نەواف حەسەن: بەرپرسیاری یەكەمی تەقینەوەكەی عەفرین دەسەڵاتی ناوچەكەیە

:: PM:05:25:02/05/2020 ‌

سەركردەیەكی سیاسی رۆژئاوای كوردستان لەبارەی تەقینەوەی دوایی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان كە دەیان هاووڵاتی كردە قوربانی، گوتی، ئەوانە تەقینەوەكەیان ئەنجام دا تیرۆریستانن، بەڵام بەرپرسیارەتی یەكەم ئەوانەن كە لە ناوچەكە خۆیان بە دەسەڵات دەزانن و بەرپرسیارەتی پاراستنی خەڵكەكە ناگرنە ئەستۆ.
بارهەڵگرە بۆمبڕیژكراوەكە بە پارە و بەرتیل لە بازگە دەرباز بووە
28ی ئەم مانگە تانكەرێكی پڕ لە سووتەمەنی بۆمڕێژكراو لە ناوەڕاستی شاری عەفرین كە بەدەستی هێزەكانی توركیا و گرووپە توندڕۆكانی سەر بە توركیایە، بەو هۆیەوە نزیكەی 100 كەس لە نێوان كوژراو و بریندار بوونە قوربانی، زۆرینەی قوربانیان كەسی مەدەنی بوون لە پیاو و منداڵ و ژن، تەقینەوەكە لە بازاڕێك رووی دا.

نەواف حەسەن، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریا ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی تەقینەوەكان لە رۆژئاوا ئەنجام دەدەن، تیرۆریستانن، تیرۆریش رەنگ و ئەسڵی دیار نییە، ئەو تەقینەوە تیرۆریستییەی بەم دواییە لە عەفرین رووی دا كە دەیان هاووڵاتی كردە قوربانی، تا ئێستەیش كەس بەرپرسیارەتی خۆی رانەگەیاندووە.

زیاتر گوتی، چەند جارێك تەقینەوە دەكرا لایەنێك یان گرووپێك بەرپرسیارەتی دەخستە ئەستۆی خۆی، بەڵام وای دەبینین تۆمەتبار و بەرپرسیارە لەو تەقینەوە دەسەڵاتی ناوچەكەیە، چونكە كە تۆ دەبییە دەسەڵاتی ناوچەیەك، پاراستنی تەناهی ناوچەكە لە ئەستۆی تۆیە.

ئەو سەركردەی رۆژئاواییە دووپاتی كردەوە، تۆ دەبێت خاڵەكانی پشكنین توند بكەیت، كەچی وەك ئەوەی رووی دا بارەهەڵگرێكی لەو شێوە لە بازگە دەردەچێت و دەگاتە ناوەندی بازاڕێكی قەرەباڵغ و تەقینەوە دەكەیت، بێگومان ئەوانە بە پارە و بەرتیل دەرباز بوونە، بۆیە تەقینەوەكە بەڵگەیە بەوەی دەسەڵاتی ناوچەكە خاوەن دەسەڵات نیین و دەبوایە لێكۆڵینەوە لە هێزە تەناهییەكان بكرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل