هاتوچۆ پێنج دیارترین سەرپێچییەكانی سەردەمی كۆرۆنای راگەیاند

:: PM:12:01:16/04/2020 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رای گەیاند، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و چۆڵیی شەقامەكان بەگشتی، پێنج جۆری سەرپێچی هەن كە ئەو شوفێرانەی دێنە شەقامەكان ئەنجامی دەدەن.

فازاڵ حاجی لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی پۆستێكی لەژێر ناوی (سەرپێچییەكانی سەردەمی كۆرۆنا) نووسیوە، سەرپێچییەكانیشی دابەشی سەر پێنج خاڵ كردووە.

تیژڕۆیی، هەندێك لە شوفێران چۆڵیی رێگەوبانەكان بە دەرفەت زانیوە و تیژ لێدەخوڕن، ئەمەش وادەكات دووچاری كارەسات ببنەوە، چونكە ئەوەی لە دۆخەكە گۆڕاوە تەنیا كەمبوونەوەی ئۆتۆمبێلە لە شەقامەكان، نە كوالێتی ئۆتۆمبێلەكان و بە رێگەوبانیش نەگۆڕاون.

سەرپێچییەکانی سەردەمی کۆرۆنا پێنج جۆرن


رۆیشتن بە ئاراستەی پێچەوانە، یەكێكی ترە لەو سەرپێچییانەی بە قسەی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆ زیادیان كردووە، ئەمەیش بە مەترسیدارترین سەرپێچی دادەنێت و دەڵێ، شوفێران دەبێ پێشبینی هەموو شتێك بكەن.

سەركەوتن بەسەر شۆستەكان و پەڕینەوە و خۆدزینەوە لە بازگەكان كە زیاتر خاوەنی ئۆتۆمبێلە بەرزەكان ئەنجامی دەدەن. فازڵ حاجی دەڵێ، ئەمە باوترین و قێزەونترین سەرپێچییە.

یەكێكی تر لە سەرپێچییەكان لەلایەن بارهەڵگرەكانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەویش باری بەرین و بەرز كە چۆڵیی شەقامەكان بە دەرفەت دەزانن.
لە خاڵی پێنجەمی جۆری سەرپێچییەكاندا، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر نووسیویەتی، وەستان لە شوێنی قەدەغەیە، ئەمەش كارێكی مەترسیدارە.


وشە - فه‌رمان سادق