تەندروستی جیهانی: ئەوانەی لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە ئەگەری تووشبوونەوەیان هەیە

:: PM:07:27:25/04/2020 ‌

لەوكاتەی ئامارەكانی تووشبوون و مردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند ناوچەیەكی دنیا هێشتا روو لە هەڵكشانە، رێكخراوی تەندروستی جیهان وریایی دەدات، بەوەی تا ئێستە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی ئەوانەی لە پەتای كۆڤید-19 چاكبوونەتەوە و لەشیان خاوەنی دژەتەنی دژ بەو ڤایرۆسەیە، پارێزراون و دووبارە تووشی نابنەوە.
خۆپارێزی بەردەوام پێویستە
رێكخراوەكە ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا وریایی دا لە پشتبەستن بە "رەگەزنامە پارێزراوی" یان "بەڵگەنامەی پاكی" لە مەترسی، بەهۆی چاكبوونەوە لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە دا، رای گەیاند كە ئەو كارانە وا دەكەن ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زیاتر بێت، چونكە ئەوان رێنوێنییە پزیشكی و خۆپارێزییەكان پشتگوێ دەخەن.

ئەوە لەوكاتەی بەرپرس و شارەزایانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر رایانگەیاندبوو كە ئەوانەی لەو پەتایە چاك دەبنەوە، پارێزراو نین بەوەی چارێكی تر تووشی نابنەوە، هەفتەی رابردوو چیلی رای گەیاند كە دەست بە دابەشكردنی "رەگەزنامەی تەندروستی"، بۆ ئەوانە دەكات كە چاكبوونەتەوە.

ئەو بەڵگەنامانە پشت بە پشكنینی كەسەكان دەبەستن و ئەگەر دەركەوت كە لەشی ئەوان دژەتەنیان دژ بەو ڤایرۆسە بەرهەمهێناوە، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كار، بەوپێیەی ئەو دژەتەنانە وادەكەن لە تووشبوونەوە دەیانپارێزن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە زۆرێك لە وڵاتان هەوڵی گەیشتن بە شێوازێك بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی ئابووری وڵاتەكە، دەكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل