ئاسۆ كه‌ریمى فۆتۆگرافه‌ر ده‌ستى به پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌رى فۆتۆگرافى كردووه به ناونیشانى "كۆرۆناى ئازیز" كه له 20 وێنه پێكهاتووه، هه‌موو وێنه‌كان په‌یامى تایبه‌تى مرۆڤن له سه‌رده‌مى كۆرۆنا.
ئاسۆ كه‌ریم له لێدوانێكى بۆ "وشه" باسى له ورده‌كارى پڕۆژه‌كه‌ى كرد و گوتى، "ته‌نیا به‌خۆم له پڕۆژه‌كه‌دام، له 20 وێنه پێكهاتووه تا ئێسته نۆ وێنه‌یان ته‌واو بوون".
هونه‌رمه‌ندى فۆتۆگرافه‌ر بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه چه‌ندان خه‌ڵكى جیاوازى به‌كار هێناوه و له وێنه‌كان به‌شدارن، هه‌ر یه‌كێك له وێنه‌كان په‌یامێكى له‌خۆ گرتووه و په‌یامه‌كه وه‌ك تابلۆیه‌ك نووسراوه به ده‌ستى كاره‌كته‌ره‌كانى ناو وێنه‌كانه‌وه. گشت په‌یامه‌كان به ئینگلیزى نووسراون و باس له ژیانى مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن له سه‌رده‌مى كۆرۆنا و مانه‌وه‌یان له ماڵه‌وه.
ئاسۆ كه‌ریم: وێنه‌كانم باس له په‌یامه مرۆییه‌كانى سه‌رده‌مى كۆرۆنا ده‌كه‌ن
له‌باره‌ی په‌یامه‌كان ئاسۆ بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد، ناوه‌ڕۆكى په‌یامه‌كان خۆى نووسیونى و له‌كاتى گفتوگۆكردنى له‌گه‌ڵ خه‌ڵك له‌لاى گه‌ڵاله بوون، ئاسۆ هه‌ندێك له په‌یامه‌كانى بۆ "وشه" كرد به كوردى و تێیدا وه‌ك شێوازێكى گفتوگۆى مرۆڤه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، له‌وانه "ئێمه‌ت فێرى خۆشه‌ویستى خۆمان كرد" و " ئه‌و كتێبانه‌ى كه ساڵانێك په‌راوێزم خستبوون پێیان ئاشنا كردمه‌وه" و "تۆ خۆشه‌ویستیت له نێوانى ئێمه بڵاو كرده‌وه".
هونه‌رمه‌ند له ته‌واوى په‌یامه‌كانى باس له‌وه ده‌كات هه‌رچه‌نده كۆرۆنا بۆ مرۆڤایه‌تى كوشنده بووه، به‌ڵام له‌ماوه‌ى خۆپارێزى و مانه‌وه له ماڵه‌وه مرۆڤى تووشى ئه‌وه كردووه به‌خۆیدا بچێته‌وه و جارێكى تر بۆ شته جوانه‌كان بگه‌ڕێته‌وه. ئاسۆ كه‌ریم له‌باره‌ی ئامانجى له‌و كاره گوتى، "ئه‌و پڕۆژه‌یه زیاتر بۆ هاندانى خه‌ڵكه تا هه‌وڵ بده‌ن ئاسانتر و باشتر به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه سه‌ربكه‌ون كه وێنه‌كانیش له ناو په‌نجه‌ره‌كاندان، ماناى كه‌ره‌نتین و مانه‌وه‌یه له ماڵه‌وه كه ئه‌و مانه‌وه‌یه گه‌وره‌ترین هۆكار بوو بۆ سه‌ركه‌وتن".