رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پێنج هاووڵاتیی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان كە دووانیان ژنن، كۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێ، رۆژی دووشەم شەشی نیسانی 2020، ژنێكی لاوی دیواندەرەیی بەناوی "شادی ئەسغەری"، بەهۆی كێشەی خێزانییەوە كۆتای بە ژیانی خۆی هێنا. ئەو ژنە تەمەنی 22 ساڵ بووە و دایكی دوو منداڵ بووە.
بەهۆی كێشەی خێزانییەوە كۆتای بە ژیانی خۆی هێنا
ڕوون كراوەتەوە، هەروەها رۆژی یەكشەم پێنجی نیسانی 2020 ژنێكی خەڵكی دێهلوڕان بە ناوی "مینا سداقەت" بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ مێردەكەیدا لە رێی خواردنی دەرمانەوە كۆتایی بە ژیانی هێنا. ئێوارەی هەمان رۆژ، گەنجێكی 24 ساڵی كرماشانی بە نازناوی "ئەردەڵان" كە تاكە كوڕی خێزانەكەی بووە، پاش تێكهەڵچوون و دەمەقاڵە لەگەڵ باوكی، خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی هێنا.
باس لەوەش كراوە، هەر رۆژی پێنجی نیسانی 2020 مێرمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵەی دێولانی بە ناوی "مەیسەم تەهماسبی"، بە هۆكارێكی ناڕوون خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بە ژیانی هێناوە.
رێكخراوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە چەند رۆژی رابردووشدا، تەرمی لاوێكی خەڵكی گوندی "شێروانە"ی كامێران بە ناوی "قودرەت بەردەن" لە ماڵەكەیدا دۆزرایەوە كە خۆی هەڵواسیبوو، بەبێ ئەوەی هۆكاری مردنەكەی بزانرێت.