هەڵگرتنی پارێزبەندی.. شکۆی دامەزراوەکان و سەروەریی یاسا

:: PM:06:25:05/05/2020 ‌

پارێزبەندیی پەرلەمانی، ئەو مافەیە کە هەموو ئەندامێکی پەرلەمانی هەر وڵاتێک پێی دەدرێ، بۆ ئەوەی ئازادانە کارەکانی بکات، بەڵام ئەم پارێزبەندییە ئەوەندەیش تۆکمە نییە، ڕێگە بە پەلەمانتارەکە بدات، لە کاتی تاوان یان تۆمەتبەخشینەوە، ڕێگەی یاسایی لەگەڵدا نەگیرێتە بەر.

پارێزبەندی چییە؟
بریتییە لە جۆرە پارێزگارییەکی یاسایی کە بە دەستوور دەدرێتە ئەندامانی پەرلەمان، ئەمەیش وەک جۆرێک لە پارێزگاریی سیاسی و یاسایی وایە، تاوەکو ئەندامانی پەرلەمان ئەرکە دەستوورییەکانیان لەناو دەسەڵاتی تەشریعی بەبێ هیچ پەستانێکی ئەملاولا جێبەجێ بکەن. ده‌ستوور به‌پێی ئه‌و پارێزبه‌ندییه‌، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ دوو دۆخدا ده‌پارێزێت:

یه‌كه‌م: له‌ ئه‌نجامی هه‌ر بۆچوونێك كه‌ له‌ناو په‌رله‌مان و لیژنه‌كانیدا ده‌ری ده‌بڕن، هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كیان نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر. 
دووه‌م: نابێ هیچ ڕێكارێكی تۆمه‌تباركردنیان به‌ تاوان بکەوێتە سه‌ر، به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له‌ په‌رله‌مان. 


ئەم پارێزبەندییە بۆچی؟
چەمکی پارێزبەندی و دواتر جێکردنەوەی لە دەستووردا وەک مافێکی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان،  بۆ یەکەمجار لە وڵاتی بریتانیا لە سەدەی چواردە هاتە کایەوە، پاشان بە شێوەیەکی داڕێژراوتر لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی فڕەنسا ساڵی 1789 لەو وڵاتەیش پەسەند کرا. پارێزبەندیی پەرلەمانتاران بۆ ئەوە بوو لە هەر پەستانێک دەربهێندرێن کە لە کاتی جێبەجێکردنی کارەکانیان دەکرێتە سەریان و پەستانەکانیش یان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوەیە یان کەسانی خاوەن پێگەی گەورە و بەرژەوەندیی ئابوورییەوە.

ئەندامێکی پەرلەمان، بەهۆی ئەو پارێزبەندییەی هەیەتی، بەتەواوی لە هەر لێپێچینەوەیەکی دادگە و پۆلیس دەپارێزرێ و هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئازادییەکانیدا نابێ، ئامانجیش لەم پاراستنەی بۆ ئەوەیە، بەبێ ترس کارەکانی بکات و لەوپەڕی ئازادیدا بێت، چونکە پەستانەکان کاریگەری لەسەر دروست دەکەن.

پارێزبەندی تا ئەو سنوورەیە کە پێشێلی یاسا نەکرابێت

"کەس لە سەروو یاساوە نییە"
بنەمایەکی سەرەکیی یاسایی کە هەموو وڵاتان دەبێ بڕوایان پێی بێت ئەوەیە "کەس لە سەروو یاساوە نییە" کە بنچینەی دەوڵەت و مافی هاووڵاتیبوونە. ئەم بنەمایە، لە سەروو هەموو پارێزبەندییەکیشەوەیە، بۆیە کاتێک پەرلەمانتارێک یاسا پێشێل دەکات، دەبێ پارێزبەندییەکەی سەری هەڵبگیرێ و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، ئەگینا ئەو بنەمایە کە کەس لە سەروو یاساوە نییە، جێبەجێ نابێت. بەم شێوەیەش، تایبەتمەندیی پەرلەمانتار بەهۆی پارێزبەندییەوە، سنووردار دەبێ، تا ئەو کاتەیە کە یاسا پێشێل ناکات. بۆ نموونە کەسێک کە پارێزبەندیی هەیە، تاوانێک دەکات، کەسێک دەکوژێ، دزی دەکات، لەبەر مافی گشتی، هەموو ڕێکارە یاسایییەکان لەسەر ئەویش جێبەجێ دەبێ.

هەندێک جیاوازی لەنێوان ئەو بنەمایانە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانتار لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر هەیە، بەڵام لە کرۆکدا هەموویان لەسەر خاڵە سەرەکییەکە کۆکن ئەویش ئەوەیە، هەرکات پەرلەمانتارێک یاسای شکاند، پارێزبەندییەکەی لەسەرییەتی دەبێ هەڵبگیرێ، چونکە جێبەجێبوونی دادپەروەری بناغەی سەرەکیی مافی هەموو تاکەکانە بەسەر ئەو نیشتمانەی تێیدان.

لە وڵاتێکی وەک فڕەنسا، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی یان ئەنجوومەنی پیران، ناخرێتە ژێر هیچ ڕێکارێکی یاسایییەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، تا پێشتر ڕەزامەندیی ئەنجوومەنەکەی وەرنەگیرابێت. دوای ئەوەی دادگە داوایەک بۆ ئەنجوومەن بەرز دەکاتەوە، ئەوان لێکۆڵینەوە لە داواکەدا دەکەن، تا بزانن هۆکاری داواکە تەنیا لەبەر گوتەیەک یان کردارێکی پەرلەمانتارەکەیە یان پەستانێکی دەرەکی لەگەڵە، پاشان لە کرۆکی بابەتەکە دەکۆڵنەوە بزانن ئایا یاساشکێنیی تێدایە، ئەو کاتە پارێزبەندییەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و ڕێکاری یاسایی لەگەڵدا بەکار دێت.

لە وڵاتی بەلجیکا، کاتێک داوا لە پەرلەمانتارێک دەکرێ بۆ لێپێچینەوە لەسەر یاساشکێنییەکی بچێتە پەرلەمان، دوای ئەوەی دەرکەوت هەموو بنەماکان یاسایین و پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا، سەرۆکی پەرلەمانیش لەگەڵی دەچێتە دادگەوە.

لە هەندێک وڵاتی تر، پارێزبەندیی پەرلەمانتار بە دانیشتنی پەرلەمان دەبێت و بە دەنگی دوو لە سێی ئەندامانی پەرلەمانەکە پارێزبەندیی لەسەر هەڵدەگیرێ.


پارێزبەندیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
مادەی 24 لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە پارێزبەندیی پەرلەمانی، بەم شێوەیە باس کراوە:

یەکەم: ئەندام، لە ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایییەوە پارێزبەندیی پەرلەمانی دەبێت و ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بکات.

دووەم: ئەندام، ئازادیی ئاخاوتن و ڕادەربڕینی تەواوی لەکاتی ئەنجامدانی کاری پەرلەمانیدا هەیە، بەشیوەیەک ڕەچاوی ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان بکات.

سێیەم: نابێت ئەندام ڕەوەدوو (ملاحقە) بنرێت یان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان ماڵ و نووسینگەکەی پشکنینی بۆ بکرێت یان دەستگیر بکرێت بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت کە تاوانێنی بینراوی ئەنجام دابێت.

چوارەم: بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمانە و لە دەرەوەی وەرزەکانی یاسادانیش، دەستەی سەرۆکایەتی، بڕیار لەسەر هەڵگرتنی دەدات.

پێنجەم: بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی، تەنیا بۆ ئەو کردە تاوانییەیە کە لە داواکەی دادوەری هاتووە، لەسەر کردەکانی تری ئەندام جێبەجێ نابێت.

شەشەم: ئەگەر ئەندام تاوانێکی لە جۆری جینایەت لەناو حەرەمی پەرلەمان ئەنجام دا، لەسەر سەرۆک پێویستە کە فەرمان بکات بە دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی لە شوێنێکی دیاریکرا، پاشان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی بکات، بەڵام ئەگەر تاوانەکە لە جۆرین کەتن (جنح) بوو، سەرۆک دەتوانێ دەسەڵاتی دادوەری ئاگەدار بکاتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرانبەری.

حەوتەم: ئەو ئەندامەی پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیراوە و ڕانەگیراوە (توقیف)، لە یەکێک لە گرتووخانەکان دەتوانێ بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوەی لیژنەکان بکات و بەشداریش بێت لە گفتوگۆکردن و دەنگدان.

هەشتەم: ئەگەر پەرلەمان داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی ڕەتکردەوە، بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی نوێ لەسەر هەمان بابەت، داواکاریی نوێ پێشکەش ناکرێتەوە.


تێگەیشتن لە یاساکەی پەرلەمانی کوردستان
بەپێی ئەو مادەیەی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێک، تەنیا پێویستی بە دەنگی زۆرینەی (50+1)ی ئەندامانی پەرلەمانە، دوای ئەوەی بەڵگەی یاسایی لە دادگەوە دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەروەها هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەش تەنیا لەسەر ئەو خاڵەیە کە دادگە داوای کردووە پەرلەمانتارەکە بخاتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.


سۆران عومەر
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی، لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی کۆمەڵێک تۆمەتی خستە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکی دەسەڵاتەکە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەو هۆیەوە داواکاری گشتی داوایان بەرز کردەوە تا ئەو پەرلەمانتارە پارێزبەندیی پەرلەمانی لێ وەربگیرێ و بخرێتە بەردەم دادگە، بۆ ئەوەی لەڕێی یاساوە یان تۆمەتەکانی بە بەڵگەی یاسایی بسەلمێنێ یان لێپێچینەوەی یاساییی پێویستی لەگەڵدا دەگیرێتە بەر. بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بنرێت، پیویستە پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێەوە و بە دەنگی زۆرینە، پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگرن.

ئەو پەرلەمانتارە کە ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامییە، تۆمەتبارە بەوەی لە ڕابردوودا دەستی لەگەڵ تیرۆر هەبووە و بەهۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ مەلا کرێکار کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمەتبارە بە تیرۆر، هەروەها پێوەندیی لەگەل ئەبوو موسعەب زەرقاوی کە گەورە تیرۆریستێک بوو کوژرا، لەگەڵ چەندان هۆی تر، داواکاری گشتی دەیانەوێ بیخەنە بەردەم دادگەوە. ئەگەر ئەم تۆمەتی تیرۆرە بەسەر سۆران عومەردا لەلایەن دادگەی کوردستانەوە بسەلمێ، ئەوا مافی ئەندامێتیی پەرلەمانیشی لێ دەستێندرێتەوە و دەگیرێ.



وشە - كوردۆ شابان