هونه‌ر كه‌ریم رۆماننووسێكى گه‌نجه، ئه‌و تا ئێسته سێ رۆمانى بڵاو كردووه‌ته‌وه، یه‌كێكیان به زمانى كوردى و دووه‌كه‌ى تر به زمانى عه‌ره‌بى، له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا هونه‌ر باس له ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كانى ده‌كات، سه‌رسامى خۆى به‌وه ده‌رده‌بڕێ ئه‌و رۆمانه‌ى به زمانى عه‌ره‌بى نووسیویه‌تى له‌لایه‌ن رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان بابه‌تى له‌سه‌ر ده‌نووسرێت، كه‌چى ره‌خنه‌گرانى كورد هیچ شتێكیان له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ى نه‌نووسیوه.
تا ئێسته ئه‌وه‌ی من ئاگه‌دارم دوو رۆمانت بڵاو كردووه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان به كوردی و ئه‌ویتریان به زمانی عه‌ره‌بی، ئایا هیچ كتێبێكی ترت بڵاو كردووه‌ته‌وه یان به نیازی هیچ كتێبێكی تر بڵاو بكه‌یته‌وه؟
به‌ڵێ ڕۆمانێكی عه‌ره‌بی ترم هه‌یه به ناوی (زه‌وی له‌سه‌ر قۆچی گا) له ٢٠١١ له هه‌ولێر چاپ كرا، باس له ئه‌نفال ده‌كات، خه‌ڵاتی (قه‌ڵه‌م)ى له میسر برده‌وه. ئێسته ڕۆمانێكی كوردیم ئاماده‌یه به ناوی (گۆڵچی) هیوادارم به‌م زووانه بڵاو ببێته‌وه.
ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین له نووسینى رۆمان به فۆڕمه نوێیه‌كانى دنیا بگه‌ین
له‌و دوو رۆمانه دوو ناونیشان هه‌ن "په‌پووله‌كه‌ی كافكا" و"فانتازیای به‌ڕێز گلگامێش" وه‌ك تێبینی ده‌كرێت، دوو كاره‌كته‌ری ناسراو له ناونیشانه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت "كافكا" و"گلگامێش"، ئایا ئه‌مه‌ت وه‌ك تهكنیكیك داناوه یان راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به رووداوه‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌وه هه‌یه؟
ڕاستییه‌كه‌ی هیچ له‌م كاره‌كته‌رانه بوونیان له‌ناو ڕۆمانه‌كان نییه، ته‌نیا وه‌ك ته‌كنیك به‌كار هاتوون، سوودم له بیرۆكه‌كانیان وه‌رگرتووه. رۆمان له دنیادا فۆرمی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و به‌رده‌وام له پێشكه‌وتندایه. یه‌كێك له‌و ته‌كنیكه تازه‌گه‌رییانه كه له رۆمانی (پۆست مۆدیرن) به‌كار دێت پێی ده‌گوترێت رۆمانی (له‌ناوچوون)، واتا هه‌موو بیرۆكه‌كان باس كراون، ئێسته‌ش بیرۆكه‌ی رۆمانه كۆنه‌كان به‌كار ده‌هێنرێته‌وه به‌ڵام به فۆرمێكی نوێ داده‌ڕێژرێته‌وه، بۆ نموونه رۆمانی (نه‌فره‌ت له دۆستوڤیسكی) (عه‌تیق ره‌حیمی)، رۆمانی (فرانكشتاین له به‌غدا) (ئه‌حمه‌د سه‌عداوی) ، رۆمانی (ده‌ریای سارگوزی به‌رفراوان)، (چین ریس)، ئه‌وانه هه‌موویان بیرۆكه‌ی رۆمانی پێشووترن، به‌ڵام به شێوازێكی نۆی نووسراوه‌ته‌وه به‌رگێكی هاوچه‌رخی پێی ده‌به‌خشرێت.
بۆ نموونه رۆماننووسێكی جه‌زائیری رۆمانێكی نووسیوه، باس له‌و كاره‌كته‌ره عه‌ره‌به ده‌كات كه له رۆمانی (نامۆ)ی (ئه‌لبێر كامۆ) ناوی هاتووه كه به خوێنێكی سارد، به‌بێ هیچ مه‌به‌ست و تاوانێك له‌لایه‌ن فڕنسییهكهوه ده‌كوژرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بیروكه‌یه خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی پێ به‌خشرا.
منیش له‌سه‌ر ئه‌و فۆڕمه رۆمانی (په‌پووله‌ی كافكا)م نووسیوه، ئه‌ویش به به‌كارهێنانی بیرۆكه‌ی رۆمانی (به‌د گۆڕان)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من دامڕشتووه له رۆمانه‌كه‌م (پێچه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی به‌دگۆڕانه)، ئه‌و كاته‌ی پاڵه‌وانی كافكا (گریگۆر سامسا) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می پیشه‌سازی نه‌فره‌تی لێ ده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ جانه‌وه‌ر گۆڕا، ده‌بێت به كه‌سێكی بێ كه‌ڵك، له كاره‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه، ته‌نانه‌ت خێزانه‌كه‌ی نه‌فره‌تی لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له (په‌پووله‌ی كافكا) پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه (كورده) كه ناوی ته‌عریب ده‌كرێت و ده‌بێت به (وسام) به‌بێ ئاگاداری خۆی، ده‌سخۆشی لێ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت له كاره‌كه‌ی پله‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن به‌عسییه‌كان.
له‌باره‌ی رۆمانی (فانتازیای به‌ڕێز گلگامێش)، (گلگامێش) له ئه‌فسانه‌ی سۆمه‌ری به دوای نه‌مری ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام پاڵه‌وانی ئه‌م رۆمانه له به‌غدا ته‌نیا به دوای ژیانێكی ئاسایی ده‌گه‌ڕێت، وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له‌م دنیایه‌دا به ئاسووده‌یی و بێ كێشه بژێت نه‌ك له ده‌ستی تیرۆریستان بكوژرێت.
وه‌ك تێبینی ده‌كرێت زۆر بایه‌خ به ئه‌فسانه ده‌ده‌یت، بۆچی جارێكی تر كارت له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ی سۆمه‌ری كردووه؟ له كتێبێكی تریش كه له فه‌یسبووك داتناوه له ناونیشانه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ "زه‌وی له‌سه‌ر قۆچی گا" ئاماژه‌ت به ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆن كردووه، ئایا ئه‌فسانه بۆ تۆی رۆماننووس چ گرنگییه‌كی هه‌یه؟
وه‌ك ده‌زانی ئه‌فسانه‌كان سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی (گێڕانه‌وه‌یه)، شارستانیی خۆمان پڕن له چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی، بگره ڕاستی ناوی (گلگامێش) له (كه‌له‌ی گامێش)ه‌وه هاتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌فسانه‌كه باس كراوه، نیوه‌ی مرۆڤه و نیوه‌ی خوداوه‌نده، (گلگامێش) كوڕی (نهنسوون)ه خوداوه‌ندی مانگا، وه‌ك گامێش شه‌ڕی ده‌كرد. ئه‌و ئه‌فسانانه ده‌توانرێت سوودی لی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام به شێوازێكی نۆی دابڕیژرێته‌وه. رۆمانی (زه‌وی له‌سه‌ر قۆچی گا) ته‌نیا سوود له ناوه‌كه‌ی وه‌رگیراوه، كاتی خۆی ده‌یانگوت زه‌وی له‌سه‌ر قۆچی (گا) وه‌ستاوه، ئه‌وكاته‌ی سه‌ری ده‌له‌قێنێت زه‌وی ده‌هه‌ژێت، ئه‌م گوته‌یه‌م له رۆمانه‌كه‌م به‌كار هێناوه، كاتێ سه‌دام ناوچه‌كانی كوردستان بۆمبباران ده‌كرد و شاخه‌كانی ده‌هه‌ژاند.
تۆ وه‌ك نووسه‌ر ئه‌زموونی زمانی عه‌ره‌بی و كوردیت له بڵاوكردنه‌وه هه‌یه، كامیان زیاتر چێژی بۆ تۆ هه‌یه؟
هه‌ردووكیان چێژی خۆیان هه‌یه. كوردی زمانی دایكه، ده‌ربڕینى ئاسانتره، به‌ڵام زمانی عه‌ره‌بی ده‌بێت شاره‌زاییه‌كی زۆرت هه‌بێت تا بتوانی بنووسیت. رۆمانی عه‌ره‌بی له كێبه‌ركێیه‌كی گه‌وره‌دایه، به شێوازێكی زۆر جیاواز ده‌ڕوات، ته‌نانه‌ت شێوازی گێڕانه‌وه به په‌له ده‌گۆڕێت، ئێسته رۆمان دوور له گێڕانه‌وه‌ی (ئاسایی) ده‌نووسرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆمانی (پۆستی شه‌و) و (هودا به‌ره‌كات) براوه‌ی بوكه‌ری عه‌ره‌بی بوو، كه گێڕانه‌وه‌كه‌ی ته‌نیا به شێوه‌ی نامه‌یه و هیچی تر. هه‌روه‌ها رۆمانی (تانكی) (عالیه مه‌مدوح) باس له كاره‌كته‌ره‌كانی ناو وێنه‌یه‌كی كۆن ده‌كات. ئه‌و شێوازه له وڵاتانی تریش به‌كار دێت، وه‌ك (All that Man is) (دێڤید سیزالی)، (Hot Milk) و (دیبورا لیفی)، رۆمان به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدایه، ده‌بێ ئێمه‌یش هه‌وڵ بده‌ین تا بگه‌ین به‌و فۆڕمه نوێیانه و مۆركی خۆمان هه‌بێت له‌و كێبهركێیه.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین ده‌بینن زیاتر به زمانی عه‌ره‌بی وتار و ره‌خنه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانت ده‌نووسرێ نه‌ك كوردی، هۆكاری ئه‌مه چییه و هه‌ستی تۆ له‌سه‌ر ئه‌مه چییه؟
منیش سه‌رم به‌وه سوڕ ماوه. رۆمانه كوردییه‌كه‌م له ته‌كنیكدا له رۆمانه عه‌ره‌بییه‌كه كه‌متر نییه. كه‌چى چه‌ندان ره‌خنه‌گری عه‌ره‌ب باسیان له رۆمانه عه‌ره‌بییه‌كه كردووه، له چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك (رای الیوم) به‌ریتانی، (اخبار)ی میسری و ڕۆژنامه‌كانی عێراقی وه‌ك (الصباح الجدید) (المراقب) له‌سه‌ریان نووسیوه، ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌گرێك له جه‌زائیر داوای ڕۆمانه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بنووسێت، به‌ڵام تا ئێسته كه‌س له‌سه‌ر رۆمانه كوردییه‌كه‌م له ڕۆژنامه نه‌ینووسیوه، جگه له چه‌ند راڤه‌یه‌ك و ده‌ستخۆشییه‌ك نه‌بێت له چه‌ند بهڕێزێكهوه، له‌وانه كاك (ده‌وه‌ن مه‌عرووف) و (ئارام حه‌مه). ئایا ده‌كرێت ره‌خنه‌گرمان كه‌م بێت؟!.
له‌گه‌ڵ خانه‌كانی چاپكردن پێوه‌ندیت چۆنه؟ ئایا مافه‌كانی تۆ ده‌ستبه‌ر ده‌كه‌ن، یان تۆیش وه‌ك سه‌دان نووسه‌ر و وه‌رگێڕی تر گله‌ییت هه‌یه؟
ناوه‌ندی ئه‌ندێشه زۆر هاوكارم بوون و هیچ درێغییان نه‌كرد، هه‌رچه‌نده یه‌كه‌م رۆمانم بوو به زمانی كوردی بڵاو ده‌كرایه‌وه، به‌ڵام بیرۆكه‌كه‌یان زۆر به‌دڵ بوو. خانه‌كانی عه‌ره‌بی سیستمیان جیاوازه له‌وه‌ی كوردی، له خانه‌كانی عه‌ره‌بی نووسه‌ر به‌شدار ده‌بێت له تێچووی چاپكردنی كتێبه‌كه‌ى كه له لبنان چاپ ده‌كرێت، هه‌موویان به‌و شێوازه كار ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت (ئه‌حمه‌د سه‌عداوی) نووسه‌ری رۆمانی (فرانكشتاین له به‌غداد)، ده‌ڵێت كتێبه‌كه‌م تا ئێسته گه‌یشتووه‌ته چاپی هه‌ژده‌یه‌م، كه‌چی هیچ سوودیكم لێ نه‌بینی، به‌ڵام خانه‌كانی عه‌ره‌بی له هه‌موو پێشانگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی كتێب له وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شدار ده‌بن.
بیرت له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه ئه‌و عه‌ره‌بییه‌ی ده‌یزانی له بواری وه‌رگێڕان به‌كاری بهێنی، جا له عه‌ره‌بی بۆ كوردی یان به پێچه‌وانه بێت.؟
وه‌رگێڕان به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه به‌رانبه‌ر به هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی كه وه‌رده‌گێڕێت, تا ئێسته هه‌وڵم نه‌داوه. زیاتر خۆم به نووسینی رۆمانی نوێ سه‌رقاڵ كردووه، كاری وه‌رگێڕان بۆ كه‌سانی خۆی به‌جێ ده‌هێڵم، ئێسته‌ش رۆمانی (فانتازیای به‌ڕێز گلگامێش) له‌لایه‌ن ژنێك هاتووه‌ته وه‌رگێڕان و هیوادارم به‌مزووانه به چاپ بگات.
چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ده‌ڵێ رۆماننووسه‌كان باشترین رۆمانیان له دوایین ساته‌كانی ته‌مه‌ن ده‌نووسن؟
بۆ وا بگوترێت؟ رۆماننووسی گه‌نج هه‌یه بیرۆكه‌ی جوانیان نووسیوه، فوئاد تكرلی رۆمانی (روویه‌كى تر) كه له هه‌ره جوانترین شاكاره‌كانی رۆمانی عێراقییه كه له ته‌مه‌نی گه‌نجێتی نووسیویه‌تی. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه له‌وه‌وه دێت كه نووسه‌ر به دڵنیاییه‌وه له‌دوا ته‌مه‌نی زۆره‌وه له رووی مه‌عریفییه‌وه به‌رفراوانتر و شاره‌زاتر ده‌بێت و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی باشتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یش ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه بۆی دێت.
هونه‌ر كه‌ریم:
•رۆماننووسێكى گه‌نجه و خه‌ڵكى كه‌ركووكه.
•له ساڵى 1983 له به‌غدا له دایك بووه.
•ده‌رچووى زانكۆى به‌غدایه به‌شى ئه‌ندازیارى نه‌وت.
• له به‌ریتانیا ماسته‌رى له ئه‌ندازیارى نه‌وت وه‌رگرتووه.
•سێ رۆمانى بڵاو كردووه‌ته‌وه به‌ناوه‌كانى "پهپوولهكهى كافكا" و "فانتازیاى به‌ڕێز گلگامێش" و "زه‌وى له‌سه‌ر قۆچى گا".
•رۆمانێكى تر‌ى ئاماده‌یه به ناوى "گۆڵچى".
•خێزانداره و دوو منداڵى هه‌یه به ناوى "رۆمان" و "ساز".