خانه‌نشینێك له‌كاتی وه‌رگرتنی مووچه‌كه‌یدا لێی ده‌دزن

:: PM:09:23:08/04/2020 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی لە سلێمانی دزی لەو هاووڵاتییانە کراوە کە لە سەرەیا وەستاون بە وەرگرتنی مووچە و پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، سکاڵامان بۆ نەهاتووە، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە دەکرێت کەسانێک ئەوەیان قۆستبێتەوە.

عارف سەعید خانەنشینی سەربازی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کە ئەمرۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچەکەی لە بنکەی شەش کە دەکەوێتە نزیک ئەمنە سورەکەی سلێمانی پێش ئەوەی مووچە وەرگرێت، بڕی 300 هەزار دیناری لێ دزاراوە.

زیاتر گوتی، ئەو پەنجەرەی کە من مووچەکەم لێ وەردەگرت قەرەباڵغی دروستبوو بوو، هاووڵاتییان کە سەریان گرتبوو بۆ مووچە زۆر نزیک بوون لە یەکە و پێنج کەس لە پێشمەوەبوون، بۆ دڵنیابوونەوەی خۆم پێش ئەوەی بچمە بەردەم پەنجەرەکە دەستم کرد بە گیرفانما پارەکەی تیا نەمابوو.

ئەم سەربازە خانەنشینە بڕی 300 هەزاری لێ دزراوە

ڕوونیشی کردەوە، دەستبەجێ بنکەکە و ئەو هێزە ئەمنیانەش کە ئاسایش بوون ئاگادارم کردنەوە، بەڵام گوتیان کە ئەوان هیچیان لە دەست نایەت و پێشتریش پارەی زۆرتر بەهەمان شێوە لە هاووڵاتییان دزراوە لەکاتی وەرگرتنی مووچە هەر لەو شوێنە.

لای خۆیەوە نەقیب سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە لەسەر دزینی مووچە خۆران لە کاتی وەرگرتنی مووچە، دەبوو ئەو کەسە دەستبەجێ هێزەکانی ئێمەی ئاگادار بکاتەوە، چونکە بە جلی سەربازی و مەدەنیش لەوێ بڵاوەیان پێکرابوو.

ئاماژەی بەوەیش کرد، پێشتریش هیچ سکاڵایەکی لەو شێوەیەمان نەبووە، ئەگەر ئەو کەسەی ئەمڕۆ سکالای بکردایە دەستبەجێێ لە ریگەی کامێراکانەوە بەدواداچونمان بۆ دەکرد و ئاشکرامان دەکرد.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان