داعش ئەفسەر و پاسەوانێکی سوپای عێراقی کوشت

:: PM:12:12:08/04/2020 ‌
ئەفسەرێكی سوپای عێراق ڕای دەگەیەنێت، لە ئێوارەی دوێنێوە پێوەندیمان لەگەڵ ئەفسەرێكمان پچڕاوە و ئێستە زانراوە لەلایەن داعشەوە کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، حاتەم عەبدولكەریم جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی ئامادەی سوپای عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سنووری نێوان مەخموور- دووبز، لە ئێوارەی دوێنێوە پێوەندیمان لەگەڵ ئەفسەرێكمان پچڕاوە.

تەرمی ئەفسەرەكە و پاسەوانێكی دۆزراوەتەوە و چارەنووسی پاسەوانێكیشی نادیارە
ئەوەشی گوت، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەفسەرەكە و پاسەوانێكی دۆزراوەتەوە و چارەنووسی پاسەوانێكیشی نادیارە.

ڕۆژی یەكشەم "وشە" هۆشداری دا لە بوونی چەندان كەلێنی زۆر لە دەوروبەری مووسڵ كە دروست بووە، ماوەی هەفتەیەكە بە ئاشكرا مەفرەزەكانی داعش لە شەقامە سەرەكییەكان هاتوچۆ دەكەن، ئەوەیش دوای كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی سوپا بۆ ناو شارەكان، ئەو كەلێنە دروست بووە.

شەوی ڕابردووش داعش لە كوڵەجۆ هێرشی كرد و دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

لە سنووری چیای قەرەچووخ بە ڕووی مووسڵ تا دووبز و گەیارە، ئێستە جموجووڵی چەكدارانی داعش بە ئاسانی دەبینرێت و ڕۆژانە بۆسە بۆ هێزەكانی پۆلیسی عێراق و سوپا دادەنێنەوە.



وشە - رامیار جەواد