كۆمپانیایەك بە خۆڕایی دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ هەولێر دابین دەكات

:: AM:10:55:07/04/2020 ‌
بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر ئاشكرای دەكات، ڕۆژانە بەشێوەیەكی زۆر دەرمانی دژە ڤایرۆس بەكار دەهێنین بۆ ڕشاندن كە سەرجەمی بە خۆڕایی دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، سەركەوت كاڕەش بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە چەندان تیمی بەرگری شارستانی هەولێر سەرقاڵی ڕشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆسن لە هەولێر.

سەرجەمیشی بەخۆڕایی بە بەرگری شارستانی هەولێر و شارەوانی دەدرێت بۆ پرژاندن
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی، ئەو دەرمانە بەرهەمێكی ناوخۆییە و لەلایەن كۆمپانیایەك بەرهەم دێت، سەرجەمیشی بەخۆڕایی بە بەرگری شارستانی هەولێر و شارەوانی دەدرێت بۆ پرژاندن.

باسی لەوەش كرد، جگە لەو شوێنانەی كە بەرگری شارستانی پڕژانی بۆ دەكات كە شوێنی بەركەوتنی كەسێك بە ڤایرۆسەكە یان چەند كەسێك بووە، بەردەوامیش تیمەكانمان شەقامەكان و ناو بازاڕەكان دەپڕژێنن وەك 30 مەتری و 60 مەتری و بازاڕی گەورە و هەر شوێنێك دیاری بكرێت.

ئێستە كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان بریتین لە 285 تووشبوو، 105 كەسیان چاك بوون و سێ‌ كەس گیانیان لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد