میس ئالینا ڕاهێنه‌ری مه‌له‌وانی و ژنه مۆدێلیستی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه به ڕه‌سه‌ن خه‌ڵكی ته‌وێڵه و بیاره‌یه، ماوه‌ی نۆ ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و له شاری هه‌ولێر ده‌ژین. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" ده‌ڵێ جگه له كوردستان، حه‌ز ناكات له هیچ وڵاتێكی تر كاری مۆدێل بكات و ده‌یه‌وێ وه‌ك كچه كوردێك ده‌ربكه‌وێ، نه‌ك وه‌ك ئه‌وروپاییه‌ك.
بۆچی كه‌وتوونه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان؟
من له شاری سنه له دایك بووم، به‌ڵام به‌ڕه‌سه‌ن خه‌ڵكی ته‌وێڵه و بیاره‌ی ناوچه‌ی هه‌ورامانم و له تیره‌ی نهقشبهندیم له باشووری كوردستان. هۆكاری چوونیشمان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتی شه‌ڕه‌كه كه باپیره‌م ئه‌وكات كۆچ ده‌كات بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵام ماوه‌ی نۆ ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م گه‌ڕاوینه‌ته‌وه باشووری كوردستان و له شاری هه‌ولێر ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین.
بۆچی پێشگری "میس"تت به‌ناوی خۆت لكاندووه؟ ئایا هیچ نازناوێكی شاجوانیت به‌ده‌ست هێناوه؟
نه‌خێر هیچ نازناوێكی له‌م جۆره‌م به‌ده‌ست نه‌هێناوه و ته‌نانه‌ت بیریشم لێی نه‌كردووه‌ته‌وه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هه‌وادارانم له سۆشیال میدیا ئه‌م ناوه‌یان لێ ناوم، ئه‌ویش به زمانی كوردی به مانای "خاتوون" دێت.
چه‌ند ساڵه وه‌ك مۆدێل كار ده‌كه‌ی؟
له ئێران پێشتر كاری مۆدێلینگم زۆر كردووه، به‌ڵام له كوردستان ماوه‌یه‌كی كه‌مه ده‌ستم به كاره‌كه كردووه، چونكه من یاریزان و ڕاهێنه‌ری مه‌له‌وانیم له كوردستان. له هه‌مان كاتدا مامۆستای وه‌رزشم له قوتابخانه‌دا. هاوكات پێشتر له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك میدیاكار و پێشكه‌شكاری كارم كردووه و ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر بۆم بڕه‌خسێ، به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ری، چونكه حه‌زی زۆرم بۆ پیشه‌ی میدیایی هه‌یه.
ڕۆژانه زۆرترین كاتت بۆ كام له پیشهكانت ته‌رخان كردووه؟
زۆرتر به كاری "مۆدێلینگ"ـه‌وه سه‌رقاڵم. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بتوانم خزمه‌تی زیاتر به ژنی كورد بكه‌م و له‌و ڕێیه‌وه شتی زۆرتریان پێ بناسێنم، به تایبه‌تی له‌ڕووی "جلوبه‌رگ و مه‌یكه‌پ"ـه‌وه.
وه‌ك كچه مۆدێلێستیك تا چه‌ند حه‌ز به ئه‌وروپا ده‌كه‌یت بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانت؟
پێشتر له توركیا و دوبه‌ی پێشنیارم بۆ هات تا به‌شداری چالاكییه‌كی بواری مۆدێل بكه‌م، به‌ڵام ڕه‌تم كرده‌وه و به‌شداریم نه‌كرد، چونكه هیچ كات حه‌زی ئه‌وه‌م نه‌بووه كه له ده‌ره‌وه به تایبه‌ت له ئه‌وروپا كاری مۆدێلینگ بكه‌م، ته‌نیا حه‌ز ده‌كه‌م له خاكی خۆم ئه‌م كاره بكه‌م و به‌رده‌وام بم.
من كچێكی كوردم و نامه‌وێ ئه‌م سنوورانه ببه‌زێنم كه داونه‌ریت و كولتووری كوردی ڕێی نادات
له هه‌ر شوێنێك به‌شداری چالاكییه‌كی بواری مۆدێل بكه‌یت، ئاماده‌ی نمایش بۆ جلی ژێره‌وه و ڕووت بكه‌یت؟
نه‌خێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی من كچێكی كوردم و نامه‌وێ ئه‌م سنوورانه ببه‌زێنم كه داونه‌ریت و كولتووری كوردی ڕێی نادات، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ وه‌ك كچێكی كورد ده‌ركه‌وم نه‌ك كچی ئه‌وروپایی.
وه‌ك هه‌ر ژنه مۆدێلیستێكی تر نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاریت ئه‌نجام داوه؟
هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكاریم ئه‌نجام نه‌داوه، ته‌نیا فیله‌رم بۆ لێوم به‌كار هێناوه. به بۆچوونی من ده‌بێت ژنانی مۆدێلیست جوانییه‌كانیان سروشتی بن، چونكه هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر جوانییه‌كه‌ی هی خۆی بێت به‌بێ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری، ئه‌وه جوانییه‌كی زیاتر ده‌دات به‌و جلوبه‌رگ و كاڵایانه‌ی نمایشیان بۆ ده‌كات.
وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری فیلم و درامات كردووه؟
تا ئێسته به‌شداری هیچ فیلم و درامایهكم نه‌كردووه، به‌ڵام ئێسته پڕۆژه‌یه‌ك له به‌رده‌ستدایه كه درامایه‌كی كوردییه و بڕیاره به‌شداریی تێدا بكه‌م، به‌ڵام كۆرۆنا هه‌موو شتێكی لێ تێكداین و كاره‌كانمان ڕاگرتووه، بڕیاره دوای چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م دۆخه ده‌ست به‌كاره‌كانمان بكه‌ین و ئه‌وكات هه‌موو شتێك ڕوون و ئاشكرا ده‌بێت له‌باره‌ی دراماكه.
ئاماده‌ی به‌شداری هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ریی بكه‌یت كه دیمه‌نی ڕۆمانسی و ورووژێنه‌ری تێدا بێت؟
له هه‌ر فیلمێك یان درامایه‌ك به‌شداری بكه‌م، ئه‌گه‌ر بابه‌تی ماچكردن و باوه‌ش پێداكردنی تێدا بێت، به‌و مه‌رجه‌ی گوزارشت له خۆشه‌ویستی یان ژن و مێردایه‌تی یان دایكایه‌تیم بكات، به‌لامه‌وه ئاساییه، به‌ڵام بۆ مه‌به‌ستی ڕۆمانسی بێت، هه‌رگیز قبووڵی ناكه‌م و به‌شداری پڕۆژه‌كه ناكه‌م.
وشه \ محه‌مه‌د جه‌مال