لێكۆڵینەوەیەكی زانستی: ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گەرمی 92 پلەدا دەمرێت

:: AM:10:59:18/04/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی لە زۆر لە ناوچەكانی دنیا پلەی گەرما بۆ سەرووی 15 پلە تا 30 پلە بەرز بووەتەوە، پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا هێشتا بەردەوامە، ئەگەرچی زۆر گرەو لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەكرا. زانایانی فڕەنسی لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرای دەكەن، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە  گەرمی 92 پلەدا دەمرێت. 

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، زانایانی فڕەنسی رایان گەیاند، بەگوێرەی ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كراون لە تاقیگەكان، ئەو ڤایرۆسە لە گەرمی 92 پلەدا توانای مانەوەی هەیە بۆ 15 خولەك و پاشان دەمرێت.

ماڵپەڕی (bioRxiv) توێژینەوەیەكی زانایانی فڕەنسی لە زانكۆی پڕۆفانس بڵاو كردەوە لەبارەی پێوەندی نێوان پلەی گەرما و ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لێكۆڵەران لە تاقیكردنەوەكەیان پلەی گەرمیان دژ بە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆن تا 60 پلە بەرز كردەوە، دوای سەعاتێك مانەوە لەو دۆخە، بینییان ڤایرۆسەكە توانای مانەوە و بەرگە گرتنی هەیە.

ئەو رێكارەی لێكۆڵەرانی فڕەنسی گرتیانەبەر، رێكارێكی باوەڕ پێكراو و پشت پێ بەستراوە لە زۆرینەی تاقیگە زانستییەكانی پێوەند بە ڤایرۆسەكان.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گەرمی 92 پلەدا بۆ ماوەی 15 خولەك دەژیت


لێكۆڵەران وردە وردە پلەی گەرمیان بەرز كردەوە، دەڵێن ڤایرۆسەكە توانای مانەوەی لە هەموو پلەیەكی گەرمی سەرووی 60 پلە هەبوو، تەنیا لە پلەی گەرمی 92 پلەدا توانای مانەوەی بۆ 15 خولەك هەبوو. 

زانا فڕەنسییەكان بۆ تاقیكردنەوەكەیان، خانەی مەیموونێكی ئەفریقی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان هێنا، بەجۆرێك دوو ڤایرۆس، یەكێكیان لە ناوچەیەكی پڕ لە پرۆتین و ئەوەی تریان لەناوچەیەكی بێ پرۆتین بوو.

 بەگوێرەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكە بێت، ئەو ڤایرۆسەی لە ناوچەیەكی پاك و بێ پرۆتین بوو، لە گەرمی 60 پلەدا بە تەواوەتی لەناو دەچێت، بەڵام لەوەی تر دەمێنێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق