رووسیا ده‌ستى توركیا له‌ رۆژئاواى كوردستان واڵا ده‌كات

:: AM:11:33:07/04/2020 ‌
به‌گوێره‌ى دوایین زانیارى كه‌ له‌سه‌ر قه‌باره‌ى سه‌ربازى توركیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، توركیا له‌ دواى رێككه‌وتنى سۆچى له‌گه‌ڵ رووسیا هێزه‌كانى له‌ سووریا دوو هێنده‌ كردووه‌ و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیشى چوار هێنده‌ى جارانن.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت توركیا سوودمه‌ندى یه‌كه‌مه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ى له‌ سۆچى له‌باره‌ى باكورى سووریا كراوه‌، چونكه‌ دواى رێككه‌وتنه‌كه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ ژماره‌ى سه‌ربازانى توركیا له‌ سووریا زیاتر ده‌بێت و به‌رده‌وام سوپاى توركیا پاڵپشتى سه‌ربازى ره‌وانه‌ى باكورى سووریا ده‌كات.

رۆنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ زیادبوونى هێزه‌كانى توركیا ده‌كات و تێیدا هاتووه‌، توركیا دوێنێ چواره‌م بنكه‌ى نوێى سه‌ربازى له‌ ده‌شتاییه‌كانى رۆژئاواى ئیدلب داناوه‌. رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ به‌ دانانى ئه‌م بنكه‌یش هێزه‌كانى توركیا ده‌بنه‌ خاوه‌نى 56  سه‌ربازگه‌  له‌ باكورى رۆژئاواى سووریا.

توركیا ته‌نیا پابه‌ندى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌بێت كه‌ دژى رۆژئاواى كوردستانه‌


دوێنێ دووشه‌م وه‌زاره‌تى به‌رگرى توركیا راى گه‌یاند، بڕیارى داوه‌ هێزه‌كانى له‌ سووریا كه‌ره‌نتینه‌ بكات، بۆئه‌وه‌ى به‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا جووڵه‌یان سنووردار بكات، له‌ هه‌مان كاتیشدا دووپاتى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ئاگربه‌ست كردووه‌ته‌وه‌، كه‌چى وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌ به‌هێزكردنى پێگه‌ى سه‌ربازى خۆى له‌ سووریا به‌رده‌وامه‌.

 پێشتر به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنێك كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌  نێوان توركیا و ئێران و رووسیا ئه‌نجام درا بوو،  توركیا 12 بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ باكورى رۆژئاواى سووریا هه‌بوو، ئه‌و ناوچه‌یه‌یش به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ناوچه‌ى "نزمكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان" ناسرابوو.

به‌ڵام ئێسته‌ به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ ژماره‌ى سه‌ربازگه‌كانى توركیا كه‌ به‌ ناوى "خاڵى چاودێرى" ده‌ناسرێت بووه‌ته‌ 56 واته‌ دواى رێككه‌وتنى سۆچى ژماره‌ى سه‌ربازگه‌كان چوار هێنده‌ بووه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات، دوێنێ كاروانێكى سه‌ربازى كه‌ له‌ ده‌یان تانك و ئۆتۆمبیل پێكهاتبوو، له‌ ده‌روازه‌ى كه‌فرلووسینى باكورى ئیدلب بۆ ناو خاكى سووریا رۆیشتووه‌.  

هاوكات هێزێكى هاوبه‌شى رووسیا و توركیا ئۆپراسیۆنێكى گه‌ڕانیان له‌ ناوچه‌كانى رۆژئاواى كوردستان "رۆژهه‌ڵاتى فوڕات" ئه‌نجام داوه‌، كه‌ له‌ گوندى ئاشمه‌ى ده‌شتاییه‌كانى كۆبانێ ده‌ستى پێكردووه‌ و دواتر به‌ره‌و گونده‌كانى ترى رۆژئاواى شاره‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌.

توركیا و رووسیا كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنیان له‌ شارى سۆچى كردووه‌، یه‌كێكیان له‌ مانگى ئه‌یلوولى 2018 بوو تایبه‌ت بوو به‌ ئیدلب، كه‌ تا ئێسته‌یشى له‌گه‌ڵ دابێ، زۆرێك له‌ بڕگه‌كانى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

رێككه‌وتنێكى تر له‌ 22ى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2019 بوو سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاواى كوردستان بوو. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت توركیا هه‌وڵ ده‌دات به‌ پێچه‌وانه‌ى رێككه‌وتنى یه‌كه‌م، ته‌واوى ئه‌و ریًككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكات.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئه‌مڕۆی باس له‌وه‌ ده‌كات، توركیا دووپات له‌سه‌ر رێككه‌وتنى سۆچى ده‌كاته‌وه‌ و بۆیه‌ تا ئێسته‌ 39 ئۆپراسیۆنى هاوبه‌شى بۆ سه‌ركردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ كردووه‌، كه‌چى له‌ حه‌له‌ب و نزیك رێگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى M4 ئۆپراسیۆنه‌كانى گه‌ڕان و چاودێرى توركیا و رووسیا له‌ پێنجى مانگى رابردووه‌وه‌وه‌ وه‌ستاون.

ئۆڵگاى ده‌نیز گوته‌بێژى سوپاى توركیا، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى باس له‌وه‌ ده‌كات ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان رووسیا و توركیا له‌ رێگه‌ى M4  به‌هۆى خراپى كه‌شوهه‌واوه‌ راگیراون، هه‌ر كاتێك كه‌شوهه‌وا له‌بار بێت ده‌ست پێ ده‌كات.

جیاوازییه‌كه‌ زۆر به‌ زه‌قى ده‌رده‌كه‌وێت له‌ رۆژئاواى كوردستان كه‌ توركیا و رووسیا به‌ "باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا" ناوى ده‌به‌ن، تا ئێسته‌ 39 ئۆپراسیۆنى هاوبه‌شى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، كه‌چى باكورى خۆرئاواى سووریا له‌ ئیدلب و حه‌له‌ب، ته‌نیا دوو ئۆپراسیۆنى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

توركیا كه‌ ئه‌ندامى ناتۆیه‌ له‌ دۆسیه‌ى سووریا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ رووسیا ته‌با بووه‌ و كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى له‌سه‌ر سووریا كردووه‌، له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 توركیا هێرشى كرده‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان دواتر له‌ 18 مانگ رێككه‌وتنێكى ئاگربه‌ستى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرد  و سێ رۆژ دواتر به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكاى باز دا و رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ رووسیا كرد، به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى رۆژئاوا ده‌كشێنه‌وه‌، هێزى توركیا و رووسیا ئۆپراسیۆنى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ژماره‌ى سه‌ربازگه‌كانى توركیا  له‌ 12 وه‌ بۆ 56 سه‌ربازگه‌ به‌رز بووه‌وه‌



وه‌ك تێبینى ده‌كرێت به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى كه‌ پێشتر واژوو كراون و رووسیا هه‌میشه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوونى توركیا ره‌خنه‌ى ئاراسته‌ى ده‌سه‌ڵاتى توركیا گرتووه‌، ئه‌مجار ه‌  توركیا له‌ دژى به‌رژوه‌ندى رۆژئاواى كوردستان به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پابه‌نده‌.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل