دارک.. ململانێی قەدەر و ئیرادە

:: PM:10:30:19/04/2020 ‌

لەناو ئەو بەرهەمە درامیانەی کە بەردەوام دێنە بەرهەم و لەسەر ناوەڕۆک و بابەتی جیاواز و ڕێبازی ڕیالی و سوریالی دەگرنە بەر، دانەیەکیان بەجیا شوێنێکی بۆخۆی داگیر کردووە کە لە هیچیان ناچێ، وێڕای ئەوەی پشتی بە خەیاڵی زانستی بەستووە، ئەویش درامای تارمایی (دارک)ـە کە بە تەواوی لەناو ململانێیەکی فکریدا قووڵ بووەتەوە.

یەکێک لە قازانجەکانی کەرەنتینە بەهۆی کۆرناوە، وێڕای زیانە گەورەکانی ئەو ڤایرۆسە، گەڕانەوەی خێزانەکان بوو بۆ ناو یەکتری و لەگەڵیشیدا پێکەوە تەماشاکردنی فیلم و دراماکان بوو. کۆمپانیای نێتفلێکس NetFlix ئەو هەلەی قۆستەوە و سەدان بەرهەمی نوێی خستە تۆڕەکەیەوە و توانی سەرنجی هەموو دنیا لە چوارچێوەی خۆیدا گیر بکات و ئێستە نێتفلێکس بووە بە ڕزگارکەری خەمۆکی لە ماڵەوە. دارک یەکێکە لەو بەرهەمانەی لە ساڵی 2017 به‌رهه‌م هاتووه‌ و زوو له‌وێش دانراوه‌.

دارک، درامایەکی ئەڵمانییە. تۆی خوێنەر ئەگەر کاتێک ناوی ئەڵمانیا دێت، نیتچە، هیگڵ، مارکس، ئەنتیشتایین و ئەو بیرکار و فەیلەسووفانە دێتە مێشکتەوە، ئەوە بەلاتەوە ئاسایی دەبێ کە درامایەکی ئاوا قووڵ ببینی، بەڵام ئەگەر لەناو ئەو سەدان بەرهەمە بازرگانییەی لە نێتفلێکس دەیبینی، لەپەڕ درامایەکی ئاوا قووڵ بێتە بەر چاوت، بە دڵنییاییەوە تووشی شۆکت دەکات.

یانتی فریز نووسەری دراماکە، بە کاری ئاوا قوول ناسراوە، پێشتریش ساڵی 2014  سیناریۆی فیلمێکی بەناوی " Who Am I" نووسی، ئەویش لەو بەرهەمانەیە کە دەبێ بە تێڕامانی زۆرەوە تەماشا بکرێ. سەبارەت بە درامای دارک دەڵێ: کاتێک خەریکی نووسینی سیناریۆکەی بووم، ئاگەدار بووم بەگشتی خەڵکی سەرسامی درامای تاوان و دیزن بوون، ئەو بەرهەمانەی ئەکشنیان زۆر تێدایە، ڕاستییەکەی من هەوڵم نەدا ئەو جۆرە بابەتانە بخەمە ناو سیناریۆکەوە، یان لایەنی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری شوێنەکان باس بکەم، بەڵکو زۆر بە چڕی لایەنە زانستییەکانم کۆ کردەوە و هەوڵم دا لە سیناریۆکە جێی بکەمەوە.

هەر لە درێژەی گوتەکانیدا دەڵێ: بۆ ئەوەی بابەتێکی ئاوا قووڵ و زانستی بکەمە سیناریۆی دراما، سەرجەم بەرهەمەکانی ئەنیشتاین و ستیڤن هۆکینگم خوێندەوە، بە تایبەتی لەسەر ئەو پرسارەی کە مرۆڤ تا چەند ئیرادەی ئازادی هەیە. دروستکردنی گەشت بەسەر سەردەمەکاندا، بۆ تێگەیشتنە لەو خاڵەی زانایان سەبارەت بە ئیدارە و قەدەر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە. کاتێک دەچیتە سەردەمی جیاوازەوە، دەبێ بزانی کام لایە هەڵدەبژێری، چونکە هەڵبژاردنەکەت ئەگەری هەیە ڕابردوو بگۆڕێ، دەشتوانی نەیکەیت و ڕابردوو وەک خۆی بهێڵیتەوە، بۆ ئەمەیش کۆمەڵێ بنەما هەیە دەبێ لەسەری بڕۆی. ئێمە لێرەدا بە تەواوی ئەو گفتوگۆیەمان بە ئاسانی پیشانی بینەر داوە کە زانایان لەسەری ناکۆکن، ئایا مرۆڤ بڕیارەکانی بەدەست خۆیەتی یان قەدەر؟ 

باران بو ئۆدار، دەرهێنەری دارک دەڵێ، هەوڵم دا هەرچۆنێک بێت ئەو سیناریۆ قووڵە فیکرییە بە شێوەیەک دابڕێژم کە لایەنی سەرنجڕاکێشی تێدا بێت بۆ ئەوەی وەک ماددەیەکی زانکۆ نەبێت کە کەس تاقەتی نییە سەیری بکات.

دەرهێنەری دراماکە زۆر بە باشی ئەوەی توانی بکات، لە ماوەی ١٠ ئەڵقەی یەکەم بەشدا، بە شێوەیەک دەتخاتە ناو سیناریۆکانەوە، جێی چاوتروکانیشت بە دەگمەن بۆ دەهێڵێتەوە و هەست دەکەی بەشێکی لە چیرۆکەکان، تەنانەت گومان لە بوونی ئێستەی خۆت دەکەی کە ئایا ئەگەر تۆی ئێستە، بە کەمێک دەستکاریی لە ڕابردوودا، وەک خۆتی ئێستە دەبووی یان دەبوویتە چی؟

ئەوەی خەڵکی ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێیە لێی حاڵی نابن، بزربوونی منداڵەکانیانە و دواتر گەورەکانیش هەر بزر دەبن، بەڵام تۆی بینەر لەوە تێ گەیشتووی ئەوان کە بزر بوون، بۆ کوێ چوون، بەڵام هەر بۆ وەڵامی پرسیارەکان دەگەڕێی کە خستوویەتە مێشکتەوە و جاری وایە ڕەنگە ئێرەیی بەوان ببەی کە هیچ ئاگایان لە بابەتەکە نییە، چونکە تۆی بینەر کە ئاگات لێیە، نازانی چۆن وەڵام بدەیتەوە.

ئەلبێرت ئەنیشتاین زانای گەورە کە گوتەکانی لە درامای دارک زۆر دووپات دەبێتەوە، دەڵێ: جیاوازی نێوان ڕابردوو، ئێستە و داهاتوو، تەنیا خەیاڵی خۆمانە و بەشێکە لە کەللـەڕەقییەکی بەردەمام. 

لەم درامایە هەرچەند ڕەنگە ئەو دێڕەی ئەنیشتانینی بۆ تێ گەیاندبی، بەڵام لە بەرانبەردا بەلایەنی کەمەوە ٢٠ پرسیاری بە وەڵامنەدراوی لە مێشکتدا هێشتووەتەوە، دەبێ خۆت خەریکی دۆزینەوەی وەڵامەکان بیت.

دراماکە سێ بەشە، تا ئێستە دوو بەشی بڵاو بووەتەوە. لە بەشی دووەمدا سەردەمێکی نوێ دێنێتە ناو سیناریۆکەوە، بەڵام تۆی بینەر بەلاتەوە ئاسایییە، چونکە خۆی لە دێژەی دراماکە فێر کراوە، بازنەی سەردەمەکان هەموو ٣٣ ساڵ جارێک دەرگەیەکی نوێی هەیە، کەواتە تۆ دەبێ پێشبینی بکەی لە بەشی چوارەم، ٣٣ ساڵ پێش ١٩٢١ یان ٣٣ ساڵ دوای ٢٠٢٠ نیشان بدات.



وشە - كوردۆ شابان