هه‌رێمی كوردستان له رووی كشتوكاڵه‌وه له په‌ره‌سه‌ندندایه و بارانی ئه‌مساڵیش جگه له‌وه‌ی رێژه‌كه‌ی گونجاو بووه، كاته‌كانی بارینیش هاسه‌نگ بووه له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنی به‌روبوومی كشتوكاڵی. كوردستان له گه‌نم خۆبژێوه و پێشبینی ده‌كرێ ئه‌مساڵیش هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی یه‌ك ملیۆن تۆن گه‌نم به‌رهه‌م بهێنێت. گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌ڵێ سه‌رووی سێ ملیۆن دۆنم زه‌وی به گه‌نم چێنراوه و ساڵێكی به‌هاتی كشتوكاڵیمان له پێشه.
هه‌رێمی كوردستان خاكێكی به‌پیتی هه‌یه و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه كشیوكاڵییهكانی لێ ده‌ڕوێت و به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، ته‌نیا ئه‌وه ماوه‌ته‌وه قۆڵی هیمه‌ت هه‌ڵماڵدرێت و خه‌ڵك له جیاتی مانه‌وه له شار و چاوه‌ڕوانییان بۆ دامه‌زراندن، به‌ره‌و گونده‌كان بگه‌ڕێنه‌وه و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان هێنده‌ی تر ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه. كۆرۆنا سه‌لماندی هیچ پیشه‌یه‌ك و هیچ كاسبییه‌ك هێنده‌ی كشتوكاڵ ناتوانێ وڵات له نه‌هامه‌تییه‌كان بپارێزێت و ببێته گره‌نتی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك.
له‌وه‌ته‌ی كۆرۆنا بڵاو بووه‌ته‌وه زۆربه‌ی كه‌رته ئابوورییه‌كان لاواز بوون، به‌شێكیان داڕماون و به‌شێكیش ئه‌وه‌نده پاشه‌كشه‌یان كردووه كه له‌وانه‌یه به چه‌ند ساڵیش ئاسایی نه‌بنه‌وه. بۆ نموونه كه‌رتی پیشه‌سازی زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه و به سه‌دان ملیار دۆلار زیانی به وڵاتان و كۆمپانیاكان گه‌یاندووه. كه‌رتی گه‌شتوگوزار زیاتر له هه‌ر كه‌رتێكی تر زیانی به‌ركه‌وتووه و هوتێل و موتێل و خواردنگه‌كان له هه‌رێمی كوردستان داخراون، له وڵاتانی دنیاش ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ش كه كه‌رته‌كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتیانه، تووشی ته‌نگژه‌ی گه‌وره بوون. كافتریا و هوتێلهكانیان داخراون. فڕۆكه‌كان له فڕین وه‌ستاون و چیتر گه‌شتیاران ناتوانن نه‌ك بۆ وڵاتانی تر ته‌نانه‌ت بۆ شارێكی تریش گه‌شت بكه‌ن. زیانی به‌ر كه‌رتی گه‌شتوگوزار زۆره و سه‌لمێنرا هه‌رچه‌نده كه‌رتێكی گرنگیی سه‌رچاوه‌ی داهاته، به‌ڵام بۆ ئاسایشی خۆراك كه‌رتێكی لاوازه.
كه‌رتی بازرگان‌یش له وڵاتان به رێژه‌ی به‌رچاو زیانی به‌ركه‌وتووه و وڵاتان ناتوانن وه‌ك پێویست به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده بكه‌ن. چونكه له لایه‌ك بازاڕه‌كان داخراون و له لایه‌كی تر ئاستی داخوازی له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كان كه‌می كردووه.
ئه‌وه‌ی راستییه حاشاههڵنهگرهكهیه ئه‌وه‌یه هه‌موو شتێك له جووڵه بوه‌ستێت كشتوكاڵ ناوه‌ستێت، چونكه سه‌رچاوه‌ی خۆراكی هه‌موو دانیشتووانی زه‌وی كشتوكاڵه و به سه‌رچاوه‌ی داهات و ئاسایشی خۆراكی وڵاتان هه‌ژمار ده‌كرێت.
له هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌نده كشتوكاڵ وه‌ك پێویست په‌ره‌ی پێ نه‌دراوه و هێشتا زۆربه‌ی شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان كلاسیكین، به‌ڵام دیسان رووبه‌رێكی فراوان و زه‌وییه‌كی به پیت و كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌باری هه‌یه كه ئاسایشی خۆراكی كوردستان گره‌نتی ده‌كات و له هه‌ژاریی، به‌دخۆراكیی و قڕی و برسییه‌تی له كاتی جه‌نگ و رووداو و پێشهاته جیاوازه‌كان ده‌یپارێزێت.
له هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی باران گونجاو بووه و له كاتی گونجاویشدا بارانه‌كان باریون
حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی باران گونجاو بووه و له كاتی گونجاویشدا بارانه‌كان باریون. ئه‌و پێشبینی ده‌كات دۆخی كشتوكاڵی ئه‌مساڵی هه‌رێمی كوردستان له هی ساڵی رابردوو باشتر بێت.
هه‌رچه‌نده كۆرۆنا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كانی كوردستان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێی وایه كاریگه‌رییه‌كان له‌سه‌ر كشتوكاڵ زۆر كه‌من و له‌وانه‌یه رێوشوێنه‌كان هۆكار بووبێت جووتیارێك به ئاسانی به كێڵگه‌كه‌ی نه‌گات، به‌ڵام به‌گشتی كاریگه‌رییه‌كان سنووردار بوون.
له رێی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كشتوكاڵ له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی كوردستان، هاوكاریی جووتیاران ده‌كرێ و وه‌زاره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ جووتیاران له هاوئاهه‌نگی پێویستدایه و ته‌نانه‌ت لیستی باجی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانیش ره‌وانه‌ی سنووره‌كان و ده‌روازه‌كان كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، باج به‌سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌كیدا بسه‌پێنرێت و پاڵپشتی به‌رهه‌می ناوخۆ بكرێت.
سێ ملۆن دۆنم زه‌وی كراوه‌ته گه‌نم و پێشبینی ده‌كرێ به‌رهه‌م سه‌رووی یه‌ك ملیۆن تۆن بێت
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ خستیه‌ڕوو، ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی سێ ملیۆن دۆنم زه‌وی به گه‌نم چێنراوه و به‌رهه‌مه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر له هی ساڵی رابردوو زیاتر نه‌بێت، ئه‌وا كه‌متر نابێت و پێشبینی به‌رهه‌می باش و ساڵێكی به‌هات بۆ كوردستان ده‌كه‌ن. ساڵی رابردوو سه‌رووی یه‌ك ملیۆن تۆن گه‌نم به‌رهه‌م هاتووه و ئه‌مساڵیش سه‌رووی ئه‌و بڕه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
به‌گوته‌ی حوسێن حه‌مه‌كه‌ریم، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق و لایه‌نه‌كانی تر له پێوه‌ندیدایه و هه‌وڵ ده‌دات رازییان بكات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌رهه‌می گه‌نمی كوردستان وه‌ربگیرێت و جووتیاران سوود له به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ربگرن.
پێویسته بگوترێ له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بڕیارێك هه‌بوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی كار بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می گه‌نمی جووتیاران بكات، گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش ده‌ڵێ تا دواین رۆژی ده‌وامیش له ١٠ی ئادار له‌سه‌ر هه‌مان پلان بوون و نازانن دوای ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی بۆ سه‌ر ئابووری و داهاتی كوردستان هاتوونه‌ته كایه‌وه چی روو ده‌دات، به‌ڵام له هاوكاری و هاوئاههنگییهكانیان به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت بازاڕێك بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ بدۆزنه‌وه.