سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بوونەتە مانشێتی میدیا بەناوبانگەكانی دنیا

:: AM:11:11:18/10/2016 ‌

دوێنێ دووشەم سەعات شەشی بەیانی فەرمانی هێرشكردن بەمەبەستی رزگاركردنی مووسڵ دەركرا و هەر لە چەند سەعاتێكدا هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی پێیان سپێردرابوو، سەركەوتنی بەرچاویان دەستەبەر كرد و سەركەوتنەكانیش بوونە جێگەی سەرنجی میدیاكانی دنیا و بە بایەخەوە باس لەو هەنگاوی یەكەمی رزگاركردنی مووسڵ كرا.

رۆژنامەی فۆرێن پۆلیسی Foreign Policy ئاشكرای كرد كە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەرەو شاری مووسڵ رۆیشتن و لە یەكەم هەنگاویاندا رووبەرێكی زۆر لەو ناوچانەیان رزگار كردووە كە پێشتر داعش كۆنترۆڵی كردبوون. سەرچاوەكە باسی لەوەش كردووە كە هێزەكانی ئەمەریكا لە نزیك بەرەكانی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق كار دەكەن و رۆڵی راوێژكارییان لە جەنگەكەدا هەیە.



بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستە پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكا لە عێراقن و ئاماژەی بە گوتەكانی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە دوێنێ دووشەم دوای سەركەوتنەكە گوتی ٢٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە خاكیان رزگار كردووە و توانیویانە سەرووی ئەو هەنگاوە ببڕن كە لە چاوەڕوانیاندا بوو.

لەلایەكی ترەوە ئاژانسی رۆیتەرز باسی لە سەركەوتنەكانی یەكەم رۆژی دەستپێكردنی جەنگی رزگاركردنی مووسڵ كرد. سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە كە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم لەدوای ٢٤ سەعات لە تێپەڕینی دەستپێكردنی هێرشەكە بۆ رزگاركردنی مووسڵ، باسیان لەوە كردووە كە ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی مووسڵ كە بە قەڵای سەرەكیی داعش هەژمار دەكرێت، رزگار بكەن.

بەگوتەی رۆیتەرز، بە گشتی لە سەرجەم بەرەكانی جەنگ دوێنێ دووشەم ٢٠ گوند رزگار كراون. هێزەكانی سوپای عێراق لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ پێشڕەوی دەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش لە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە پێشڕەوییان كردووە، جگەلەمە پێشمەرگە ناوچەكانی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی شارەكەشی لە ژێر كۆنترۆڵدایە.



رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیش بڵاوی كردەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لە دەستپێكردنی یەكەم هەنگاویان پاشەكشەیان بە چەكدارانی داعش بەرەو ناوەوەی شاری مووسڵ كردووە. هەروەها نووسیویەتی سەركەوتنی پێشمەرگە لە میحوەری خازر سەرەتایەكی باشە بۆ ئەوەی دەست بە هێرشكردن بۆ رزگاركردنی شارەكە بكرێت.

لەلایەكی ترەوە پەیامنێری سكای نیوز كە لە نزیك بەرەكانی جەنگەوە زانیاری خستووەتە ڕوو، باسی لەوە كردووە پێشمەرگە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و دوای ئەوەی چەندان گوند لە لایەن پێشمەرگەوە رزگار كراون، هێزەكانیان مەودایەكی ئەوتۆیان لەگەڵ چەكدارانی داعشدا نییە و ئاگری چەكەكانیان بە یەكتر دەگات. هەروەها پێشمەرگە كە پێشتر چەندان تونێلی نهێنیی داعشی دۆزیوەتەوە، لەو گوندانەش كە رزگاری كردوون خەریكی گەڕانە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شوێنە نهێنییانە ئاشكرا بكات.



رۆژنامەی نیویۆرك تایمز كۆمەڵێك وێنەی سەرنجڕاكێشی لەسەر جەنگی دوێنێ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، ئەوەی پێشمەرگە لەگەڵیدا بەرەوڕووە، بریتییە لە بۆمبی چێنراو و ئەو دووكەڵە ڕەشەی بەری ئاسمانی گرتووە و داعش دەیەوێت بەو فێڵە رێگری لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بكات.

سەرچاوەكە چیرۆكی ئەو تانكەی گێڕاوەتەوە كە لە نزیك گوندی بادانا ویستوویەتی بەرەو پێشمەرگە بێت و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام چارەنووسەكەی بەرزبوونەوەی دوووكەڵێكی سپی بووە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردووە كە قۆناغی یەكەمی جەنگەكە بە سەركەوتوویی جێبەجێ كراوە.

بەگوتەی ئەو رۆژنامەیە، پێشمەرگە زۆر بە وردی بەو تانك و ئامێرانەی لە بەردەستیدا بوو، پێشڕەوی كرد و لە ماوەی قۆناغی یەكەمی سەركەوتنەكەشیدا پێنج ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوی تەقاندەوە كە داعش دەیویست بەهۆیانەوە رێگری لە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بكات.



رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش ئاشكرای كرد كە پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمانان، دەستیان بە گرنگترین جەنگ كرد كە ئامانجەكەی ئەوەیە دووەم شاری گرنگی عێراق كە دوو ساڵە لە دەستی چەكدارانی داعشدایە، رزگار بكرێت.

ماڵپەڕی ئەڵمانی دۆیچە وێلێ بڵاوی كردەوە دوای دەستپێكردنی هێرش بۆ  رزگاركردنی مووسڵ ، سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە چەندان بەرە چەكدارانی داعشیان تووشی شكست كرد و كۆمەڵێك گوندیشیان رزگار كرد.

سەرچاوەكە دەڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە كۆمەڵێك ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوی داعشیان تەقاندووەتەوە و نەیانهێشتووە پلانەكانی داعش سەربگرێت، هەروەها نووسیویەتی بەرەكانی شەڕ لە باكور و رۆژهەڵاتی مووسڵ لە لایەن كوردەوە فەرماندەیی دەكرێت.



هاوكات  ماڵپەڕی "بی بی سی" بڵاوی كردوە كە هێرشكردنە سەر مووسڵ و سەركەوتنەكانی، زۆر لەوە خێراتر بوون كە چاوەڕوان دەكرا. سەرچاوەكە لە زاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكاوە نووسیویەتی، لەوانەیە هێرشەكە ماوەیەك بخایەنێت، چونكە دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكرێ ئایا چەكدارانی داعش بەرگری دەكەن یان پاشەكشە دەكەن. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستە تانكەكانی پێشمەرگە ٣٠٠ مەتر لە بنكەكانی داعش دوورن.


وشە - سلێمان تاشان