56 بیرە نەوتی باشووری مووسڵ كۆنتڕۆڵ كرانەوە

:: AM:10:58:18/10/2016 ‌

لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەمەوە هێزەكانی عێراق لە میحوەری گەیارە دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و توانیویانە بیرە نەوتییەكانی ناوچەی عەین جحێش كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە ناوچەی عەین جحێش ئاشكرای كرد، بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی عێراق و پۆلیسی فیدراڵی لە قۆڵی عەین جحێش دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و تا ئێستە توانیویانە 56 بیرە نەوتی ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە كە پێشتر لە دەستی تیرۆریستاندا بوو و ئەگەری سووتاندنی بیرە نەوتییەكان لەلایەن تیرۆریستانەوە لە ئارادا بوو.

هەروەها گوتی، هێزەكان لەسەرجەم قۆڵەكان دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و هەوڵەكانی داعش بۆ هێرش كردن بە تەواوی تێك شكێنراون و ئێستەش پێشڕەوییەكان بەردەوامە.

ناوچەی عەین جحێش دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای مووسڵ و باكوری رۆژئاوای گەیارە و رۆژئاوای شارەدێی شۆرە، یەكێكە لە ناوچە نەوتییە گرنگەكانی مووسڵ.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی جەنگی ڕزگاری مووسڵی ڕاگەیاند، دواتریش لە سەعات 5:30ی بەرەبەیان یەكەم پێشڕەوی لە میانەی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە میحوەری خازر دەستی پێ كرد و لە سێ قۆڵەوە بەرەو گوندەكانی دەوروبەری حەمدانییە و بەرتلە پێشڕەوییان كرد، تا ئێوارە توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و ڕووبەری 200 كیلۆمەتر دووجاش داعش دوور بخەنەوە، هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕ-مەخموور و میحوەری بەعشیقە و بەنداوی مووسڵ و ئاسكی مووسڵ جموجۆڵ هەبوون و تیرۆریستان گورزی كوشندەیان پێ كەوت.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری عێراق رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی كە ژمارەیان 60 هەزار چەكدار دەبوو، كەوتە دەست تیرۆریستان و دوای دوو ساڵ و چوار مانگ و حەوت ڕۆژ هێرش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و چەكدارانی حەشدی نیشتمانی دەستی پێ كرد.

سه‌رچاوه‌: مه‌دا پرێس.


وشە - باز ئه‌حمه‌د