فەتح لیژنەی پشتگیری لە كازمی پێكهێنا و پێش رەمەزان متمانە بە حكوومەت دەدرێت

:: PM:01:34:16/04/2020 ‌
دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمار، هاوپەیمانی فەتح لیژنەی پشتگیری بۆ مستەفا كازمی پێكهێنا، سەندنەوەی چەكیشی لە میلیشیاكان بەستەوە بە دەركردنی سوپای ئەمەریكا. پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیەتییەكە دەڵێ، ئامانج لەوەدا ئەوەیە پێش مانگی رەمەزان متمانە بە حكوومەتەكەی كازمی بدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان، محەمەد غەبان پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رای گەیاند، بە مەبەستی پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و متمانە پێدانی لە پەرلەمانەوە، هاوپەیمانی فەتح لیژنەی پشتگیری بۆ مستەفا كازمی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێ راگەیاند.

زیاتر روونی كردەوە، لیستە سیاسییەكان هەموویان كۆكن لەسەر پێكهێنانی تیمی راوێژكاری كە دەسەڵات دەداتە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی كابینەكەی، ئەمەیش لە پێناو پەلەكردنە لە گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ناوی وەزیرەكان و تاوتوێكردنی سی ڤی وەزیرەكان بە مەبەستی سەركەوتنی دانیشتنی متمانە پێدان لەلایەن پەرلەمانەوە، وەك هەوڵێكیش بۆ رێگریكردن لەوەی بەرانبەر محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پەرلەمان رووی دا.

لیستە سیاسییەكان دەیانەوێت پێش مانگی رەمەزان متمانە بە حكوومەتەكەی كازمی بدرێت


غەبان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتی، "كابینەی حكوومەتەكەی كازمی لە ژمارەیەك وەزیری سەربەخۆ و سیاسی پێكدێن، ئەوانەی لە ریزی یەكەم نین و روانگەیەكیشیان هەیە بۆ ئیدارەدانی وڵات بە لەبەرچاوگرتنی پێوەری پاكی و توانا". زیاتر گوتی "لیستە سیاسییەكان دەیانەوێت پێش مانگی رەمەزان متمانە بە حكوومەتەكەی كازمی بدرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پێشوەخت كرد، روونی كردەوە ئەو ماوەیەی بە كازمی دراوە، نابێت لە ساڵێك زیاتر تێپەڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێ بكرێت.

غەبان دووپات لە كردنەدەرەوەی هێزی بیانی و سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكات وەك مەرجێك بۆ پشتگیری لە كازمی، هاوكات هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت و سەندنەوەی لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش دەبەستێتەوە بە كردنەدەرەوەی سوپای ئەمەریكا. گوتی "لیستە شیعییەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی دەبێت سوپای بیانی لە ماوەیەكی دیاریكراودا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین كە ئەمەریكا رژد نین لە كشانەوە، ئەوەیشی ئێستە روو دەدات جگە لە دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزەكان بە تاكتیكێكی نوێ هیچی تر نییە".

 ئەگەرچی هەموو لایەك داوا دەكەن كە دەبێت چەك بەدەست حكوومەتەوە بێت، پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح ئەوە دەبەستێتەوە بە كردنەدەرەوەی هێزی بیانی لە عێراق و دەڵێ، ناكرێ داوا لە هێزە چەكدارەكانی بەرگریكار بكرێت چەكەكانتان دابنێن كە پاساوی بوونی هێزی بیانی لە عێراق هەیە. گوتی "دوای كردنەدەرەوەی هێزی بیانی، ئەگەر حكوومەت توانی كۆنتڕۆڵی چەكی عەشایەر و هێزی پێشمەرگە و لایەنەكانی تریش بكات، ئەوا حەشدی شەعبیش چەك رادەستی حكوومەت دەكاتەوە".
 
 



وشە - فه‌رمان سادق