گوڵاڵه خه‌یاتی یه‌كێكه له ئه‌كته‌ر و سینه‌ماكاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێیه، ڕۆڵێكی به‌رچاو و دیاری له زۆربه‌ی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی كوردستان هه‌یه، له دیمانه‌ی ئه‌مجاره‌ی "وشه"ـدا باس له هۆكاره‌كانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له هونه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌و ماوه‌یه هونه‌ره‌كه‌م بۆ دۆستان و ئازیزانم له تۆڕه كۆمه‌ڵاتییه‌كان به‌كار هێنا، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانتر كاته‌كانیان تێپه‌ڕێنن.
سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێ بزانین له ڕۆژانی كه‌ره‌نتیندا چۆن ژیانت به‌ڕێ كردووه؟
به هه‌بوونی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دنیای پێوه‌ندییه‌كانیش گۆڕاون و له‌م سه‌رده‌مه‌دا دووركه‌وتنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ڕوو ده‌دات، به‌ڵام یه‌كتربینین و پێكه‌وه گفتوگۆكردن به بوونی ئه‌م دنیا نوێیه هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت، ڕاسته ئه‌م یه‌كتربینینه نابێته ئه‌وه‌ی باوه‌ش به كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێیانته‌وه بكه‌یت، به‌ڵام به‌م جۆره پێكه‌وه شادبوونه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت پێش كۆرۆنا ڕاهاتبووین. بۆیه ئه‌م ماوه‌یه‌ی له ماڵه‌وه بووین، دیسان ده‌رفه‌تێك بوو بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر به كه‌سوكار و دۆست و ئاشنا و هاوخه‌می و لێكته‌گه‌یشتنی زیاتر و هاودڵی زیاتر و خه‌مخۆری زیاترمان بۆ یه‌كتر، له‌وانه‌یه بتوانین بڵێین ئه‌م ڕووداوه مرۆڤه‌كانی زیاتر پێكه‌وه نزیك كرده‌وه تا دوورخستنه‌وه. منیش به‌شێكی زۆری كات و كاره‌كانم و ته‌نانه‌ت هونه‌ره‌كانم بۆ دۆستان و هاوڕێیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كار هێنا تا سه‌رده‌می بوونیان له ماڵه‌وه به ئاسانتر تێپه‌ڕ ببێت.
مانه‌وه و پابه‌ندبوونتان به ڕێكاره‌كانی حكوومه‌ت به‌لاوه چۆن بوو؟
مانه‌وه له ماڵه‌وه پێویست بوو، ده‌بێ ده‌ستخۆشی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین كه زۆر زوو فریا كه‌وت و كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسا و رێنوێنیی زۆر باشی جێبه‌جێ كرد، من له‌و باوه‌ڕه‌شدام ئێسته‌ش خه‌ڵك به بێ هۆ و ئه‌گه‌ر پێویستی نه‌بێ، نابێ بچێته ده‌ره‌وه و هێشتا مه‌ترسیمان له‌سه‌ره و ئه‌وه‌شی كه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه ده‌بێت هه‌موو ڕێكاره ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێ بكات.
ته‌نیا ئه‌وه ئێمه نین كه له هونه‌ر دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه، به‌ڵكو هونه‌ریش له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه
بۆچی ماوه‌یه‌كه له هونه‌ر دوور كه‌وتوویته‌وه؟
زۆر به‌داخه‌وه ده‌توانم بڵێم ته‌نیا ئه‌وه ئێمه نین كه له هونه‌ر دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه، به‌ڵكو هونه‌ریش له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه و ئێمه‌ش لێی دابڕاوین، چۆن ده‌بێت كار و پڕۆژه‌ی هونه‌ری هه‌بێت و له ئێمه وه‌ك هێزێكی هونه‌ری كه ئه‌زموونێكمان هه‌بووه كه‌ڵكی وه‌رنه‌گرتبێت، یان ئێمه پێمان خۆش بووبیت كارێك كه حه‌ز و توانایه‌كمان تێدایه، به‌شداری تێدا نه‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی ژنان كه ژماره‌مان بۆ به‌شداری له‌كاری هونه‌ری و سینه‌مایی زۆر نییه، بۆیه ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌ی من پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به ژینگه‌ی هونه‌ری كوردستانه‌وه هه‌یه، هیوادارم له‌مه زیاتر به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه نه‌چین.
ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ریت بێته پێش به‌شداری ده‌كه‌ی؟
بێگومان دڵم پێ خۆش ده‌بێت و هه‌رچی له‌توانامدا بێت ده‌یخه‌مه‌گه‌ڕ، هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت كارێكی هونه‌ری بێت كه منیش په‌سه‌ندی بكه‌م و هه‌ست به‌وه بكه‌م باری هونه‌ری باش و په‌یامی باشی هه‌یه. ده‌ڵێن كوێر چیت له خوا ده‌وێت؟ دووچاوی ساغ! چاوی ساغ بۆ ئێمه‌ش كاری هونه‌رییه.
جیا له نواندن، تۆ له چه‌ند به‌شێكی تری هونه‌ریی ئه‌زموونت هه‌بووه، توانای خۆت زیاتر له كامیان ده‌بینیته‌وه؟
ئه‌و پرسیاره بیرم ده‌خاته‌وه كه حه‌زم له چه‌ند هونه‌رێك هه‌بووه و له ناو چه‌ند هونه‌رێكدا به شانازی به‌ڕێدا ڕۆیشتووم و هه‌ستم به بوونم كردووه تێیاندا. حه‌زم له هه‌موو بواره‌كان بووه و تا گه‌یشتن به خاڵێكی دڵخوازم هه‌ر تامیان ده‌كه‌م و چێژیان لێ ده‌به‌م، جا نواندن بێت یان گۆرانی یان نووسینی هۆنراوه بێت.
نێوانت له‌گه‌ڵ نووسینی شیعر چۆنه و له‌گه‌ڵ شیعره‌كانت گه‌یشتووی به كوێ؟
به‌ڵێ كۆمه‌ڵێك هۆنراوه‌م نووسیوه و پێم وایه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم، چونكه حه‌زم لێیه، هه‌ڵقۆڵاوی ده‌روون هه‌ستێكه ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زۆرتر ده‌بێت و كۆتایی نایه‌ت. مه‌رجیش نییه هه‌ست و په‌یامه‌كانی مرۆڤ ته‌نیا له هۆنراوه‌دا بێت، ئه‌مه‌ش ڕێیه‌كی به‌هێزه.
په‌یامی ئێوه‌ی هونه‌رمه‌ندان له كۆتا ساته‌كانی كۆرۆنا له كوردستان چییه؟
من سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه له قۆناغی یه‌كه‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌ڵام داواشی لێ ده‌كه‌م هۆشیارانه و بێ كه‌وتنه ژێر گۆشار ئه‌م بابه‌ته هه‌ر به ڕژدی وه‌ربگرێت و به‌رده‌وام بێت له سه‌پاندنی یاساكانی پاراستنی خه‌ڵك، داواش له خه‌ڵك ده‌كه‌م بابه‌تی كۆرۆنا زۆر به ڕژدی وه‌ربگرن و تا كۆتانه‌هاتنی یه‌كجاره‌كی ئه‌م په‌تا جیهانییه، ئاگایان له خۆیان و خۆشه‌ویسته‌كانیان بێت و تا بۆیان ده‌كرێت له ماڵه‌وه نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه و دووری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕاگرن.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال