جەمال كۆچەر: مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێم تا 2021 دابین كراوە

:: PM:06:05:06/04/2020 ‌

لەوكاتەی چەند تەنگژەیەك روویان لە عێراق كردووە، بەشێك لە شارەزایانی ئابووری وریایی لە مەترسیداری دۆخی عێراق دەدەن، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق تیشك دەخاتە سەر دۆخی ئابووری و دارایی عێراق و ئاستی مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ئاشكرا دەكات.
دەكرێت بودجەی عێراق لە مانگی شەشیش پەسند بكرێت
جەمال كۆچەر، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئاساییە ئەگەر تا مانگەكانی نیسان و ئایاری داهاتوویش بودجە بگاتە پەرلەمان، هەرچەند لە یاسای نوێی بەڕێوەبردنی دارایی باس كراوە، دەبێت بودجەی ساڵی داهاتوو لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە كاری تیا بكرێت، بەڵام لە رووی یاساییەوە دەكرێت لە مانگی شەشیش پەسند بكرێت، چونكە دەوڵەت هەر دەبێت بودجە خەرج بكات، واتە یەكێك لە دوو بودجەی 1/12 یان بودجەی كردەنی، ئەوكاتەی بودجەی نوێ پەسند كرا، دەچییە سەر بودجەی راستەقینەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر حكوومەتی عێراق بەمنیزكانە هاتە پێكهاتن، پێم وایە بودجە لە پەرلەمان زۆر دوا ناكەوێت، وەك جاران نییە كە كاتی باش لەبەر دەست بوو، سەبارەت بە نرخی خەمڵێندراوی نەوت لە بودجە پێویستە شارەزایانی نەوت پێشبینی نرخێكی وا بكەن كە بازنەی ئاسایی و گونجاو بێت، پێم وایە نابێت نرخەكە لە 40 دۆلار زیاتر دابنرێت.

كۆچەر روونی كردەوە، دەوڵەتی عێراق لە سایەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی هەیە ناڕووخێت، چونكە یەدەگی بانكی هەیە و خاوەن نەوتیشە، بەو توانا داراییەیشی هەیە دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بۆ 2020 بدات و بەردەوام بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دووپاتی كردەوە، عێراق لە 2020 پێویستی بە 48 ترلیۆن دینار هەیە بۆ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی و هەرێمیش، ئەوەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەكەوێت ئەگەر نرخەكەی گەیشتە 20-25 دۆلاریش، دەگاتە 20-24 ترلیۆن دینار، یەدەگی بانكی ناوەندیش دەتوانێت 20-24 ترلیۆن دینار وەك قەرز دابین بكات، دەمێنێتەوە 10-20 ترلیۆن بۆ خەرجی بەكارخستن، ئەوانیش 10 ترلیۆن لە باج و رسوومات خاڵی سنووری كۆ دەبێتەوە، كە دەبێت ببێتە 23 ترلیۆن دینار، بۆیە ئەگەر حكوومەتێك بێت كە بەڕێوەبردنی باش بێت، دەتوانێت تا 2021 لەبارەی مووچەوە لە ئەماندا بێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل