بەوێنە.. نیویۆڕك تایمز: پێشمەرگە لەژێر ڕووناكی مانگەوە هێرش دەكەن

:: AM:10:47:18/10/2016 ‌

ڕۆژی یەكەمی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شاری پارێزگای مووسڵ، بووە جێی بایەخی ئاژانسە جیهانییەكان و دووپات لەسەر پێشكەوتنەكانی پێشمەرگە كرایەوە، ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكیش بە ڕاپۆرتێك و فۆتۆستۆرییەك ڕووماڵی كرد.

ئەو ڕۆژنامە ئەمەریكییە، لە ڕاپۆرتەكەدا نووسیویەتی: پێشمەرگەی كوردستان، لە ژێر ڕووناكی مانگ و لە سەعاتەكانی سەرەتای ڕۆژی دووشەم، هێرشیان بەرەو بۆمبی چێنراو و خۆكوژانی داعشدا كرد، بەناو خۆڵ و تەپوتۆزدا تانكەكانیان بەرەو ئامانجەكەیان دەبڕی كە بریتی بوو لە ئازادكردنی چەند گوندێك پێش هێرشە گەورەكەی چاوەڕێ دەكرێ بۆ مووسڵی ئەنجام بدەن.

بەیانی دوێنێ دووشەم بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

لە یەكەم ڕۆژی كردەوەگەلەكە، لە ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقەوە هێرش كرایە سەر داعش، پێشمەرگە نۆ گوند و سوپای عێراق یەك گوندی ئازاد كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خازر ئاماژەی بەوە دا كە زیاتر لە 200 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە دەست داعش پاك كردووەتەوە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

بریان دینتۆن فۆتۆگرافەری ناسراوی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" لەگەڵ پێشمەرگەدا بووە و ئەم وێنانەی بۆ ڕاپۆرتەكە ئامادە كردووە:
















وشە - كوردۆ شابان