سەبارەت بە نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی رای گەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردوو هیچ تووشبووێكی كۆرۆنا تۆمار نەكراوە.
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، لەماوەی 24 سەعاتی رابردوو هەزار و 612 پشكنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هیچ تووشبووی نۆێ لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكرا.
دوێنی 10 حاڵەتی كۆرۆنا لە سۆران تۆمار كرا و مەترسیی هەبوو ئەمڕۆ رێژەكە بەرزدەبێتەوە
هەرچەندە دوێنی 10 حاڵەتی كۆرۆنا لە سۆران تۆمار كرا و مەترسیی هەبوو ئەمڕۆ رێژەكە بەرزدەبێتەوە، بەڵام راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی رەت كردەوە.
لای خۆیەوە كرمانج عزمەت قایمقامی سۆران بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی بوونی 10 حاڵەتی كۆرۆنا دوێنی، ژمارەیەك پشكنین لە سنوورەكە ئەنجام دراون.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەمڕۆ دەست بەرێوشوێنی رشاندنی ناوچەكە كراوە و دوو گەڕەكیش كەرەنتین كراون.
كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان 366 تووشبووە، لەنێویاندا پێنج مردن هەیە و 325 نەخۆش چاكبووەتەوە و ئێستە 36 نەخۆش لە ژێر چاودێری ماون.