کۆرۆنا بیری جەنگی لە مێشکی زلهێزەکان دەرهێنا

:: PM:09:48:14/04/2020 ‌

ئەوەی کۆرۆنا تووشی زەوی کردووە، ئەگەر زیانە گیانییەکانیشی لێ بێنینە دەر، ئەوا بە چەندان ساڵ قەرەبوو نابێتەوە، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری کە تازە دنیا لە دوای کۆرۆنا، هەرگیز وەک پێشتر نابێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، هەموو شتێک دوو ڕووی هەیە. ڕەنگە یەکێک لە ڕووە ئەرێییەکەی کۆرۆنا ئەوە بێت، جارێ بە تەواوی زلهێزەکان مێشکیان لەسەر باسی جەنگ لە دژی یەکتری هێناوەتە دەر و هەموویان خەریکی خۆپارێزین.

لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی تایا گۆلدنبێرگ و ئیزابێل دیبری کە لە ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بۆ ئەو لایەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن کە بووتە هۆی ئەوەی سوپای وڵاتان و هێزە ملیشیاکان لەبەر سەرقاڵبوونیان بە دوژمنێکی نەبینراوی هاوبەش کە بە کۆڤید 19 ناسراوە، نەیانپەرژێتە سەر ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان و تەنانەت ئەوانیش ڕێکاری کەرەنتین و دوورکەوتنەوە لە یەکتری دەگرنە بەر، ئەمەیش قازانجێکی مرۆییە کە ئەم دوژمنە بچووکە کوشندەیەی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی.

ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو، عەرەبستانی سعوودیە ڕای گەیاند، بە شێوەیەکی کاتی هەموو جووڵەیەکی خۆی لە یەمەن ڕاگرتووە، ئەمەیش بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆنا، ئەمەیش سەرەداوی ئەو کاریگەرییانەیە کە کۆرۆنا دروستی کردووە، وێڕای ئەوەی هێشتا لە لیبیا و ئەفغانستان گرژییەکان لە بەرزبوونەوەدان و گوێ بەو هۆشدارییانە نادەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڕاستەی کردوون و بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی سەربازی. تەنانەت لەم چەند ڕۆژەدا، تورکیا کاروانێکی تری سوپاکەی بەرەو لیبیا ڕەوانە کرد.

ئەو دوو نووسەرەی واشنتن پۆست دەڵێن، پێش ئەوەی پەتاکە بڵاو ببێتەوە، سوپای ئیسرائیلی چاودێریی میلیشیاکانی حزبوڵای لبنانی دەکرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرپەرشتیی دەکرێ، بەڵام ئێستە، سوپای ئەو وڵاتە لەگەڵ پۆلیسەکەی هەماهەنگن بۆ ئەوەی ڕێ لە هاتنەدەرەوەی خەڵکی لە ماڵەکانیان بگرن و بوونەتە سوپای کەرەنتینەکردن و بە بڕیارێکیش سەرجەم مەشقەکانیان ڕاگیرا.

هەر لەو ناوچەیە نەیەینە دەر، ئەوەتا هێزی ئیسرائیلی کە بەرەو ڕووی فەلەستینییەکان لە ئامادەباشیدا بوو، بە تەواوی خاو بووەتەوە و دوور نییە ببێتە هۆی هێوربوونەوەیەکی درێژتر لە کۆرۆنای گرژییەکانی نێوانیان. ئەوەتا لەوەتەی ڤایرۆسەکە بڵاو بووەتەوە، ئیسرائیل چەندان کاروان هاوکاری بۆ کەرتی غەزە ناردووە و لیجنەیەکی هاوبەشیش لە نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دروست کراوە.
وا دیارە لەناو ئەو هێزانەدا کە لە سەرانسەری دنیا ساڵانێکی زۆرە چەکەکانیان لە دژی یەک بەرز کردووەتەوە و ئێستە خەریکن دایبنێن، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی بە تەنیا هێشتووەتەوە، چونکە ئەوان لەم کاتەیشدا خەرکی پەلاماردانن و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند شوێنێکی جیا لە نزیک کەرکووک بەرپەرچی داونەتەوە.


ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، گرووپێک ڤایرۆسن کە مەمکدارەکانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، لەوانەش بۆ مرۆڤەکان و باڵندەکان. لە مرۆڤەکاندا، دەبنە ھۆی ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە، بەڵام لە ھەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کوشندە بن. لە مانگا و بەرازدا لەوانەیە ببنە ھۆی سکچوون، لە کاتێکدا لە مریشکدا دەبیتە ھۆی ژەھراویبوونی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسە. تا ئێستا ھیچ دەرمانێکی کوتانی یان خۆراکی بۆ چارەسەر و ڕێگرتن لە ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.

ناوی کۆرۆنا لە وشەی لاتینی corona وەرگیراوە کە بە مانای تاج دێت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێوەی ڤایرۆسەکە لەژێر مایکرۆسکۆپدا بە شێوەی تاج دێتە بەرچاو. ئەم جۆرە لە ڤایرۆسانە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965ز دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەری تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام بوو. ئەو کەسانەی کە پێشتر ھەڵگری نەخۆشی تر بێت یاخود ئەو مناڵانەی کە ناخۆشی دڵیان ھەبێت خێراتر توشی ئەم نەخۆشیە دەبن. ڤایرۆسە کڕۆنیەکان زیادتر لە زستان و بەھاراندا خەڵک توشی نەخۆشی دەکەن. ھەرچەند ئەم خانەوادەیە لە ڤایرۆسەکان زیادتر لە ئاژەڵاندا بەدی کراوە بەڵام پێنج جۆریان کاریگەری دەخەنە سەر ھەناسەدانی مرۆڤ.

ئەم ڤایرۆسە لە شاری وۆھان لە وڵاتی چینەوە لە مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی پار دەرکەوته‌وە و پەرەی سەند. ڤایرۆسەکە تایبەت بە ئاژەڵان بووە کە بە ھۆکارگەلێکەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە. لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت ئاماژە بە تا، کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان بکرێت. تیمی فریاگوزاری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە 81٪ی تووشبووان دۆخی تەندروستییان جێگیرە، بەساڵاچووان زۆرترین مەترسییان لەسەرە و لە دۆخێکی سەختدان.



وشە - كوردۆ شابان