە هەزاران كەس لە كوردستان تووشبووی كۆرۆنا بوون.

ڕوونیشی كردەوە كە قەدەغەی هاتوچۆ كاریگەری گەورەی لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی كۆرۆنا هەبووە و " بڕیارەكانی حكوومەت كوردستانی خستە قۆناغێكی تری كۆرۆنا"، بەڵام هێشتا خۆپارێزی گرنگە.

جیاواز لەم رێكارانەش، دەستپێكردنی هەڵمەتێكی فراوانی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بوو لە بارەی پەتاكە و چۆنیەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە یەكێكی تر بوو لە هەواڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، جێی دڵخۆشییە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ڕێو شوێنە توندانەی حكوومەتی هەرێم گرتییەبەر بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، توانی بە ڕادەیەكی زۆر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بپارێزێت، لەچاو وڵاتانی پێشكەوتووی وەك ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و فڕەنسا سەركەوتنێكی باشی بە دەستهێنا، چونكە ئەوان دوای تووشوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك ئیجا بڕیاریاندا ڕێكارەكان بگرنەبەر ئەمەش دوای قوربانیەكی زۆر بە ڤایرۆسەكە.

روونیشی كردەوە كە قەدەغەی هاتوچۆكان لە نێوان شارەكان و لەناو شارەكان و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان باشترین هەنگاوبوون كە گیرانەبەر بۆ پێشگرتن بەشەنە سەندنی بەڤایرۆسەكە بەجۆرێك كە دوای زیاتر لە مانگێك لە دەركەوتنی ڤایرۆسەكە، كەمترین تووشبوو تۆمار بكرێت و قوربانیانیش تۆمار بكرێت.

لە بارەی ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ترس و دڵەڕاوكێ دەخەنە دڵی هاووڵاتییان و گومان بۆ ڕێكارەكانی حكوومەت دروست دەكەن، نەزاكەت گوتی، زۆر جار لە بەرانبەر كارە ئەرێنییەكاندا كەسانێكیش بەشی ئەوە هەن كە دژی ڕێكارەكان بجووڵێنەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هانی خەڵكی بدەن بۆ گومان خستنە سەر ڕێكارەكان، ئەمانە ڕوڵێكی خراپ دەگێڕن لە ترساندنی خەڵكی.

نەزاكەت پێی وایە، نابێ ئەوەش لە بیر بكەین كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەموو كەسێكی تیایە، كۆمەڵێك هەن زۆر نا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكان دەكەن.

بەگوتەی پسپۆڕان و سەنتەرەكانی بڵاوكردنەوەی ئاماری كۆرۆنا، هەرێمی كوردستان پارێزراوترین ناوچەیە لە كۆرۆنا، چونكە بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا پەتاكە نەگەیشتووەتە ناو كۆمەڵگە و سەرچاوەی هەموو ئەوانە دیارە كە تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، 80% تووشبووانیش ئەوانەن كە بەركەوتەی كەسانێكن لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە و تووشبووی ڤایرۆسەكەن.

هاوكات رێكخراوی تەندرووستی جیهانیش، لەرووی گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی لە دژی كۆرۆنا، هەرێمی كوردستانی بە باشترین شوێن وەسف كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە پێویستە ئەو شێوە خۆپارێزییە بەردەوام بێت.

لە دوایین پەیامدا كە لە تویتەر بڵاوی كردەوە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، كوردستانیان نامۆ نین بە رووبەڕووبوونەوەی دۆخی سەخت، ئێستەش ھەموومان بەیەكەوە دەتوانین ژیانی هەرچی زیاتر لە ھاووڵاتییان رزگار بكەین و تووشبووانیش خێراتر چاك ببنەوە، ئەم شەڕەش لە دژی كۆرۆنا ببەینەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم