فەرماندەی سەربازی داعش لە باشووری مووسڵ كوژرا

:: PM:12:09:18/10/2016 ‌

لەبەردەوامی هێرشەكان لە باشووری مووسڵەوە بەرەو شارەدێی حەمام عەلیل، هێزەكانی عێراق توانیان فەرماندەی سەربازی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە میحوەری باشووری مووسڵ بكوژن.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی هێزەكانی عێراق لە باشووری مووسڵەوە، ئەمڕۆ سێشەم هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق لە باشووری مووسڵ لەمیانەی پێشڕەوییەكانیان بۆ باكوری گەیارە و نزیكبوونەوە لە حەمام عەلیل، توانیویانە لە گوندی حود فەرماندەی سەربازی میحوەری باشووری مووسڵی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بكوژن.

لە راگەیەنراوەكە هاتووە، فەرماندەی سەربازی میحوەری باشووری مووسڵی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناسراو بە "عەبدولداود فەهد" كرایە ئامانجی هێزەكان لە ناوچە بەجوانەی باشووری مووسڵ لەگەڵ ژمارەیەك تیرۆریستی تری كوژران.

بەیانی ئەمڕۆش هێزەكانی عێراق لە رۆژئاوای گەیارەوە پێشڕەوییان بەرەو ناوچەی عەین جحێش كرد و توانیان 56 بیرە نەوت كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی جەنگی ڕزگاری مووسڵی ڕاگەیاند، دواتریش لە سەعات 5:30ی بەرەبەیان یەكەم پێشڕەوی لەمیانەی هەڵمەتی رزگاری مووسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە میحوەری خازر دەستی پێ كرد و لە سێ قۆڵەوە بەرەو گوندەكانی دەوروبەری حەمدانییە و بەرتلە پێشڕەوییان كرد، تا ئێوارە توانیان نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە و ڕووبەری 200 كیلۆمەتر دووجاش داعش دووربخەنەوە، هاوكات لە میحوەری گەیارە و گوێڕ-مەخموور و میحوەری بەعشیقە و بەنداوی مووسڵ و ئاسكی مووسڵ جموجۆڵ هەبوون و تیرۆریستان گورزی كوشندەیان پێ كەوت.

  • مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری عێراق رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی كە ژمارەیان 60 هەزار چەكدار دەبوو، كەوتە دەست تیرۆریستان و دوای دوو ساڵ و چوار مانگ و حەوت ڕۆژ هێرش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق و دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و چەكدارانی حەشدی نیشتمانی دەستی پێ كرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د