سێ‌ پێشنیاز لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ بەغدا دەخرێنەڕوو

:: AM:09:05:02/05/2020 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سێ پێشنیاز بۆ چارەسەری مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ بەغدا دەخاتەڕوو، ئەگەر كێشەی مووچە چارەسەر نەبوو.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێكدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی، سێ پێشنیازی بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران خستووەتەڕوو، ئەوەیش دوای ئەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا گەڕانەوە، ئەگەر دەرئەنجام و ئاراستەی كێشەكان بەرەو چارەسەربوون نەچن، ئەوا پێویستە سێ هەنگاو بگیرێنەبەر. 

پێویستە بە كۆدەنگی بڕیار لەسەر راگرتنی بوونی كورد لە بەغدا بدرێت
ئەو پەرلەمانتارە پێشنیاز دەكات، شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكبێت لە سەرۆك هەرێم، سەرۆك حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی لایەنە سیاسییەكان پێكەوە سەردانی بەغدا بكەن.

جەمال كۆچەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە بە كۆدەنگی بڕیار لەسەر راگرتنی بوونی كورد لە بەغدا بدرێت و وەزیران و پەرلەمانتاران بكشێنەوە.

باسی لەوەش كردووە، لە حاڵەتی رەوانەنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوا كورد بایكۆتی بەشداریكردن و دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی بكات، پێویستیشە بەر لە پێكهێنانی كابینەكە ئەو هەنگاوە بنێت، ئەگەرنا دوای دەنگدان بە كابینەكەی كورد هیچ كارتێكی فشاری لە بەردەستدا نابێت.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.



وشە - رامیار جەواد