رێكخراوی تەندروستی جیهانی: سێ ڤاكسینی كۆرۆنا لە تاقیكردنەوەدان

:: AM:11:46:16/04/2020 ‌
سەرەڕای كشانەوەی ئەمەریكا لە كۆمەككردنی (WHO)، رێكخراوی تەندروستی جیهانی سێ ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنای خستە تاقیكردنەوە. سەرۆكی رێكخراوەكە دەڵێ، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێشخستنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند، بە فەرمی سێ ڤاكسینی كۆرۆنا خراونەتە تاقیكردنەوە، ئەمەش هاوكاتی هەوڵەكانی پێشخستنی ڤاكسینەكانی تری دژ بە كۆرۆنایە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نیگەرانی خۆیشی لە كشانەوەی ئەمەریكا لە پشتگیرییە داراییەكان بۆ رێكخراوەكە راگەیاند، ئاماژەی بەوە دا كە ناچار بووە بەدوای شوێنگرەوە بگەڕێت، ئەمەش لە كاتێكدایە وڵاتانی ئەوروپی ئامادەن كۆمەكی (WHO) تەنیا بۆ پێشخستنی ڤاكسینەكان.

تیدرۆس ئادهانوم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتی (WHO) گوتی، "بە كردەیی سێ ڤاكسین خراونەتە ژێر تاقیكردنەوە، هاوشانی ئەوانیش هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێشخستنی ڤاكسینی تر".

WHO: بە فەرمی سێ ڤاكسینی كۆرۆنا خراونەتە تاقیكردنەوە، ئەمەش هاوكاتی هەوڵەكانی پێشخستنی ڤاكسینەكانی تری دژ بە كۆرۆنایە


زیاتر گوتی "(WHO) تەنیا بەرەنگاری پەتای كۆرۆنا نابێتەوە، بەڵكو كار دەكات لەسەر ئیفلیجی منداڵان و پەتاكانی تری مەلاریا و ئیبۆلا و ڤایرۆسی كەمی بەرگریی جەستە، هەروەها ئیفلیجی و خراپی خۆراك و شێرپەنجە و شەكرە و نەخۆشییەكانی دەروونی، جگە لەوانە كار لەگەڵ وڵاتان دەكەین بۆ پێشخستنی سیستمی تەندروستییان و هەروەها هەوڵی گەیاندنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بۆ رزگاركردنی ژیانی هاووڵاتییانیان".

ئەمەریكا گەورەترین وڵاتی كۆمەك بەخشی (WHO)یە، هاوكات زۆرترین تووشبووی كۆرۆناش لەو وڵاتەیە، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری راگرتنی كۆمەكی دارایی بە (WHO) راگەیاند.

هاوشانی هەوڵەكانی (WHO) بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی چارەسەری كۆرۆنا، هەردوو گرووپی كۆمپانیاكانی سانۆڤی و گلاكسۆ سمیس كڵاین، كە دوو گرووپی گەورەی دەرمانن، یەكخستنی هەوڵەكانیان راگەیاند بۆ پێشخستنی ڤاكسینێك دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هیوای ئەوەش دەخوازنن ساڵی 2021 بە ئەنجامێك بگەن.

هاوشانی ئەوان، وڵاتانی ئەوروپیش لە هەوڵەكانیان بەردەوامن، ئۆرسولا فون دیر سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی رای گەیاند، لە رێی ئینتەرنێتەوە لە چواری مانگی داهاتوو كۆنفراسێك رێك دەخەین بە مەبەستی كۆكردنەوەی كۆمەك تایبەت بە لێكۆڵینەوەكانی پێشخستنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا.


وشە - فه‌رمان سادق