سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەسەر كۆرۆنا بڵاو كردەوە

:: PM:02:26:07/04/2020 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون لەسەر رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات. نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، پابەندی هاووڵاتییان ئەنجامی باشی هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوون لەسەر دوا پێشهاتەكان و ئامادەكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، وەزیری تەندروستی، پارێزگارانی هەولێر- سلێمانی- دهۆك و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كرد.
 
 نێچیرڤان بارزانی لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕێكارەكانی حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە تاوتوێ كرد، لە دۆخی پارێزگاكان و هەردوو سنووری گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەچوونی كارەكان و پێداویستی و كەموكوڕییەكان و كاریگەریی دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی پەتاكەی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی پرسییەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە كاریگەریی دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی پەتای کۆرۆنا لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی پرسییەوە.


سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی و پارێزگا و ئیدارەكان و یەكە كارگێڕییەكان و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاسایش و تەواوی هێزەكانی ناوخۆ و كارمەندانی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان و هەموو ئەوانە كرد كە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدا بەشدارن و هەموو هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی دەدەن.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها سوپاسی هاووڵاتییانی كرد كە پابەندی ڕێنوێنییەكانن بۆ خۆپاراستن و داوای كرد هەمووان تا ئەوپەڕی بەردەوام بن لە پابەندی و هاوكاریی هەوڵەكانی حكوومەت بكەن بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە. دووپاتی كردەوە كە ڕێكار و ڕێنوێنییەكان و پابەندیی هاووڵاتییان تا ئێستاە ئەنجامی باشی بەدەستەوە داوە و هیوای خواست بە هاوكاریی هەموو لایەك ئەم دۆخە سەختەش تێپەڕێنرێت.



وشە - فه‌رمان سادق