میوه‌ مزره‌كان نایه‌ڵن كۆرۆنا بكوژ بێت

:: PM:09:14:13/04/2020 ‌

زانیارییه‌ك كه‌ پسپۆڕانیش پشڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ گرنگیی میوه‌ مزره‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌، شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ له‌ ماركێته‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌مێنێ و له‌ ئه‌وروپاش داوای زۆری له‌سه‌ره‌.

به‌پێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێ"ـی ئه‌مه‌ریكی، له‌ ویلایه‌تی فلۆریدا ڕێژه‌ی فرۆشی شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ، له‌وه‌ته‌ی كۆرۆنا هه‌یه‌، بۆ 38% به‌رز بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ به‌راورد به‌ مانگی پێشوو. ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ش هه‌ر شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوی میوه‌ مزره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ن. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك شوێن ڕێژه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی فرۆشی شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ بۆ 100% ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هێشتا پزیشک یەکلای نەکردووەتەوە، بەڵام ئەزموونی کۆمەڵێک تووشبوو وەرگیراوە


هه‌ندێك له‌ نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هه‌مان نیشانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ تووشی سه‌رما بوون، بۆیه‌ خه‌ڵكی به‌باشی ده‌زانن له‌و كاته‌دا ڤیتامین سی بخۆن، له‌ناویشیدا شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌موویان زیاتر داوای له‌سه‌ره‌ و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر تووشی كۆرۆنا ببیت، شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ زۆر بخۆیته‌وه‌، نایه‌ڵێ بكوژ بێت.

ئه‌م بۆچوونه‌ی خه‌ڵكی تا ئێسته‌ به‌ ته‌واوی له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ نه‌سه‌لماوه‌، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ هێشتا توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر كۆرۆنا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ كۆتایی، به‌ڵام لێره‌وله‌وێ، ده‌یان به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكانێك تووشی كۆرۆنا بوون و چاك بوونه‌ته‌وه‌، كاتێك لێیان پرسیون له‌و ماوه‌یه‌دا چ شتێكی جیاوازتان كردووه‌، گوتوویانه‌ شه‌ره‌به‌تی پرته‌قاڵی سرووشتی یان پرته‌قاڵیان خواردووه‌.

ئه‌م بۆچوونه‌ له‌سه‌ر شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ، هه‌ر ئه‌مه‌ریكای نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ ئه‌وروپا و زۆربه‌ی وڵاتانی دنیاش باوه‌. له‌ كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ناو خه‌ڵكی بڵاو بووه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێنوێنییه‌كی پزیشكی له‌سه‌ر بڵاو كرابێته‌وه‌. قاوه‌خانه‌یه‌كیش له‌ هه‌ولێر، بڕیاری داوه‌ شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵی سرووشتی به‌ خۆڕایی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی تووشبووانی كۆرۆنا ئاماده‌ بكات. 

محەمەد شکاک خاوەنی ئێم کافێ، له‌ لێدوانێكی پێشتردا به‌ "وشه‌"ی راِگه‌یاند، "لەگەڵ ستافەکەم بڕیارمان دا، ڕۆژانە ئەو ئەرکەیان بۆ بگرینە ئەستۆ و خواردنەوەکان ئامادە بکەین، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو، بۆیە کارەکەمان بۆ لایه‌نى پێوه‌ندیدار خستەڕوو، خۆشبەختانە قبووڵ کرا و ئێسته‌ ڕۆژانە خواردنەوەکان بۆ نەخۆشخانەی تووشبووانی كۆرۆنا ئامادە دەکەین."

ئاشكراى كرد، "تەواوی خەرجییەکان لەسەر خۆمانە تا ئێسته‌، کارمەندانیش بێ بەرانبەر کار دەکەن، ڕەنگە نەتوانین بەڵام زۆر ئاسوودە و دڵخۆشین بەوەی لەو باردۆخە دەستبەتاڵ نین و ئەرکێکمان کەوتووه‌تە شان، کە ئەوە دەکرێت لە داھاتوو، زۆر شانازی پێوە بکەین.".

ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، گرووپێک ڤایرۆسن کە مەمکدارەکانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، لەوانەش بۆ مرۆڤەکان و باڵندەکان. لە مرۆڤەکاندا، دەبنە ھۆی ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە، بەڵام لە ھەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کوشندە بن. لە مانگا و بەرازدا لەوانەیە ببنە ھۆی سکچوون، لە کاتێکدا لە مریشکدا دەبیتە ھۆی ژەھراویبوونی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسە. تا ئێستا ھیچ دەرمانێکی کوتانی یان خۆراکی بۆ چارەسەر و ڕێگرتن لە ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.

ناوی کۆرۆنا لە وشەی لاتینی corona وەرگیراوە کە بە مانای تاج دێت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێوەی ڤایرۆسەکە لەژێر مایکرۆسکۆپدا بە شێوەی تاج دێتە بەرچاو. ئەم جۆرە لە ڤایرۆسانە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965ز دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەری تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام بوو. ئەو کەسانەی کە پێشتر ھەڵگری نەخۆشی تر بێت یاخود ئەو مناڵانەی کە ناخۆشی دڵیان ھەبێت خێراتر توشی ئەم نەخۆشیە دەبن. ڤایرۆسە کڕۆنیەکان زیادتر لە زستان و بەھاراندا خەڵک توشی نەخۆشی دەکەن. ھەرچەند ئەم خانەوادەیە لە ڤایرۆسەکان زیادتر لە ئاژەڵاندا بەدی کراوە بەڵام پێنج جۆریان کاریگەری دەخەنە سەر ھەناسەدانی مرۆڤ.

ئەم ڤایرۆسە لە شاری وۆھان لە وڵاتی چینەوە لە مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی پار دەرکەوته‌وە و پەرەی سەند. ڤایرۆسەکە تایبەت بە ئاژەڵان بووە کە بە ھۆکارگەلێکەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە. لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت ئاماژە بە تا، کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان بکرێت. تیمی فریاگوزاری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە 81٪ی تووشبووان دۆخی تەندروستییان جێگیرە، بەساڵاچووان زۆرترین مەترسییان لەسەرە و لە دۆخێکی سەختدان.




وشە - كوردۆ شابان