هه‌رچه‌نده له قۆناغى ئۆپۆزسیۆنبوون له دژى رژێمى عێراق، پێوه‌ندى كورد و شیعه‌ى عێراق به "دۆستایه‌تى" وه‌سف كراوه، به‌ڵام وه‌ك چاودێرانى سیاسى ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، دواى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات له عێراق، شیعه وێنه‌یه‌كى جیاوازترى له ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوو به كورد پێشان نه‌داوه.
"پێوه‌ندیى كورد و شیعه" یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ى به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت و هێشتایش شایانى توێژینه‌وه‌یه، چونكه ئه‌م دوو پێكهاته‌ى گرنگى ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و زۆرجار ته‌با و زۆرجاریش دژى یه‌كتر ده‌وه‌ستنه‌وه. له‌و راپۆرته‌دا باس له كورد و شیعه‌ى ئێران ناكرێت، هه‌رچه‌نده به بڕواى چاودێران ئێران به ته‌واوى كاریگه‌رى به‌سه‌ر شیعه‌ى عێراقیش داناوه و ئاراسته‌یان ده‌كات. به‌ڵكو باس له شیعه‌ى عێراق ده‌كرێت كه پێشتر به‌رله‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس بڕووخێت، دوو هاوبه‌شى سه‌ره‌كى ئۆپۆزسیۆنى عێراق بوون، كه‌چى دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس ده‌ڕووخێت له ساڵى 2003 ئه‌و پێوه‌ندییه كاڵ ده‌بێته‌وه و رۆژ له دواى رۆژیش دژایه‌تى كورد له لایه‌ن شیعه‌وه به‌دى ده‌كرێت.
شه‌رق ئه‌وسه‌ت: كورد پێڕه‌وى سیاسه‌تى شیعه ناكات بۆیه كێشه‌كان زیاتر ده‌بێت
به‌بڕواى چاودێران و توێژه‌ران زیادبوونى ئه‌م دژایه‌تییه‌ى شیعه بۆ كورد چه‌ندان هۆكارى مه‌زه‌وى و سیاسى هه‌یه.
شیعه له‌ڕووى بیروباوه‌ڕه‌وه چۆن سه‌یرى كورد ده‌كات؟
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك زانایانى شیعه له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى رابردوو فه‌تواى ئه‌وه‌یان داوه نابێت كوشتار ده‌رهه‌ق به‌كورد بكرێت، به‌ڵام توێژه‌ران ده‌ڵێن شیعه له رووى بیروباوه‌ڕه‌وه دژایه‌تى كورد ده‌كات و په‌سه‌ندى ناكات، له‌وانه توێژینه‌وه‌یه‌ك پێشتر له ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى
"جه‌زیره" بڵاو كراوه‌ته‌وه، باس له‌وه ده‌كات له‌ڕووى بیروڕاى تایفییه‌وه شیعه كورد په‌سه‌ند ناكات، له‌وانه ئه‌بوحه‌سه‌ن ئه‌سفه‌هانى كه له ساڵى 1946 مردووه گوتوویه‌تى، نابێت شیعه تێكه‌ڵى كورد بن و هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، هه‌روه‌ها تووسى له كتێبى" نهایه فی مجرد الفقه و الفتاوى" ده‌ڵێ، نابێت تێكه‌ڵى كه‌سانى نزم بن كه یه‌كێك له‌وان كورده، یه‌كێكی تریش به ناوى كلینى له كتێبى "كافى" گوتوویه‌تى ته‌نیا به شمشێر كورد ئاگه‌دار بكه‌نه‌وه.
توێژینه‌وه‌كه ئه‌وه‌یش له بیر ناكات كه هه‌ندێك كورد له‌سه‌ر مه‌زه‌وى شیعه‌ن، ئه‌وانیش فه‌یلییه‌كانن، به‌ڵام ده‌ڵێ ئه‌و بابه‌ته له‌لایه‌ن شیعه‌وه هه‌ڵقوزراوه‌ته‌وه و له‌ڕووى راگه‌یاندنه‌وه به‌كار هێنراوه.
شیعه‌ى ئۆپۆزسیۆن و شیعه‌ى ده‌سه‌ڵات
هه‌ندێك له بیرمه‌ندانى سه‌ربه‌خۆ به‌تایبه‌تى هه‌ندێك له‌وان شیعه‌ن، پێیان وایه شیعه كه‌ڵكى ده‌سه‌ڵاتى نییه و ته‌نیا له ئۆپۆزسیۆنبوون باشه، ئه‌مه‌یش بۆ نه‌ریتى عه‌لى كوڕى ئه‌بوتالیب ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له دژى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رده‌مى خۆى بووه، بۆیه به‌ره‌و عێراق هاتووه. یه‌كێك له‌و بیرمه‌ندانه عه‌لى وه‌ردییه. به واتایه‌ى كه شیعه له ده‌سه‌ڵات نه‌بێت یه‌كسانخواز ده‌بێت و باوه‌ڕى به‌وه هه‌یه نابێت ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز سته‌م بكات، به‌ڵام مه‌رج نییه خۆى كه ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست وابێ.
جیا له‌وه‌یش توێژه‌رانى مێژوویى ده‌ڵێن كاتێك له سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆنى عێراق لایه‌نه‌كانى شیعه دۆسایه‌تى كوردی‌یان كردووه، له روانگه‌یه‌كى ته‌واوى سیاسى بووه و له‌وه سه‌رچاوه‌ى نه‌گرتووه كه باوه‌ڕى ته‌واویان به دۆزى كورد هه‌بێت. یه‌كێك له هۆكاره‌كان ئه‌وه بووه زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان شیعه له ئێران بوون، ئێرانیش له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵ عێراق له شه‌ڕدا بوو، ئه‌مه‌یش وایكردبوو بایه‌خ به كورد بدرێت.
ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتى شیعه له عێراق له‌گه‌ڵ كورد
له ساڵى 2003 رژێمى به‌عس له عێراق رووخا و ده‌سه‌ڵاتێكى نوێ له عێراق دانرا، له‌وكاته‌وه‌وه ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له عێراق به‌گوێره‌ى بنه‌ماى "سازان" دابه‌ش كراوه، له‌وانه سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ كورد و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بۆ پێكهاته‌ى سوننه و سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تیش كه ده‌سه‌ڵاتى كرده‌نى عێراقه به ده‌ست پێكهاته‌ى شیعه‌یه.
له‌و ماوه‌یه‌دا شیعه چوار سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌بووه، ئیبراهیم جه‌عفه‌رى و نوورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى و عادل عه‌بدولمه‌هدى. وه‌ك ده‌ركه‌وتووه له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م چوار سه‌رۆكه هه‌میشه كێشه هه‌بووه و دروست كراوه، جیا له‌وه‌ى هیچ كێشه‌یه‌كى كۆنى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، كێشه‌ى تریشى بۆ زیاد كراوه و ته‌نانه‌ت هێزیشى له دژى به‌كار هاتووه وه‌ك ئه‌وه‌ى له 16ى ئۆكتۆبه‌ر بینرا.
ئه‌و كێشه كۆنانه‌ى تا ئێسته چاره‌سه‌ر نه‌كراون، وه‌ك كێشه‌ى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كانى ئه‌نفال و كیمیاباران و زیانه ئابوورییه‌كانى كوردستان. ته‌نانه‌ت كێشه‌ى تریش بۆ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان زیاد كراوه كه پێشتر به درێژایى مێژووى عێراق بوونى نه‌بووه، له‌وانه كێشه‌ى مووچه كه پێشتر هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى عێراق به‌مشێوه‌یه بۆ ماوه‌ى زیاتر له چوار ساڵ به‌هۆى ناكۆكى سیاسییه‌وه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستانى نه‌بڕیوه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كێشه‌كان زیاتر بێت
هه‌ندێك له چاودێرانى سیاسى باس له‌وه ده‌كه‌ن له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا كێشه‌ى نێوان كورد و شیعه زیادى كردووه، ته‌نانه‌ت پێشبینى ده‌كرێ ئه‌و كێشانه زیاتر بێت، هۆكارى سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه كورد پێڕه‌وى ئه‌جێنداى سیاسى ده‌سه‌ڵاتى شیعه ناكات له عێراق كه به ته‌واوى له‌ژێر كاریگه‌رى ئێراندایه.
له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ رۆژنامه‌ى
"شه‌رق ئه‌وسه‌ت" راپۆرتێكى بڵاو كرده‌وه و تێیدا پێشبینى كردووه كێشه‌ى كورد و شیعه زیاتر بێت، راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت به ناونیشانى "بوونى ئه‌مه‌ریكا كۆتایى به هاوپه‌یمانى مێژوویى كورد و شیعه ده‌هێنێ" بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه، كورد پاڵپشتى هێزه سیاسییه‌كانى شیعه ناكات و خۆى له ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌دوور ده‌گرێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات هاوپه‌یمانێتی نێوانیان كه له سه‌رده‌مى ئۆپۆزسیۆنه‌وه ده‌ستى پێ كردووه، كۆتایى پێ بێت.