توێژینەوەیەكی ئەڵمانی تێگەیشتنی نوێ لەسەر چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

:: PM:12:40:08/04/2020 ‌
زانایان و شارەزایانی فیزیایی و بایۆلۆجی، بەردەوام لە توێژینەوەكانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ناسینی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆفید 19/. تیمێكی زانایانی ڤایرۆسناسی ئەڵمانی لەبارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەڵێن، هیچ ڤایرۆسێكی زیندوو لەسەر تەنەكانی دەوروبەر نین، ئەوانەی هەن هەموویان مردوون.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، دەرئەنجامی توێژینەوەیەكی تیمێكی زانایانی ڤایرۆسناسی ئەڵمانی، تێگەیشتنی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بە تەواوەتی گۆڕی، ئەمەش دوای ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی ورد لەسەر تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری هاینزبرگی ئەڵمانی، ئەو شارەی بۆ یەكەمجار ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ئەڵمانیا تێدا بڵاو بووەوە.

هندریك شتریك سەركردایەتی تیمی زانایانی ڤایرۆسناسی ئەڵمانی كردووە، بۆیان دەركەوتووە كە ڤایرۆسی زیندوو لەسەر تەنەكان نامێننەوە، ئەوەی هەیە ڤایرۆسی مردووە.

لای خۆیەوە ئەلكسەندەر لۆكاچیڤ بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشكی مارتسینۆڤ سیچینوڤسكی لە دیمانەیەكی لەگەڵ "موسكوڤسی كومسمولیتس" دەڵێ، ئەوە توێژینەوەیەكی گرنگە لە دنیای زانستی پەتاكان.

توویژینەوەیەکی ئەڵمانی.. ڤایرۆسی زیندوو لەسەر تەنەکان نامێننەوە، ئەوەی هەیە مردووە


بەپێی توێژینەوەكە بێت، هیچ یەكێك لە زانایانی ڤایرۆسناسی بەشدار لە تیمەكەی هندریك شتریك، ڤایرۆسی زیندوویان نەدۆزیوەتەوە لەسەر دەرگاكان و ئینجانەی ئاودەستەكان، پشیلە، تەنانەت لەو ماڵانەی كە كەسانی تووشبوویان تێدا بووە.

تیمەكە رژدن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسەكە تەنیا لە شوێنی قەرەباڵغ توانای گواستنەوەی لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر هەیە، دەڵێن ئەستەمە لە سوپەرماركێت یان سەرتاشخانە، یانیش بازاڕێكی جلوبەرگ دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بیت.

دكتۆر ئەلكساندەر نیكولافیچ لوكاشیف دەڵێ، هیچ هۆكارێك نییە متمانە بەو تیمە شارەزایە نەكەی. زیاتر گوتی "توێژینەوەكە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پەتا و ڤایرۆسەكان، ئەو توێژنەوەیە رێمان دەدات خۆمان بە دوور بگرین لە هەندێك رێكاری گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، ئەگەرچی هێشتا پێویستە دەست هەڵنەگرین لە شووشتنی دەست و مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەر بەشێوەیەكی گونجاو، رەنگە ئەو توێژینەوەیە وابكات پێداچوونەوە بە هەندێك رێكار بكەین بۆ خۆپاراستنمان لە ڤایرۆس".
 
بەقسەی دكتۆر ئەلكساندەر بێت، هێشتا چەندان شوێن هەیە كە قەرەباڵغن و پێویستە خۆمان لێی بپارێزین، وەك خواردنگەكان و كافتیریا و چایخانەكان، رەنگە لەو شوێنانە ڤایرۆسەكان بگوازرێنەوە بەهۆی نزیكی مرۆڤەكان لە یەكتر، هەتا ئەگەر لەوەش دڵنیا بین ڤایرۆسەكە لەسەر تەنەكان مردوون و ناگوازرێنەوە. گوتی "ئەمە وادەكات بە ئاسانی و راستەوخۆ نەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ژیانێكی ئاسایی، پێویستە تاكەكان زیاتر لە مەتر و نیوێك لە یەكتر دوور بن".
 
توێژینەوەی زانایانی ئەڵمانی لە كاتێكدایە پێشتر بۆچوونێك هەبوو كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تا 17 رۆژ لەسەر تەنەكان دەژین، بەڵام دكتۆر ئەلكساندەر ئەو بۆچوونە بە تەواوەتی رەت دەكاتەوە و دەڵێ، هیچ توێژینەوەیەك نییە ئەوە بسەلمێنێت، بەڵام توێژینەوە هەیە كە ماوەی حەوت رۆژ بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەڵام بەگشتی ڤایرۆس لەسەر تەنەكان لە سێ رۆژ زیاتر بە زیندوویی نامێننەوە.



وشە - فه‌رمان سادق