خواردنەوە كهوولییەكان بە دلیڤەری دەگەیەنرێنە ماڵان

:: AM:10:02:30/04/2020 ‌
بەهۆی مانگی ڕەمەزان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە سەرجەم دوكانەكانی مەیفرۆشتن دابخرێن، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی گەیاندن دەكەن و پۆلیسیش گرتنی كەسێك ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژ پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی مادە كهوولییەكان، ئەمڕۆ لەلایەن هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ڕزگاری، كەسێك گیرا كە بە ئۆتۆمبێلەكەی مادەی كهوولی دەفرۆشت.

بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە
گوتەبێژ پۆلیس ڕاپەڕین گوتی، كەسەكە لەسەر ڕێی سەرەكی نێوان چوارقوڕنە - بۆسكێن لە نزیك گوندی بۆسكێن، بەشێوەیەكی نهێنی هەستاوە بە فرۆشتنی چەند مادەی كهوولی جۆراوجۆر، دوای گرتنی كەسەكە، دەست بەسەر مادە كهوولییەكان و ئۆتۆمبێلەكەی گیرا.

باسی لەوەش كرد، دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ كرایەوە و بە بڕیاری دادوەر كەسەكە بەپێی مادەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشە بۆ گەیاندنی مادە كهوولییەكان بەردەوامی هەیە و بە ئۆتۆمبێل بۆ بەردەم ماڵانی دەگەیەنن.

لە هەرێمی كوردستاندا لە مانگی ڕەمەزان فرۆشتنی مادە كهوولییەكان بەهەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد