په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیاره له كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌نگ به كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بدرێت، كوردیش بڕیاری داوه ده‌نگ به كابینه‌كه بدات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو دووی ئایار، محه‌مه‌د ئه‌مین فارس ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی بۆ ده‌نگدان ئاماده‌یه، ته‌نیا هه‌ندێك كێشه له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كان هه‌یه و كوردیش داوای كردووه كه د. فوئاد حوسێن له پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی بمێنێته‌وه، بۆیه هه‌موو كاره‌كان ته‌واو بوون و ته‌نیا ماوه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن تا دوو سێ رۆژی تر یه‌كلا ده‌بنه‌وه.
رۆژی چوارشه‌م یان پێنجشه‌م ده‌نگ به كابینه‌ی نوێ ده‌درێت
محه‌مه‌د ئه‌مین فارس ڕوونی كرده‌وه، كورد له‌و كابینه‌یه سێ وه‌زاره‌تی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وانیش وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و وه‌زاره‌تی داد ده‌بن.
فارس باسی له‌وه‌ش كرد، له پۆسته وه‌زارییه‌كانی كوردیش گۆڕانكاری ده‌كرێت، ته‌نیا داوامان كردووه كه فوئاد حوسێن بمێنێته‌وه و ئه‌وانه‌ی تر دێنه گۆڕین، رۆژی چوارشه‌م یان پێنجشه‌م ده‌نگ به كابینه‌ی نوێ ده‌درێت، چونكه دوایین واده بۆ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو، نۆی ئه‌م مانگه‌یه.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم