بۆ دابینكردنی مووچە عێراق داوای دواخستنی دانەوەی قەرزەكان دەكات

:: AM:10:00:16/04/2020 ‌
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، داهاتی عێراق لە شەش ملیار دۆلاری مانگانەی فرۆشی نەوت، بۆ كەمتر لە دوو ملیار دۆلار دابەزیوە. حكوومەتی عێراق لە رێی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی هەوڵی دواخستنی دانەوەی قەرزەكان دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبووەنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، عێراق دووچاری تەنگژەیەكی دارایی و ئابووری بووە و هەموو ئاماژەكان باس لەوە دەكەن، داهاتی عێراق بەشی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ناكات، بۆ ئەمە حكوومەتی عێراق لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی رێچارەیەك.
داهاتی مانگانە لە فرۆشی نەوت سەرووی شەش ملیار دۆلار بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، بۆ دوو ملیار دۆلار دابەزیوە


مەزهەر ساڵح راوێژكاری ئابووری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی "سەباح"ـی نیمچە حكوومی راگەیاندووە، حكوومەتی عێراق دەیەوێت دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان رابگرێت كە لە داهاتی نەوت دەبڕێت.

ئەو هەوڵەی عێراق لە كاتێكدایە پێش دابەزینی نرخی نەوت، داهاتی مانگانەی عێراق لە فرۆشی نەوت سەرووی شەش ملیار دۆلار بوو، لەو بڕەش نزیكەی سێ ملیار دۆلاری بۆ مووچەی فەرمانبەران دەچوو. بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، داهاتەكە بۆ دوو ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەمەش عێراقی ناچار كردووە داوای دواخستنی دانەوەی قەرزەكان بكات.

راوێژكاری ئابووری و دارایی سەرۆك وەزیران ئاماژە بە دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دەكات و دەڵێ، ئەو دۆخە هەموو وڵاتانی دنیای گرتووەتەوە، ئەمەش كاریگەری زۆری بەسەر ئابووری عێراق كردووە كە وایكردووە داوا لە سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بكات دانەوەی قەرزەكانی عێراق رابگرێت تا دۆخەكە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

زیاتر گوتی "سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی رۆڵێكی ئەرێنی بەرانبەر عێراق هەبووە لە دواخستنی دانەوەی قەرزەكان و ئاسانكارییەكان، بەڵام ئەوە پێویستی بە دیپلۆماسییەكی گەورە هەیە".
 
جێی باسە لە داهاتی مانگانەی فرۆشی نەوتی عێراق، بڕێك پارە لەلایەن سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەهاتە گێڕانەوە و دەدرا بەو وڵاتانەی قەرزیان لەسەر عێراق هەیە، ئەم دۆخە ساڵانێكی زۆرە بەردەوامی هەیە.



وشە - فه‌رمان سادق