شانەی تەنگژە: عێراق بە هەفتەیەكی پڕ مەترسی تێدەپەڕێت

:: PM:01:52:07/04/2020 ‌
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، تیمی راگەیاندنی شانەی تەنگژەی عێراقی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رای گەیاند، هەفتەیەكی پڕ لە مەترسی تێدەپەڕێنین و داواش لە میدیاكان دەكەین هەوڵی زیاتر بدەن لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك و پابەندبوونیان بە مانەوەیان لە ماڵەكانیان بۆ پارێزراوبوونیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 
ئەمیر حەسوون بەڕێوەبەری تیم و بەڕێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە دا، بەپێی بەدواداچوونەكانیان لە هەموو گەڕەكەكانی بەغدا و شارەكانی تر، هاووڵاتییان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ نابن، ئەمەش مەترسیدارە و گوتی، "داوا لە كەناڵەكانی میدیا دەكەن كە رۆڵ ببینن لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك بە پابەندبوونیان لە مانەوەیان لە ماڵەكانیان".

زیاتر گوتی "ئەم هەفتەیە بە مەترسیدارترین هەفتە دادەنرێت، جیاوازە لە هەموو قۆناغەكانی پێشتر كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تێیدا بڵاو بووەتەوە، بۆیە گرنگە خەڵك لەوە تێبگەن كە پێویستە لە ماڵەكانیان بمێننەوە، چونكە هەر كەمتەرخەمییەك ئەگەری كارەساتی لێ دەكرێت".

عێراق هەفتەیەکی قورس تێدەپەڕێنێت


پێشاندانی مەترسییەكان لەلایەن شانەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق لە كاتێكدایە تا ئەمڕۆ هەزار و 31 كەس تووشی ڤایرۆسەكە هاتوون، لەم ژمارە 64ـیان گیانیان لە دەست داوە و 344ـی تریش چاك بوونەتەوە.

هاوكات پێشتریش نێردەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق رای گەیاندبوو، دوو هەفتەی كۆتایی ئەم مانگە، دوو هەفتەی پڕ لە مەترسی دەبن بۆ عێراق و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بەرز دەبێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق