دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە

:: AM:10:55:08/04/2020 ‌
بڕیارە سبەی بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتێك و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە بێت و كۆتایی هەفتەی داهاتووش دەست بە دابەشكردنەوەی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردووەتەوە تێیدا ڕاگەیەنراوە، سبەی پێنجشەم لەگەڵ هەینی مووچەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

بڕیارە سبەی پێنجشەم لەگەڵ ڕۆژی هەینی مووچەی خانەنشینی شارستانیش دابەش بكرێت لەگەڵ خانەنشینانی سەربازی كە مووچەكەیان سەرووی 900 هەزار دینارە.

كۆتایی هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی كانوونی دووەمی ئەمساڵ
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆتایی هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و سەرەتاش بە مووچەی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ دەست پێ‌ دەكات.

هەرێمی كوردستان ئێستە بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا سەرجەم دامەزراوەكانی وەستاوە، ئەوەیش وایكردووە داهاتی ناوخۆ لە سفر نزیك ببێتەوە كە حكوومەت وەك سەرچاوەیەك بۆ پشتبەستن بۆ دابینكردنی مووچە بەكاری دەهێنا.

ناوەڕاستی هەر مانگێك حكوومەتی عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت كە ئەویش بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوانیان.



وشە - رامیار جەواد