دیاردەی "عەرازە" چییە كە پێنجەم بكوژی عێراقییەكانە؟

:: PM:08:01:05/02/2017 ‌

راپۆرتەكانی ناوەخۆی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ململانێی خێڵەكی و دابونەریتی "عەرازە" سەر دەنێنەوە، ساڵانە نزیكەی شەش هەزار كەس دەبن، بەم شێوەیە دەبێتە پێنجەم هۆكاری بكوژی عێراقییەكان لە دوای تیرۆر و نەخۆشی و رووداوەكانی ئۆتۆمبێل و مادەی هۆشبەرەوە. 

دیاردەی "عەرازە" رێورەسمێكی خێڵەكییە لە باشووری عێراق و یەكێكە لە بڵاوترین هۆكارەكانی كوشتن یان پەككەوتەیی كە زۆرجاریش كێشەی تر بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەو دابونەریتە بریتییە لە رێوڕەسمێك كە لەلایەن پیاوانی خێڵەكی لە دوای ئاهەنگی هاوسەرگیری یان لە دوای پرسە دایدەمەزرێنن كاتێك دەیان پیاو لە بازنەیەك كۆ دەبنەوە و خۆیان بە چەكی سووك و ناوەند چەكدار دەكەن و بە رێژنە گوللە بۆ هەوا دەتەقێنن لەگەڵ هوتافلێدان و گوتنەوەی درووشم.

ئەنجامدانی ئەو دیاردە دەبێتە هۆی كوژرانی 5-10 پیاو لەناو بازنەكە و برینداربوونی دەیانی تر، ئەوەش بەهۆی زۆری ئەو گوللانەی كە هەڕەمەكی دێتە تەقاندن یان بەهۆی چەقۆ وەشاندنی هەڕەمەكییەوە، كە زۆرجار تفەنگەكە لە دەستی پیاوەكان دەردەچێت و گوللە بەر ئامادەبووان لەو بازنە دەكەوێت و ژمارەی ئەو گوللانەشی لە "عەرازە" دێتە تەقاندن دەگاتە 10 هەزار گوللە.

توێژەران لەو بارەوە دەڵێن كە ئەو دابونەریتە لە دوو سەتەی رابردوو هاتووەتە عێراق و پێوەندی بەو ناوچەوە نییە، چالاكانی راگەیاندنیش بەم دواییە تۆمارێكیان بڵاو كردەوە كە لە یەكێك لە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكانی عێراقیش هاتە پەخشكردن و پێشانی دا كە چۆن لە كاتی بەڕێوەچوونی "عەرازە" و بەهۆی تەقەیەكی زۆرەوە كەسانێك لە نێوان كوژراو و بریندار دەبنە قوربانی لە شاری موسەنا لە باشووری عێراق. 

سەرۆك هۆزەكان لای خۆیان سەركۆنەی ئەنجامدانی ئەو دابونەریتەیان كرد و داواشیان كرد بۆ رێگرتن لێی رێوشوێنی توندی تەناهی وەربگیرێت كە لە دوای چەندان بۆنە كوژراو و برینداری لە تەمەن جیاجیاكانەوە لێ كەوتووەتەوە.

رێوشوێنەكانی رێگرتن لە "عەرازە" گەیشتە ئەو ئاستەی حكوومەتی عێراق و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤیش داوای كاراكردنی یاسای قەدەغەكردنی تەقەكردنی لە كاتی بۆنەكان كرد، ئەو لە بەیاننامەیەكدا بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارە نابەرپرسەی لەكاتی بەڕێوەچوونی بۆنەكاندا كرد و ئاماژەی كرد كە تا ئێستە بەو هۆیەوە دەیان هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و دەیانری تریش بریندار بوونە و ئەوەش پێشێلكردنی مافی مرۆڤە و سەرچاوەی نیگەرانی و ترسی هاووڵاتییانە و پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافی ژیان و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی هاووڵاتییان. 

شێخ فەخری شمەری یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی باشووری عێراق رای گەیاند كە ئەو نەریتە زۆر مەترسیدارە، چونكە گوللەیەكی زۆری تیادا دەتەقێندرێت و لە ئاستێكی زۆر نزمیش كە چەندان جار كوژراو برینداری لێ كەوتووەتەوە.  

زیاتر گوتی، ئێستە تەنیا چەكی سووك و ناوەند و كلاشینكۆف و بیكەیسی لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەو نەریتە بەكار نایەت، بەڵكو كار گەیشتووەتە بەكارهێنانی قازیفە و مووشەك كە لە بنكەی سەربازییەكانی سوپای عێراق دەرهێندراون، ئەوەش پەرەسەندنێكی زۆر مەترسیدارە و پێویستە دەوڵەت رایبگرێت. 

جەعفەر سەماوی یەكێكە لە بەشدارانی "عەرازە" وای بۆ دەچێت كە كێشەكە ئەوەیە كە هۆزەكان وای بۆ دەچن كە تەقەكردن لە كاتی بۆنەكاندا ئاماژەیە بۆ پیاوەتی و شكۆداری، بەبێ ئەوەی تێبینی مەترسی تەقەكردن لە ناو خەڵكی و لە ناو گەڕەك و بۆنەكاندا بكەن كە رەنگە سەتان كەس لەوێ كۆ ببێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە چەك زۆر بڵاوە و كۆنتڕۆڵ نەكراوە، تەنانەت مێردمنداڵانیش لەكاتی "عەرازە" گوللە لە بەرزاییەكی كەم دەتەقێنن و زۆرجار چەكەكە لە دەستیان وەردەگرێت و گوللەكان بەر خەڵكەكە دەكەوێت و زیانی گیانی دروست دەبێت. 

چاودێران تەشەنەكردنی ئەو دیارەدە و تەقەكردنی هەڕەمەكی لە كاتی بۆنەكان بۆ لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگە تەناهییەكان دەگەڕێننەوە كە ناتوانن رێگری لە خێڵە چەكدارەكان بكەن كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بەو هۆیەوە شەڕ كەوتە نێوانیان دەیان كەس بوونە قوربانی.

لە كاتی بەڕێوەچوونی "عەرازە" سەتان رەنگە هەزاران كەس لە هۆز و خێڵە جیاجیاكانەوە لە كاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری یان رێوڕەسمی ناشتنی تەرمێك بە چەكی جیاجیا لە بازنەیەكەوە كۆ دەبنەوە و بە تەقەكردنێكی زۆر بۆ ئاسمان هەستی خۆشی و ناخۆشی خۆیان پێشان دەدەن، لای خۆیەوە دەزگە تەناهییەكان خۆیان لەو دیاردە و قەدەغەكردنی بەدوور دەخەن، چونكە لای خێڵەكان دیاردەیەكی پیرۆزە و رەنگە بۆ رێگرتن لێی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان روو بدات و قوربانی لێ بكەوێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل