تره‌مپ: گیانی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌ مه‌ترسیدایه‌

:: AM:10:13:07/04/2020 ‌
دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی بۆریس جۆنسن رای ده‌گه‌یه‌نێت، گواستنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیان نه‌خۆشخانه‌ و هێشتنه‌وه‌ی له‌ به‌شی چاودێری چڕ، بابه‌تێكی مه‌ترسیداره‌ و ئه‌مه‌ریكا هاوكاری تیمه‌ پزیشكییه‌كه‌ی ده‌كات.
چەند پزیشکێک بۆ هاوکاری تیمی تەندروستی جۆنسن رەوانەی بەریتانیا دەکرێن

ئه‌مڕۆ سێشه‌م حه‌وتی نیسان، ئاژانسی هه‌واڵی عه‌ره‌بیه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا هۆشداری دا و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند بۆ هاوكاریكردنی تیمه‌ پزیشكییه‌كه‌ی جۆنسن.

بۆریس جۆنسن به‌هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوه‌ی 10 رۆژ له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ره‌نتین كرابوو، به‌ڵام دوێنی له‌سه‌ر داوای تیمه‌ پزیشكییه‌كه‌ی گوازرایه‌وه‌ به‌شی چاودێری چڕ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی له‌نده‌ن.

تره‌مپ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رای گه‌یاند، راسته‌وخۆ پێوه‌ندیم به‌ تیمی پزیشكی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیاوه‌ كردووه‌ هه‌واڵی ته‌ندروستی جۆنسنم پرسیوه‌.

سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، دۆخی ته‌ندروستی بۆریس جۆنسن مه‌ترسیداره‌ و تیمێكی پزیشكی له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ئاماده‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ به‌ریتانیا، ئێسته‌ تاوتوێی ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ چ میكانیزمێك هاوكاری تیمی ته‌ندروستی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بكه‌ن.

دوێنێ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی دا، به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی جه‌ند حاڵه‌تێكی وه‌ك ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و تای له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ جه‌سته‌ی بۆریس جۆنسن، تیمه‌ پزیشكییه‌كه‌ی بڕیاری گواستنه‌وه‌یان دا بۆ به‌شی چاودێری چڕی نه‌خۆشخانه‌ی له‌نده‌ن.


وشە - هیدایه‌ت جان